خورشید ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان بۆ (گوڵان):ئەركی پەرلەمانتارە پەیامی هەڵە بەهاووڵاتیان نەدات و دوور لەگوتاری سیاسی هەڵسەنگاندنی پڕۆژە یاسای بودجە بكات
February 7, 2013
راپۆرتەکان
سەبارەت بەدواكەوتنی پەسەندكردنی پرۆژەكەو شوێنەوارەكانی لەسەر هاووڵاتیان جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان وتی: دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە زیان بەحكومەت و هاووڵاتیان دەگەیەنێت، لە بودجەی بەشی بەگەڕخستن بەشێوەیەكی راستەوخۆ 1 ملیۆن و 341 هەزار كەس مووچە وەردەگرن لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و فەرمانبەرانی گرێبەست و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و تۆڕی كۆمەڵایەتی و دەرماڵەی قوتابیان و مووچەی وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان و . بەمەش نزیكەی 7 ترلیۆن دینار مووچەی مانگانە لەماوەی ساڵێكدا دەدرێت، واتا مانگانە 600 ملیار دینار دەچێتە دەست خەڵك و لەبازاڕ خەرج دەكرێت، كە بەشێكە لەدروستكردنی هەلی كارو باشتركردنی بوژانەوەی باروگوزەرانی خەڵكی، ئەمە جگە لە بودجەی وەبەرهێنان كە 2500 پڕۆژەی بەردەوام هەیەو نزیكەی 600 پڕۆژەی پێشنیاركراویش هەیە، بەمشێوەیە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان تەنانەت ئەگەر فەرمانبەریش نەبن لەكارو پرۆژە سوودمەند دەبن، چ لە ڕێگای مووچەوە بێت یا لەجووڵانەوەی بازاڕو ئەو هێمنی و ئاسایشەوە بێت كە كوردستان لەناوچەكانی دەوروبەرمان جیادەكاتەوە. ساڵانە گلەیی ئەوەمان دەكرد جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و رێژەی ئەنجامدانی دوادەكەوێت كە دەرئەنجام كاریگەری لەسەر ئەدای حكومەت هەیە، ئومێدەوارم لەكۆتایی ئەم هەفتەیە بودجەكە پەسەند بكرێت و دەستی حكومەت واڵا بكەین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان، ساڵی رابردوو بەهۆی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەوە رێژەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان 50% بوو، ئەمساڵ لەئاكامی خێرا پەسەندكردنی بودجە پێشبینی دەكرێت ئەو رێژەیە بەرز بێتەوە ئەمەش لەبەرژەوەندی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری كوردستانەو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشترو زیاتری خەڵكی یە.
سەبارەت بەوەی گلەیی ئەوە هەیە كە هەندێك سێكتەر و وەزارەتەكان پارەی زیاتریان بۆ تەرخانكراوە خورشید ئەحمەد پەرلەمانتار وتی : بوونی سنوورێكی فراوان و كراوە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و ناسەقامگیری لەناوچەكەدا پێویستە بەهەند وەربگیرێت، هەربۆیە كاتێك حكومەت لەسیاسەتی خۆیدا زیاتر گرنگی بەلایەنی پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەكە وەرگرتووە لەو روانگەیەوە هاتووە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و خێزانەكان پێویستە لەئەولەویاتی پرۆژەكەدا بێت، دواتر بەشێوەیەكی ریزبەندی گرنگی بەبوارەكانی پەروەردەو خوێندن و تەندروستی و كارەبا دراوە، ئەبێت ئەوەش بزانین كە بودجە لەماوەی ساڵێكدا بەشی ئەوە ناكات گرنگی بەهەموو سێكتەرەكان بدرێت، لەلایەكی دیكەوە 50 ملیار دینار وەكو بودجەیەكی تایبەت بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم تەرخانكراوە چونكە حكومەتی عێراق بەئەنقەست فەرامۆشی كردوون . تەنیا بەبەراوردكارییەكانی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێت چیاوازییەكە چەند زیاترە.
بوونی شەفافییەت لەداهاتی حكومەتی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەكەدا خاڵێكی تری گرنگە لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان وتی : زۆر بەهەڵە ئەم مەسەلەیە لەزۆر لە راگەیاندنەكانەوە باس دەكرێت گوایە بۆچی داهاتی ناوخۆی هەرێم تەنیا 600 ملیار دینارە، لەراستیدا داهاتی ناوخۆ نزیكەی 2 ترلیۆن و نیوە، بۆیە دیار نییە چونكە بەشێكی دەچێتەوە بەغدا ئەوەتا 270 ملیار دینار لەم ساڵدا دراوەتەوە بەغدا، لەووردەكارییەكاندا هەموو داهاتەكان دیارە، بەڵام لەپارەی داهات پێویستە حكومەت ئەو پارەی داهاتەی كە بۆ وەزارەتەكانی دەگەڕێنێتەوە هەمووی بەیەكەوە رابگەیەنێت واتا خەمڵاندنی بودجەی داهاتەكە نزیك بێت لە بڕی راستەقینەكەی، لەلایەكی ترەوە حكومەتی عێراق كاتێك داهاتەكە زیاد بكات راستەوخۆ بودجەی سیادی و حاكیمە زیاد دەكات و لەبودجەی هەرێم كەم دەبێتەوە و بەشی هەرێمیش نە لەم دوو خەرجیەی سیادی و حاكیمە دەدات نە لەبەرزبوونەوەی بەهای پێترۆڵ، بە گشتی حكومەتی عێراق فێڵ لەبەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەكات.