هەرێمی كوردستان خاوەنی بزنس و ژینگەیەكی لەبارە بەڵام خاوەنی سیاسەت و ئەزموونێكی دەوڵەمەند نییە

هەرێمی كوردستان خاوەنی بزنس و ژینگەیەكی لەبارە بەڵام خاوەنی سیاسەت و ئەزموونێكی دەوڵەمەند نییە
-دارا جەلیل خەیات بۆ گوڵان : كار لەسەر هەمواركردنەوەی زۆر یاساو رێنمایی نەكراوە كە لەگەڵ واقیعی ئابووری و بازاڕ ناگونجێن

-ئەحمەد رێكانی بۆ گوڵان: وەكو كوالێتی وەبەرهێنان رووی لەسستی و راوەستان كردووە

-دكتۆر سەرۆ ئیسماعیل دزەیی بۆ گوڵان: چارەسەرنەكردنی كێشەكانی بەڵێندەران كاریگەری سلبی لەسەر حكومەت و ئابووری دەبێت


بیزنسكارو سەرمایەداری كورد پێیان وایە گەرچی هەرێمی كوردستان خاوەنی یاسای وەبەرهێنان و ژینگەیەكی لەبارە بۆ بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنان و گەیشتن بەرەو قۆناغی (ئابووری بازاڕ)؛ بەڵام مامەڵەكردنی حكومەت لەگەڵ بزنس و بازرگان و پیشەسازیكاران مامەڵەیەكی راست و تەندروست نییەو لەم دووساڵەدا بەپێی پێویست یاساو رێنماییەكان لەبەرژەوەندی بزنس هەموار نەكراوەو ئاستی پاڵپشتی و هاوكارییەكانیش بەپێی پێویست نەبووە، بەرادەیەك ئابووری هەرێمی كوردستانی رووبەرووی چەندین كەموكوڕی بینراوو نەبینراو بووەوە، بوونی ئەو ناڕەزایەتی و گلەییەی كە لەلایەن هاوڵاتیان و نوێنەرانی توێژەكانی وەبەرهێنەران و بەڵیندەران و بازرگان و پیشەسازیكاران هەیە راستی ئەو كەلێن و كەموكوڕیانە دەردەخەن كە وایانكردووە لەم ماوەیەدا شوێنەواری سلبی لەسەر ئابووری و بازاڕی بیزنس لێبكەوێتەوە.
، بزنسكارو سەرمایەدار رۆڵی سەرەكی و سەركردەیان نییە لەبازاڕ و ئابوورییەكدا كە ئیدعای لیبرالیەت و كەرتی تایبەتی بۆ دەكرێت بگرە لەزۆر بواردا كەوتونەتە ناو گێژاوی بازنەیەكی بەتاڵی بێ چارەسەرییەوە، ئابووریناس و بزنسكار مافی سروشتی خۆیانە لە رەشبینیەكان دوورنەكەونەوە و بەبەردەوام خۆیان بپارێزن لەئەگەرە ناخۆش و پڕ لەمەترسیەكانی داهاتوودا، لەبەرامبەردا ئەوە ئەركی سیاسەتمەدارو بڕیار بەدەستانی ئابووری هەرێمە ئەو ترس و دڵەراوكێ و كــــەمــوكـوڕیانە بــــــڕەوێــنـــنەوە، بـــەتــــایــبــەتی لـــەواقــــیعێكــدا كە ئێــــستا تێی كەوتووین و لەبری ئەوەی بگەینە ئابووری بازاڕ دیمەنێكی تر هاتۆتە پێش و لەدیمەنە راستەقینەكە دووركەوتوینەتەوەو بەرەو ئابوورییەكی شەخسی و كرچ و كاڵ رووچوینەتە خوارێ، بوونی دەیان ملیار دۆلار لەم هەرێمەدا كەبە 250 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت سەرمایەیەكی گەورەیە گەر بەباشی ئیستسمار بكرایە ئەوا كاریگەری لەسەر باشبوونی بارودۆخی كەرتی تایبەت دەبوو، ئەم بڕە پارەیەش ئاساییە بوونی هەبێت لە هەرێمێكدا كەتەنیا لەساڵی 2009 بۆ2010 بڕی 14- 15 ملیار دۆلار وەبەرهێنان هەبووە، ئێستاكەش خاوەنی زیاتر لە 10 هەزار كۆمپانیای ناوخۆو بیانین و لەم ژمارەیەش 2000 كۆمپانیای بیانین كە لە 20%ی كۆمپانیای توركین، ئەمە جگە لەبوونی 1500 كارگە كە بەشی زۆریان كارگەی كەرتی تایبەتن، بەرادەیەك تەنیا لەساڵی رابردوو 299 كارگەی خۆراكی و كەرەستەی بیناسازی و كانزا بەسەرمایەی 159 ملیار دینار مۆڵەتیان وەرگرتووە، هاوكات تەنیا لەژوورە بازرگانی و پیشەسازیەكانی كوردستان 110 هەزار ئەندام هەیەو لەناو بەڵێندەرانیش 3000 ی تر هەیە، ئەمەش زۆری و فراوانی بازرگان و پیشەسازیكارو بەڵێندەرو سەرمایەداری كوردستانی دەردەخات ئەمە جگە لە ئەندامەكانی تری وەبەرهێنان و توێژو چینەكانی تری بزنسكاران و بوونی كونسوڵخانەو نووسینگەی 16 وڵات لەپایتەختی كوردستاندا، لەگەڵ بوونی ئەم ژینگەو ژمارە زۆرەی ئەهلی كارو تارادەیەك باشبوونی داهاتی تاكەكەسی و هاتنی بەلێشاوی گەشتیاران و دەرهێنانی پێترۆڵ و غازی سروشتی و زیادبوونی ماوەكانی پێدانی كارەباو ئەنجامدانی دەیان پرۆژەی ئاوو ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری، كەچی ئەگەری كەوتنەوەی بێبازاڕی هەیە بەتایبەتی لەدوای ئەم دوو ساڵەی كە بەقسەی بزنسكاران راوەستان و سستیەك لەرووی كوالێتیەوە لە جموجوڵی وەبەرهێنەران و بزنسكاران هەبووە، كە بەئاشكرا لەهەولێر دركی پێ دەكرێت، بەرادەیەك واقیعەكە وایكردووە زۆربەی وەبــــــەرهێــــنــەران روو لــــە بواری نیشتەجێبوون بكەن، ئەمە لەكاتێكدا وا پێویست بوو وەبەرهێنەران ئاراستەی پرۆژەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و ئاودێری و گەشتوگوزاری بكرایە، لەلایەكی ترەوە كەوتنەوەی گەندەڵی و قۆرخكاری و كەموكوڕی لە پرۆژەكانی وەبەرهێنەران وای لە سەرۆكایەتی هەرێم كرد بۆ ماوەی زیاتر لە 14 مانگ مۆڵەتی وەبەرهێنان لەكوردستان راگرێت، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو پرۆژە چاكسازییەی كە رایگەیاندو تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە، بارودۆخی كەرتی بازرگانیش لە وەبەرهێنان باشتر نییە ئەوەتا بازاڕەكانی كوردستان نغرۆی كەرەستەو كەلوپەلی ساختەو خراپ و كوالێتی نزمبووە، گەرچی ئاستی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی توركیاو ئێران گەیشتۆتە 20 ملیار دۆلار، بەڵام تا ئێستا تەرازووی بازرگانی ( نێردراوو هێنراو ) هاوسەنگ نییە، لە بازاڕەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش دا دیاردەی هەڵاوسانی نرخ دەركەوتووە.
گەشەی ئابووری بەپێی پێویست نییە
دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان هەمان بۆچوونی هەیە بەوەی لەبەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی بزنس و سەرمایەو توێژی بازرگان و وەبەرهێنەر چالاكیەكی ئەوتۆ نابینرێت بگرە لەم 2 ساڵەی دوایی دا سستبوون و لاوازیەك لەگەشەی ئابووری دەبینرێت لەمبارەیەوە وتی :( لەهەرێمی كوردستان گەرچی بەرواڵەتی كاروباری بازرگانی بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی بازرگان و بزنسمان و وەبەرهێنان یا بەگوێرەی ئەو هەموو كۆمپانیا مۆڵەتدارەی كە بوونیان لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئاستی بازرگانی دەرەكی و ناوخۆیی بەو شێوەیە نابینرێت كە ئومێد دەكرێت، ئەمەش بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە لەوانە كەموكوڕی بواری ئیداری و نەبوونی دامەزراوەیی بەهێزو كارا كە بتوانێت بەهاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو مامەڵە بازرگانی و ئیداری و یاساییەكان راپەڕێنێت).
یاساو رێنماییە كۆنەكان
سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەكانی كوردستان هۆكاری ئەو سستی و لاوازییەی جموجۆڵی بازاڕ و ئابووری بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە گرفتی ئێستای ئابووری و بازرگانی ئەو یاساو رێنماییانەیە كە پێشتر لەسەر بنەمای ئەوە دانرابوو كە عێراق وڵاتێكی سۆشیالیستیە، ئێستا كاتێك دەوڵەت لەسەر بنەمای ئابووری بازاڕ پاشاكشەی لەزۆر بوار كردووە و رۆڵی مەركەزیەت و پەڕێوەبردنی ئابووری كەم بۆتەوە رۆڵ زیاتر دراوەتە كەرتی تایبەت هەر بۆیە زۆر پێویستە ئەو یاساو رێنماییە كۆنانە بگۆڕدرێن كە لەگەڵ بنەماكانی ئابووری بازاڕ و پێشخستنی كەرتی تایبەت ناگونجێن. جێی داخیشە لە دوو ساڵی رابردوو دا زۆر داوای گۆڕینی زۆر لەو یاسا و رێنماییانەمان كرد بەڵام نەگۆڕدرا . لەوانە یاسای باجەكان و كارو بیمەی كۆمەڵایەتی كە دوو ساڵە لەئەنجومەن و پەرلەمان كەوتووەو كاری بۆ نەكراوە، جێی داخە پەرلەمان و حكومەت بەجیدی كار لەسەر هەمواركردنەوەی زۆر یاساو رێنمایی ناكەن كە ئێستا لەگەڵ واقیعی ئابووری و بازاڕ ناگونجێن.
سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەكانی هەرێمی كوردستان باسی لەو سستی و بێبازاڕیە كرد كە ئێستاكە بەئاشكرا لە بازاڕەكانی كوردستان هەستی پێوەدەكرێت، چونكە بازرگان و بزنسكارو سەرمایەدارمان زۆرەو خەڵكێكی زۆریش مووچە لەحكومەت وەردەگرن و هەرێمی كوردستانیش ئارامە بەڵام جموجوڵی بازاڕ بەپێی ئەو پێوەرانە بێت هێشتا كەمێك سست و لاوازە، بەتایبەتی لەشاری هەولێر كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری لەو چین و توێژانەو بگرە بازرگانانی عەرەب و وڵاتانی دەوروبەر روویان تێكردووە كەچی لەم چەند ساڵەی دوایی دا ژمارەیەكی كەمی پرۆژەكان ئەنجامدرا .
2 ساڵ چاوەڕوانی
بۆ تەرخانكردنی زەویی كارگەیەك
سەبارەت بەروونەكردنی بزنسكاران و وەبەرهێنەرەكان بۆ بواری پیشەسازی سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەكانی كوردستان وتی : رۆتین و بیرۆكراتیەت و نەبوونی شەفافیەت لەكار وایانكردووە سەرمایەدار رووبكەنە ئەو بوارانەی قازانجی خێراو مسۆگەری تێدایە، هاوكات تەرخانكردنی زەویش قورسە ئەنداممان هەیە 2 ساڵە لەهەوڵی تەرخانكردنی زەوییەكدایە بۆ دامەزرانی كارگەیەك، تەنانەت بەدەستهێنانی كرێكاری كارامەو بەهرەدار قورسەو نرخی كرێكاریش بەرزەو تێچوونی بەرهەمەكان بەرز رادەوەستێت. نەبوونی پیشەسازی و سستی ئەمبوارە بەرادەیەكە زۆر لەكارگە بچوكەكان دووچاری داخستن بوونەوەو ئەم حاڵەتە بەئاشكرا دیارە كاتێك سەردانی ناوچە پیشەسازیەكان دەكەیت ئەم حاڵەتە بە ئاشكرا دیارە، ئەمەش بۆ هێنانی بەلێشاوی كاڵاو كەرەستەی خراپی وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێتەوە كە لەئەنجامی نەبوونی سیاسەتێكی روون و ئاشكرا بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی كەوتۆتەوە، جێی داخیشە كەس ئاوڕێكی لەم كێشەیە نەداوەتەوەو لەكەرتی پیشەسازی هیچ هاوكاریەك نەبووەو زۆرجار پیشەسازیكاران گلەیی و رەخنە لە ئێمەش دەگرن بەوەی هەوڵەكانمان لەلایەن حكومەتەوە گوێی لێناگیرێت. پێش 2 ساڵ لەمەوبەر ئاستی گەشەی وەبەرهێنان و پیشەسازی و بازرگانی باشتر بوو لە ئێستا كە سستی و لاوازی تێكەوتووە، تۆ سەیری ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو گەشەسەندوو بكە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی قەرزی گەورە دەدرێت ئێمە بانكەكانمان لەئاست ئەو گەشەسەندوو پێشكەوتنەدا نین كە جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، ئێمە زۆربەی بیزنسمانەكانمان بچووكن پێویستیان بەهاوكاری و پاڵپشتیكردن هەیە .
ئێمە داوا دەكەین لیژنەیەكی باڵا لە حكومەتی هەرێم دابمەزرێت و چارەسەری كێشەی بزنسكارەكان بكات، چونكە لەهەموو پارێزگاكان لەبواری پیشەسازی كێشەی گەورە هەیەو پێویستیان بەسیستەمێكی روون و ئاشكرا هەیە .
گەشەی ئابووری رووی لەراوەستان كردووە
سەبارەت بەو سستبوون و لاوازیەی كە رووبەرووی كەرتی بازرگانی و ئابووری بۆتەوە ئەحمەد رێكانی سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان وتی: ئەو گەشەو بەرەوپێشچوونەی كە پێش دووساڵ لەمەوبەر هەرێمی كوردستان لەبواری وەبەرهێنان بەخۆیەوە بینی ئێستاكە رووی لە لاوازی و سستی كردۆتەوەو تووشی راوەستان بووە، ئەمەش بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە كە پشتگوێخستنی چارەسەرەكان رووبەرووی واقیعێكی تاڵترمان دەكاتەوە . كاتێك لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای وەبەرهێنان پەیڕەودەكرا بۆ ئەو كات بوونی ئەم یاسایە خۆی لەخۆیدا هاندەرێكی باشی دەركەوتن و ئاراستەكردنی وەبەرهێنان بوو بەڵام دوای ماوەیەك یاساكەو رێنماییەكان پێویستی بە هەمواركردن و گۆڕانكاری بوو ئەمە جگە لەوەی فەرامۆشكردنی ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی دەهاتە بەردەم وەبەرهێنەرەكان لەم دوو ساڵەدا كار نەكرا بۆ لابردن و كەمكردنەوەی سلبیاتەكانی، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ كەمبوونەوەی هاندان و پاڵپشتیكردنی وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانیەكان بەپێچەوانەوە لەبەرامبەر نەمانی ئاسانكاری كێشەو گرفت دروستبوو . رەنگە ئەم سستبوون و لاوازیەی وەبەرهێنان وەكو قەبارە یاخود ژمارە كەمی نەكردبێت بەڵام وەكو كوالێتی وەبەرهێنان رووی لەسستی و راوەستان كردووە، بۆ نموونە لەپێش ئەو دوو ساڵە بەبەهای 14-15 ملیار وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان هەبووە، كە واپێویست دەكرا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە دەبووایە ئێستا ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دوو هێندەی لێبهاتایە كەچی لە 20 ملیار دۆلار تێپەڕی نەكردووە، تەنانەت زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانەی لەماوەی ئەم 2 ساڵە ئەنجامدرا هەر هەمان ئەو پرۆژانە بوو كە پێش 2و3 ساڵ لەمەوبەر مۆڵەتی پێدرابوون .
سەبارەت بە ئاستی وەبەرهێنان لەشاری هەولێر وەكو ناوەندێكی فراوان سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان وتی: پێشتر هەمەجۆری لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان هەبوو لەوانە پرۆژەی دروستكردنی كارگەی ئاسن و وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەباو دەرهێنانی پێترۆڵ و پرۆژە جۆراوجۆرەكانی نیشتەجێبوون و هۆتێل و میوانخانەو فرۆكەخانە و مۆڵەكان و دەیان پرۆژەو هەنگاوی گەورەی تر . ئەم حاڵەتە كاریگەری لەسەر وەبەرهێنەرانی بیانیش كرد و روویان لەكەمبوونەوە كردو وەبەهێنەران راوەستانێكیان تووش بوو . یەكێك لەو خاڵانەی كاریگەری سلبی بۆ كشانەوەی ئاستی وەبەرهێنەران و پەرەپێدانی هەبوو ئەو خۆپیشاندان و بارودۆخە دژوارە بوو كە بووە هۆی كەوتنەوەی ململانێیەكی توند لە نێوان پارتە سیاسیەكانی فەرمانڕەواو ئۆپۆزسیۆن، وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان وەكو جۆلەكە وایە لە ژینگەیەكی ئارام و مسۆگەردا تەنیشێتەوە ناكرێت لەشارێكی وەكو زاخۆ شوێنە گشتیەكان رووبەرووی هێرش و سوتان و تاڵانكردن ببنەوە ئێمە داوا لە وەبەرهێنەر بكەین وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، ئەمە واقیعێكەو پێویستە هەموو لایەك دانی پێدا بنێت .
سەبارەت بەچارەسەرەكانیش سەرۆكی وەبەرهێنەرانی كوردستان بارودۆخەكەی بەبێ ئومێد نەزانینی و گەشبین بوو بەرامبەر بەوەی لەو ماوە كەمەی كە لەبەردەم حكومەتی نوێدایە رەنگە گۆڕانكاری نەوعی رووبدات و بتوانرێت سیاسەتی وەبەرهێنان بەئاراستەیەكی راست و دروست دا بڕوات و بە پشتگیری و پاڵپشتی سەرۆكی نوێی حكومەت چونكە لەكابینەی پێنج دا ئێمە وەبەرهێنەرمان نەبوو توانیمان وەبەرهێنەر دروست بكەین و وەبەرهێنەرانی بیانیش رابكێشینە ناو هەرێمی كوردستانەوە.
بەڵێندەرانیش گرفتیان لەگەڵ حكومەت زۆرە
هەر سەبارەت بەهۆكاری پاشەكشێكردنی بزنسكارو بەڵێندەران دكتۆر سەرۆ ئیسماعیل دزەیی سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان- لقی هەولێر وتی:( ئێمە لە لقی هەولێر 1200بەڵێندەرمان هەیە و لە هەموو كوردستان نزیكەی 3000بەڵێندەر هەیە، وەكو بەڵێندەرانیش كێشەمان زۆرە، هۆكاری سەرەكیشی دەگەڕێتەوە بۆ مەرجەكانی بەڵێندەرایەتی گشتی عیراق، چونكە عیراق ئەو مەرج و ڕێنمای و یاسایانەی لە فیدیك وەرگرتووە كە ئەمەش مەرجەكانی بەڵێندەرایەتی جیهانییە، بەڵام لە عیراق بە هەڕەمەكی دەستكاری هەندێ بڕگەو مەرج كراوە لە بەرژەوەندی خاوەن كار كە حكومەتە لەسەر حیسابی بەڵێندەر بۆ نموونە لە فیدیك نووسراوە (للمقاول حق) لە عیراق كراوەتە (لیس للمقاول حق )واتە بە تەواوی كارەو مافەكە پێچەوانەكراوەتەوە، هەروەها كێشەمان هەیە لە وەرگرتنی سلفەو ماوەی ئیشكردنی پڕۆژەكان، چونكە ئەو مەرجەی دانراوە بۆ ماوە و ڕۆژی كاركردن بە ماوەی مانگانە( تقویم) حیسابكراوە گەرچی لە وڵاتێكی وەكو ئێمە كە كەشو هەوای باران و بەفر و چوار وەرزی ساڵ هەیە و تۆبۆگرافیا دەبێت ڕەچاو بكرێت، هەروەها یەكێك لە كێشەو گرفتەكانی ترمان لە پارێزگای هەولێر ئەوەیە تەنیا یەك تاقیگەی بینازسازی هەیە، ئەگەر بەڵێندەر سامپلێك پشكنینی بۆ بكات لەبری یەك ڕۆژ ئەوە 20ڕۆژی دەوێت و لێرەدا بەڵێندەرەكە لە ماوەی كاركردنی لەسەر پڕۆژەكە 19ڕۆژی لێ دەڕوات و لە ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش لەسەری حیسابە و ئەم تاقیگەیە لەسەر ستایلی ساڵانی هەشتا كار دەكات و بارو قورسایەكی زۆری ئیش و كاریشی لەسەرە، هەروەها تاقیگەیەك لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن هەیە كە بودجەیەكی باشی تێدا خەرجكراو، كەچی تا ئێستا كاری نەكردووە بە بیانووی ئەوەی كە كارمەند و فەرمانبەری بۆ دابین نەكراوە. بۆ چارەسەركردنی كێشەكان وەكو یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان (لقی هەولێر) دانیشتنێكمان لەگەڵ سەرۆكی حكومەت بە ئامادەبوونی وەزیرە پیوەندارەكانی بە پڕۆژە و بەڵێندەرایەتی سازكرد و لەم كۆبوونەوەیەدا چەندین كێشەو گرفت بە بەڵێندەران گفتوگۆی لەسەر كرا لە پاشان لیژنەیەكی باڵا لە 5وەزیرو پارێزگاری هەولێرو 5 ئەندامی بەڵێندەران پێكهێنرا و بە مەرج و ڕینماییەكان داچووینەوە و پڕۆژە بڕیارێك ئامادەكرا و ئێستا چاوەڕوانین بڕیار لەسەر ئەو پڕۆژە دەربچێت. هاوكات داوا لە سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كەوا دەستەیەكی گشتی گرێبەستەكان دابمەزرێت وەكو دەستەی وەبەرهێنان كە ئیشی ئەوە بێت وەكو فلتەر بێت بۆ ئەو دەرخستەو پڕۆپۆزەڵانەی كە وەزارەت و فەرمانگەو لایەنە پێوەندارەكان ئەنجامی دەدەن تاوەكو نەهێڵێت ئەو تەندەرانەی ڕادەگەیەنرێت كەموكوڕی تێدا بێت، چونكە ئێستاكە تەندەرەكان كە ڕادەگەیەنرێن كەموكوڕی زۆر تێدایە كەموكوڕییەكانیش بریتین لەوەی كە ماوەو نرخەكانی پڕۆژەكان تەواو نییە، ئەوەش نەك تەنیا زیانی بە بەڵێندەر گەیاندووە، بەڵكو وایكردووە كەوا كوالیتی كارو پڕۆژەكانیش تەواو نەبێت و زیانی بە حكومەتیش گەیاندووە، لەلایەكی تر شتێك هەیە زیانی بۆ حكومەت و ئێمەش هەیە ئەویش خراپی و كەمی كوالێتی پڕۆژەكانە كە ئەنجام دەدرێن بۆ ئاوەدانی گەشەكردنی كوردستان، بەڵام بۆ چارەسەری ئەو كێشەو كەموكوڕیانە پێویستە ئەو پڕۆژە بڕیارەی كە بە ئەنجومەنی وەزیران دراوە دەربچێت و پەسند بكرێت بۆ ئەوی ڕۆڵی و كاری بەڵێندەران باشتر دەربكەوێت لە خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، لێرەدا حەزدەكەم ئاماژە بە ڕاستییەك و واقیعێك بكەم ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەو كێشەو گرفتانەی كە دێتە بەردەم بەڵێندەران چارەسەر نەكرێت و ئەو پڕۆژە بڕیارەی بە ئەنجومەنی وەزیران دراوە پەسند نەكرێت ئەوە بە دڵنیاییەوە پاشەكشێیەكی زۆر زیاتر لە لایەن بەڵێندەرانەوە بەدی دەكرێت و ئەمەش كاریگەرییەكی سلبی لەسەر كارو پڕۆژەكانی حكومەت دروست دەكات. لەلایەكی ترەوە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە پێویستە پڕۆژە بڕیارێك دەربچێت بۆ ئەوەی ئەگەر بەڵێندەر یا كۆمپانیای بیانی بێت كار لە وڵاتی ئێمە بكات ئەوە دەبێت بەڵێندەری ئێمەش كاریان لەگەڵ بكەن.
لەكۆتایی قسەكانی سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان تیشكی خستە سەر ئەو سستی و كەموكوڕیانەی كە زۆربەی بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانی گرتۆتەوەو بەڵێندەرانیش لێی بەدوور نین لەمبارەیەوە وتی :( كارو پڕۆژەكانی هەولێر بە حوكمی ئەوەی پایتەختە كارو پڕۆژەی زۆر زیاترە لە شارەكانی تر و ئەو پڕۆژانەش هەندێكی لەسەر بودجەی وەزارەتەكانە و هەندێكیشی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگایە، لەم دواییانەدا چوارچێوەی گرفت و كێشەكان فراوانترو زیاتر بوون، كێشە و گرفتەكانیش بەمجۆرەیە یەكەم- هەندێك لە كێشەكان وەكو چاككردنی دەرخستەو مەرجەكانی بەڵێندەرایەتی و . تادوایی لە لای حكومەتە نەك لە لای بەڵێندەر، بەپێچەوانەشەوە هەندێك لە كێشە و گرفتەكان بۆ بەڵێندەری خراپ دەگەڕێتەوە، واتا حكومەت و هەندێك لە بەڵێندەران لەكەوتنەوەی گرفت و كێشەكان بەرپرسیارێتیان هەیە. لەلایەكی ترەوە هۆكاری بەرزبوون و نزمبوونەوەی نرخ و بەهای كەرەستەو دۆلار لە بازاڕەكان كێشەیەكی گەورەی بۆ دروست كردووین بۆ ئەوەش داوامانكردووە پڕۆژە یاسایەك دەربچێت و نوێنەریشمان لە ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەو لایەنە.
Top