پاش5 ساڵ لە كاركردن، جایكای ژاپۆنی كۆتایی بە پڕۆژەی پەرەپێدانی تەكنەلۆجیای باخداری و رێنمایی كشتوكاڵ هێنا
August 1, 2016
راپۆرتەکان
بە ئامادەبوونی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەمڕۆ لە هۆتێل نۆبل رێوڕەسمی كۆتایی هاتنی پڕۆژەی رێكخراوی جایكای ژاپۆنی تایبەت بە( پەرەپێدانی تەكنەلۆجیای باخداری و رێنمایی كشتوكاڵ) لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەكەدا كە ئەندامانی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی كوردستان و مستەر ساكامۆتۆ نوێنەی سەرەكیی ئاژانسی جایكا لە هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرو شارەزاو پسپۆڕان لە نووسینگەی جایكا لە وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و ژمارەیەكی زۆری كارمەندو پسپۆڕانی كشتوكاڵ ئامادەی بوون، سەرەتا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەیڤێكدا رۆشنایی خستە سەر ئەم پڕۆژەیەو سوپاسی جایكای كرد كە لەم ماوەیەدا بە هەماهەنگیی وەزارەت توانی خزمەتێكی بەرچاو لە بواری توێژینەوەو رێنمایی كشتوكاڵی بە كەرتی كشتوكاڵی كوردستان بكات، ئاماژەشی بە هەنگاوەكانی وەزارەت كرد لە رووی هەوڵ و كۆشش بە مەبەستی گەیشتن بە تێراخۆو خوددابینكاریی لە خۆراك و ئاو، لە بواری پێشكەوتنی ئەم كەرتەش ستایشی رۆڵی كارمەندان و جووتیارانی كردو روونیشی كردەوە كە هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەكە چاویان بەم پێشكەوتنە هەڵنایەت، بۆیە جەختی كردەوە كە بەیەكەوە پەرە بە پرۆسەی كشتوكاڵ بدەن تا ببێتە سێكتەری یەكەم لە پاڵ سێكتەرەكانی نەوت و گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی لەپێناو بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی كوردستان، داواشی لە بازرگان و بزنسمان و كۆمپانیاكان كرد وەبەرهێنان بكەن بە دامەزراندنی كارگە لەپێناو سوودگەیاندن بە پرۆسەكەو دابینكردنی هەلی كارو پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی، دواتر عەباس غەزالی ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی كوردستان لە وتەیەكی كورتدا دەستخۆش لە وەزارەت و جایكا كرد بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و هەماهەنگی و پاڵپشتیی پەرلەمانیش بۆ هەنگاوەكانی بووژاندنەوەی كشتوكاڵ دووپاتكردەوە، ئینجا چەند بابەتێك دەربارەی پڕۆژەكەو پلانی داهاتوو بە داتاشۆ لەلایەن ئاسۆس محەمەد بەڕێوەبەری توێژینەوە و خەسرەو مەمەند بەڕێوەبەری رێنمایی كشتوكاڵی و تاریق تاهیر بەڕێوەبەری پلان و دكتۆر وەند خالس لە كۆلیژی پەرەوەردەی زانكۆی سەلاحەدین و عەشقی حوسێن هەماهەنگكاری پڕۆژەكە پێشكەشكران، دكتۆر ئازوزا فێجی شارەزا لە زانستی مێرووە زیانبەخشەكان لێكۆڵینەوەیەكی پێشكەشكرد تایبەت بە زیادبوون و چۆنێتیی لەناوبردنی مێرووەكان بە تایبەتیش لەناو میوەی ناوكە بەردینەكان، عەباس قەرەنی بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوەو رێنمایی كشتوكاڵ لە وتەیەكدا سوپاسی جایكای كردو هیوای خواست كە لە داهاتووشدا بتوانێت هەر هەماهەنگ و هاوكار بێت لەگەڵ وەزارەت بۆ خزمەتكردنیی جووتیاران و باشكردن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی، وتەی جایكاش لەلایەن ساكامۆتۆ نوێنەی سەرەكیی ئاژانسی جایكا لە هەرێمی كوردستان خوێنرایەوە كە ئەنجامی كۆتایی پڕۆژەی ناوبراوی بە تێروتەسەلی خستەڕوو، دواتر لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو خەڵات بەسەر بەڕێوەبەرانی توێژینەوەی كشتوكاڵی پارێزگاكانی كوردستان دابەشكرا، شایانی باسە رێكخراوی جایكای ژاپۆنی دوای (5) ساڵ كۆتاییان بە پڕۆژەی پەرەپێدانی تەكنەلۆجیای باخداری و رێنمایی كشتوكاڵ هێنا.