شیروان عەبدولواحید مەلۆ سەرۆكی شارەوانی دهۆك بۆ (گوڵان): پڕۆژەكانی ئاوەڕۆی ئاوی قورس بۆ دهۆك زۆر پێویستە

شیروان عەبدولواحید مەلۆ سەرۆكی شارەوانی دهۆك بۆ (گوڵان): پڕۆژەكانی ئاوەڕۆی ئاوی قورس بۆ دهۆك زۆر پێویستە
كاتێك باس لە دهۆك دەكرێت هەموو كێشەو گرفتەكان دەگەڕێنەوە شارەوانی و لەدیمانەیەكی تایبەت بەگۆڤاری گوڵان شیروان عەبدولواحید مەلۆ سەرۆكی شارەوانی دهۆك جەختی لەسەر پێداویستی فراوانكردنی دەسەڵاتەكان كردەوە، كە بۆ فراوانكردن و خێراكردنی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان بایەخی تایبەتی هەیە، هاوكات ئەوەشی راگەیاند فراوانبوونی شاری دهۆك زۆر بەخێراییەو لەساڵانی داهاتوودا پێویستی بەئەنجامدانی دەیان پرۆژەی تر هەیە. ئەمەو بەراشكاوانە بەڕێزی وەڵامی چەندین پرسیاری تری داینەوە كە تایبەت بوو بەپرۆژەكانی شارەوانی ..

لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بەڕێزی بۆ خوێنەرانی گۆڤارەكەمان بڵاو دەكەینەوە. ساڵانە پێویستیمان بە 2000 یەكەی نیشتەجێبوونە

سەرەتا سەرۆكی شارەوانی دهۆك سەبارەت بە فراوانبوونی شاری دهۆك و بەرنامە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان كە لەگەڵ ئەو گەورەبوونەدا بگونجێت وتی : شاری دهۆك دوای 2003 بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو دەستی بە گەورەبوون كردووە، لە ساڵی 2007 ماستەرپلانێك بۆ شاری دهۆك دروستكرا، لەم ماستەرپلانەدا گەشەكردنی ساڵانەی ژمارەی دانیشتووانی شاری دهۆكی تێیدا بە ڕێژەی 3،3% هەژماركردووە، ژمارەی دانیشتووانی ناو شاری دهۆك ئێستاكە 330هەزار كەسە بەپێی ماستەرپلان و ڕێژەی گەشەكردنی ساڵانەی دانیشتووانەكەی ساڵانە 10تا12هەزار كەس لە ناو شاری دهۆك زیاد دەكات و لەو كاتەشدا ساڵانە پێویستمان بە 2000هەزار یەكەی نیشتەجێبوونە، جگە لەو زیادبوونەی ناوخۆ، لە شارەكانی تری عێراقیش بە تایبەتی خەڵكی موسڵ و بەغدا دێنە دهۆك و كۆچكردنی گوندەكانیش بۆ شار هۆكارێكی تری زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی شارەكەیە. لە ئەنجامی هەموو ئەو هۆكارانە شاری دهۆك بەرفرەوانییەكی زۆری بەخۆوە بینیوە، ئەو ماستەرپلانەی بۆ دهۆك دانراوە لەلایەن كۆمپانیای فۆیسینگی ئەلمانی جێبەجێكراوە كە تا ساڵی2032ی تێیدا ڕەچاوكراوەو ئەو ڕووبەرەی بۆ شارەكە بەپێی ئەو نەخشەیە دانراوە 400كیلۆمەتر چوار گۆشەیە، بەپێی ئەو ڕووبەرەش ماستەرپلانەكە تەنیا ناو شاری دهۆك ناگرێتەوە، بەڵكو سێمێل و دۆمیزو میسریكێ و شاریاو تەناهیاو فایدەش لەخۆدەگرێت، هەروەها بەپێی ئەو ماستەرپلانە كۆمپانیای فۆیسینگی ئەلمانی وا چاوەڕوان دەكات تا ساڵی 2032 ژمارەی دانیشتووانەی شاری دهۆك ببێتە 950هەزار كەس و هەر ئێستا ئێمە بۆ ئیشوكارەكان بەپێی ئەو ماستەرپلانە خۆمان ئامادە دەكەین، تاوەكو شاری دهۆك بتوانێ بە شێوەیەكی سەركەوت و ئاسایی ئەو ژمارە كەسە لەخۆ بگرێت و كەمترین كێشەو گرفتی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانیشی هەبێت، هاوكات بەپێی ئەو ماستەرپلانەی دانراوە هەندێ شوێن هەیە لە ناو شار كە ئێستا خانووەكانی كۆن بووەو تەمەنی بینایەكەی بەسەرچووە، لە كاتێكدا كە خاوەنەكەی تێكی دەدات و دەیەوێت بیكاتە باڵەخانە ئەوە ئێمە خاوەنەكەی قەرەبوودەكەینەوەو زەوییەكە بە بەتاڵی جێدەهێڵین و هەندێ بینایەی تری حكومیش هەیە وەكو بینایەی شارەوانی كۆن كە ئێستا تێكدراوەو چەند بینایەی دیكەش لەم سنوورەدا كە ڕووبەرەكەی بەگشتی 36 كیلۆمەتر دووجایە قۆناغ بە قۆناغ تێكدەدرێن، جگە لە بینایەی پارێزگاو دادگاو قوتابخانەیەك كە ئێستا هونەرەجوانەكانە، هەموو ئەو ڕووبەرەش دەكەینە باخچەو پارك و جوانكاری و پانتایی سەوزو بەشێكی ژێر ئەو ڕووبەرە زەوییەش دەكرێتە شوێنی ڕاوەستانی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوەی ئەو ژمارە ئۆتۆمبێلە زۆرەی دێتە ناو بازاڕ لەم گەراجە ڕاوەستن و قەرەباڵغی و جەنجاڵی لە ناو سەنتەری شارەكە دروست نەبێت، لەلایەكی ترەوە بەپێی ئەو تێڕوانینەی هەیە تا 20ساڵی تر 600هەزار كەس لە ناو شاری دهۆك زیاد دەكات بۆ شوێنی نیشتەجێبوون جەخت لەسەر یەكەی نیشەجێبوونی ستوونی دەكەینەوە خۆشمانی بۆ ئامادە دەكەین، هەر بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا هەندێك لەو یەكانە تەواو بووەو بەشێكیش لەو یەكە نیشتەجێیانە لە قۆناغی جێبەجێكردندایە. هەروەها لە بەشی خوارووی دهۆكیش جێگای 250هەزار كەس شوێنی نیشتەجێبوون ئامادە دەكرێت.

تونێلێك لەچیای زاوە بۆ دهۆك زۆر گرنگە
شاری دهۆك لە نێوان دوو شاخدایە و ئەو دوو شاخەش بۆی هەیە ڕێگا لە بەرفراوانبوون و ماستەرپلانی شاری دهۆك بگرێت، بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی تونێل پێویستە، تاوەكو چارەسەری كێشەكە بكات و بتوانرێت ماستەرپلانەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت؛ لەمبارەیەوە سەرۆكی شارەوانی دهۆك وتی: باكووری شاری دهۆك زنجیرە چیای سپییەو لە خوارووشی چیای زاوەیە كە هەندێ كەسیش پێی دەڵێن چیای ڕەش و ڕۆژهەڵاتیشی هەر چیایە، بەڵام رۆژئاوای دەشتە و، دهۆكیش بەدرێژایی بەرەو ڕۆژئاوا گەورەبووە، بەڵام ئاڕاستەی درێژیەكەی دهۆك بەرەو ڕۆژئاوە زیاترە، هەر بۆیە نەماتوانی لەمە زیاتر بەرەو ڕۆژئاوا بچێت، چونكە درێژاییەكە زۆر زیاد دەكات و لەو كاتەشدا ئەنجامدانی كارو پڕۆژەكان زۆر قورس و زەحمەت دەبوو، بەڵكو ڕاوبۆچوونی ئێمە ئەوە بوو كە گەورەبوونی شار بەرەو خوارووی چیای زاوە بچێت كە لەو كاتەشدا شێوەی شاری دهۆك نیمچە بازنەیی هەڵدەكەوێت كە ئەمەش شێوەیەكی شیاو و جوانیشە، بۆیە هەر لەسەرەتادا لە هەوڵی ئەوەداین كە تونێلێك لە چیای زاوە دروست بكەین و بودجەی دیزاینی تونێلەكەش خراوەتە پلانی ساڵی 2012ەوەو چاوەڕوانین كە حكومەت و لایەنی پێوەندار ئەم بودجەیە تەرخان بكەن، چونكە ئەو پڕۆژەیە بۆ گەورەبوون و بەرفراوانبوونی شاری دهۆك زۆر گرنگ و ستراتیژیە.
كارو پلانی ئێمە ئەوەبوو بەرەو خوارووی چیای زاوە كە كۆمەڵگای شاریای لێیە كە برایانی ئێمەی ئێزیدیەكانن سنووری شارەوانی بەرفراوان بكەین، گەرچی خەڵكی شاریا لەبەرچەند هۆكارێكی ئایینی ڕازی نەبوون، بەڵام ئەو سنوورەش زۆر گەورەیەو ڕووبەرەكەی هەندەی ڕووبەری دهۆكی ئێستاكە دەبێت، هەر بۆیە ئێستاكە ئێمە دەتوانین بەلای ڕۆژهەڵاتی كۆمەڵگای شاریاوە بڕۆین و سنووری شارەوانی دهۆك بەو ئاڕاستەیە بەرفراوان بكەین و كاریشمان لەسەر كردووە.
لەبەرنامەدایە دهۆك دابەشی 6 شارەوانی بكرێت
سەبارەت بەدابەشكردنی شارەوانییەكان بەسەرچەند شارەوانییەكدا كە دەنگۆی ئەوە هەبوو بەڕێزیان ڕێگر بوون لەم دابەشكردنە، سەرۆكی شارەوانی دهۆك وتی: نەخێر من قەت ڕێگر نەبوومە لەبەردەم ئەوەی كە شارەوانی دابەش بكرێتە سەرچەند شارەوانییەك، بەڵكو بەپێچەوانەوە دابەشكردنی سەرۆكایەتی شارەوانی شاری دهۆك بۆ دوو شارەوانی( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)بیرو بەرنامە و پێشنیاری من بوو و زۆر هەوڵیشماندا تا توانیمان شارەوانی دهۆك بكەینە شارەوانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەروەها ئێستا پڕۆژەیەكمان هەیە كە كاتێك شاری دهۆك بەرفراوان و گەورەتر دەبێت بكرێتە 6شارەوانی، چونكە زیاتر بوونی شارەوانییەكان دەبێت هۆكارێكی سەرەكی بۆ باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان و شارەكەو باشتر بەڕێوەبردنی كارو پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری.
لەبردنە دواوەی بینایەو باڵەخانەكان كەس ڕێگر نەبووە
سەبارەت لەبردنە دواوەی بینایە و باڵەخانەكان بە تایبەتی لە شەقامە سەرەكییەكانی ناو شاری دهۆك كەچەندین كەس ناڕازی بووە سەرۆكی شارەوانی دهۆك وتی: لەمەسەلەی بردنە دواوەی بینایەو باڵەخانەكان كەس ڕێگر نەبووە، چونكە یاساو ڕێنماییەكان پەیڕەو دەكەین، ئەمەش بۆ فراوانكردنی شەقام و شۆستەكانە و لە بەرژەوەندی گشتی دایە، بەڵام لە كاتی جێبەجێكردنی ئەم یاسایەشدا هەر بینایەو باڵەخانەیەك چەندمەتر بكشێتەوە ئەوە لە فەزای بینایەكەدا نیوە یا زیاتر لەو نیوەی كە كشاوەتەوە دەتوانێت بێتەوە پێشەوە. هەرچەندە هەندێك كێشە لەسەر قازانجی یاسایی هاتە پێشەوە، بەڵام نەبووە ڕێگر لەبەردەم فراوانبوونی شەقامەكاندا.
شارێكی پاكوخاوێن لەسەر ئاستی عێراق
شاری دهۆك بەگشتی و بەتایبەتی سەنتەری شارەكە بە پاكوخاوێنی ناوبانگی لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەو بەرفراوانبوونەو قەرەباڵغییەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە شاری دهۆك زیاد دەكات پێویستی بە پرۆژەو بودجەی زیاتر هەیە لەمبارەیەوە سەرۆكی شارەوانی دهۆك وتی: من زیاتر لە 20ساڵ لە ئەلمانیا ژیاوم، ئەو وڵاتە زۆر پاك و خاوێنەو ئێمەش بەو نیازە بڕیارماندا كەچاو لە ئەلمانیا بكەین، بۆ پارێزگاری لە پاك و خاوێنی دهۆك چەندین كاری باش و گونجاومان پیادەكردووە، لەوانە هەر لە سەرەتایی كاركردنم وەكو سەرۆكی شارەوانی دهۆك تیمی چاودێری پاك و خاوێنیمان لە هەموو گەڕەك و بازاڕ و شەقام و سەنتەرەكانی شار داناوە، هاوكات هاتنی ئەو كۆمپانیایەی كە كاری پاككردنەوەی ناو گەڕەك و شەقام و بازاڕو شارەكەمان بەگشتی بۆ ئەنجام دەدات كە زۆر بەباشی و بە بەردەوامی ڕۆژانە بە كاری خۆیان هەستاون، لەلایەكی ترەوە داوامانكرد پارەو خەرجی بۆ پاككردنەوەی شاری دهۆك زیاد بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری دهۆك بەدەنگەوەمان هاتووەو پشتگیری تەواومانی كردووە، هەروەها كەس و تیممان هەیە لە شەقامەكانی ناو شارو دەرەوەو سەرەكییەكان هەر كەسێك شووشە یا قووتو یا زبڵوخاشاك لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی فڕێبداتە دەرەوە ئەوە ژمارەكەی تۆمار دەكرێت و سزای دارایی خۆی وەردەگرێت، هەر بۆ نموونە لە 11مانگی ڕابردوو تەنیا لە گەلی دهۆك 3529 ئۆتۆمبێل لەسەر فڕیدانی قووتو و شووشەو زبڵوخاشاك لە ناو ئۆتۆمبێلەكانیانەوە بۆ سەر شەقام سزا دراون.
هەر سەبارەت بەپاكوخاوێنی شار كارە مەیدانییەكان زۆر گرنگی پێدەدەم تەنانەت بەباشی دەزانم كارو ئیشی شارەوانی بەجلوبەرگی مەیدانی و ئیشەكەی بێت .
لەلایەكی ترەوە لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە زۆر هەنگاوی باش و گرنگمان بۆ هۆشیاری و بەرزكردنەوەی لایەنی مەعریفە داوە، هەر بۆ نموونە بۆ هۆشیار و ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لەسەر پاراستنی پاكوخاوێنی و چەند كاری تر چەند كورتە فیلیمێكمان ئامادەكردووەو لە كەناڵەكانی تەلەفزیۆن پیشانی خەڵكمانداوەو ژمارەیەكی زۆر تابلۆ و ئاگاداریمان لە شەقامە سەرەكییەكان و شوێنە گشتییەكان هەڵواسیوەو ساڵانە پڕۆشەرو نامیلكە لەسەر هۆشیاركردنەوە بڵاو دەكەینەوەو لە چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆكانی ناوخۆو ئاسمانی لەسەر بواری شارەوانی و ڕۆشبیری و هۆشیاركردنەوە بەشداری دەكەین، بەڵام پێویستە لەم لایەنەوە زۆرترو باشتر بە بەردەوامی كارو بەرنامەو پلانمان هەبێت.
هەروەها وەكو شارەوانی لەسەر پاكوخاوێنی شارو كارو ئیشەكانی ئەو كۆمپانیایەی هەڵدەستێت بە پاككردنەوەی شار چاودێری و بەدواداچوونی بەردەواممان هەیە، سەبارەت بە كارگەی ڕیسایكلین پێش 3ساڵ داوامان لە پارێزگاری دهۆك كردن كە كارگەیەكی ڕیسایكلین بۆ شاری دهۆك دابمەزرێنێت، پاش هەوڵێكی زۆر كارگەیەكی ڕیسایكلینی جیاكردنەوەی زبڵوخاشاكمان كڕی و ئەو كارگەیە لەلایەن شارەوانییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و ڕۆژانە زبڵوخاشاكی شاری دهۆك و سێمێلیش هەر دەچێتە ئەو كارگەیەو ڕۆژانە توانای جیاكردنەوەی 750تەن زبڵوخاشاكی هەیە.
گرفتی ئاوەڕۆ
سەبارەت بە كێشەو گرفتەكانی شاری دهۆك لە بواری ئاوەڕۆ سەرۆكی شارەوانی دهۆك وتی : شاری دهۆك لە ساڵی 1947 تەنیا 5621 كەس بووە، بەڵام ئێستاكە پاش60 ساڵ ژمارەی دانیشتووانی دهۆك بە فەرمی 330هەزار كەسەو لەكاتی خۆیدا كێشەی خزمەتگوزاری بە تایبەتی ئاوەڕۆی نەبوو، لەبەر ئەوەی لە نێوان دوو چیادابوو و چەند كەندو دۆڵی تێدا بوو ئەو ئاوی باران و ئاوەڕۆیەی لە شارەكە هەبوو دەهاتەوە سەر كەندەكان و دەڕۆیشت، بەڵام ئێستا شاری دهۆك لەم قۆناغە دەرچووە كە لە نێوان دوو چیایە و زۆر بەرفراوانبووە بۆیە ئاوەڕۆ ئەمڕۆكە زۆر پێویستە بۆ شارەكە، هەرچەندە لە ناو گەڕەكەكان و شارەكە چەند كیلۆمەترێك ئاوەڕۆی باران بارینی هەیە كە لە كاتی خۆی دروستكراوە كە ئەو ئاوەڕۆیانەش تەسك و بچوكن و دەگیرێن و توانای ئەو بەرفرەوانی و ژمارەی دانیشتوانی ئێستاكەی نییە، هەرچەندە ئەو ئاوەڕۆیانەشمان پاككردۆتەوە، گەرچی توانای ئەو ڕێژە ئاوەی ئاوەڕۆی ڕۆژانەی خەڵكەكەی نییە، بۆیە ئێستا پێویستمان بە ئاوەڕۆی گەورەو تیرە فراوان هەیە، هەروەها یەكێك لەو پێویستیانەی كە زۆر پێویستە بۆ شاری دهۆك ئاوەڕۆی ئاوی قورسە كە تا ئێستا ئەو پڕۆژە ستراتیژییەی نییە، بەڵكو هەر ماڵێك بیری بۆ ئاوەڕۆی ئاوی قورس هەڵكەندووەو ئەو ئاوەقورسەش دەچێتە ژێر زەوی و زیانێكی زۆری بۆ ئاوی ژێر زەوی و ژینگەكەمان هەیە.
دەسەڵات و ئیمكانیاتمان بەراورد بە هەردوو شارەوانی هەولێرو سلێمانی كەمە
سەبارەت بەبودجەی شارەوانی و دەسەڵاتی خەرجكردن سەرۆكی شارەوانی دهۆك وتی: هەندێ جار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لە حكومەت زۆرترە و هەندێ جاریش بودجەی حكومەت باشترو زۆرترە، بەڵام سەبارەت بە خەرجكردن و دەسەڵاتەكان بڕیاربوو دەسەڵاتەكان هەموار بكرێت و زیاتر بكرێت، بەڵام دەسەڵاتی دارایی و ئیمكانیاتی هەولێرو سلێمانی لە دهۆك زیاترە، چونكە هەریەكە لەم دوو شارە لە شاری دهۆك گەورەترن و پێویستی و ئیمكانیاتیان بە بودجەی زیاتر هەیە.
زێدەڕۆیی هەیە
سەبارەت بە بوونی گرفتی زێدەڕۆیی لەناو شاری دهۆك كە بوونی هەیەو چۆنیەتی چارەسەركردنی سەرۆكی شارەوانی وتی : زێدەڕۆیی لە شاری دهۆك وەكو هەموو شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە و دەبێت ئەوە بزانین لە وڵاتێكی وەكو توركیاش زێدەڕۆیی هەیە، ئەو زێدەڕۆیانەی لە دهۆك هەیە زۆربەیان كۆنن و زیاتریش لەبەر نەبوونی نەخشەی بنەڕەتی بووە، بەڵام بۆ چارەسەركردن و بنبڕكردنی ئەو زێدەڕۆیە كە یاسایی وەبەرهێنان لە ساڵی 2006 دەرچوو ئێمە هەوڵماندا و پشتگیری و هانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانماندا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجی و ئەو زێدەڕۆیانە یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەن، چونكە پێشتر تەنیا 500شوقە دوستكرابوو، بەڵام پاش ئەوەی توانیمان یاسای وەبەرهێنان كارا بكەین و لە ساڵی 2007 دەستكرا بە پڕۆژەی دروستكردنی خانوو و یەكەی نیشتەجێبوون كە تا ئێستا نزیكەی 20هەزار یەكەی نیشەجێبوون لە شاری دهۆك دروستكراوە و ئەو پڕۆژانەش قۆناغ بە قۆناغ بەردەوام دەبێت و دەتوانم بڵێم بەم پڕۆژانە توانرا پێش لە زێدەڕۆیی بگرینەوەو ئاستی قەیرانی نیشتەجێبوونیش لە شاری دهۆك زۆر كەم بكەینەوە.
لە 4 ساڵدا 72 باخچەو پاركی هاوچەرخ دروست كرا
ڕێژەی سەوزایی لە ناو شاری دهۆك لایەنەكی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگەی شارەكە، لەمبارەیەوە سەرۆكی شارەوانی دهۆك وتی: شارەوانی دهۆك لە ساڵی 1935دامەزراوە لەو كات تا ساڵی 2007 كە دەكاتە نزیكەی 72ساڵ تەنیا 22 باخچەو پارك لە ناو شاری دهۆك دروستكراوە، بەڵام لە ساڵی 2007تا ئێستاكە 72باخچەو پاركی هاوچەرخ و ڕووبەر جیاجیامان لە شاری دهۆك دروستكردووە، تەنیا پاركی ئازادی ڕووبەرەكەی 48هەزار مەتر چوار گۆشەیە، هەروەها ساڵانە بەپێی ئیمكانیات و بودجە باخچەو پارك دروست دەكەین، ئەگەر لە هەر گەڕەك و شوێنێك پێویست بێت، چونكە ئێمە لە هەوڵی ئەوەین هەر كەسێك لە شار دوو مەتر دووجا پانتایی سەوزایی بەربكەوێت، هاوكات پلان و بەرنامەیەكمان هەیە كە لە چواڕیانی دهۆك پاركێكی بەرفراوان دروست بكەین و زەویشمان بۆ دابینكردووە كە ڕووبەرەكەی دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار مەتر چوارگۆشەیەو ئەم پاركەش قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت هەر ئێستاكە لە قۆناغی یەكەم شوورای پاركەكە دروست دەكەین و بەتەواو بوونی ئەو پاركە گەورەیە ئەوە ڕێژەی سەوزایی زۆر زیاد دەكات و زیاتریش دەبێت لەو ڕێژەی دانیشتووانەی كە لە شاری دهۆك چاوەڕوان دەكرێت تا ساڵی 2032 زیاد بكات.
هەروەها سەبارەت بە سازدانی پێنچەمین كۆنفرانسی شارەوانی وتی : ئێستا خۆمان ئامادەكردووە بۆ بەستنی كۆنفرانسی پێنجەمی شارەوانی كە تێیدا چەندین كەس و لایەنی شارەزاو پێوەندار و هاووڵاتیانی ئاسایی شارەكەش بانگیش دەكرێن و ئامادە دەبن و هەر لەم كۆنفرانسانەدا ساڵانە نامیلكەو بڵاوكراوەی تایبەت بە شارەوانی شاری دهۆكمان بڵاوكردۆتەوەو لە كۆتایی هەر كۆنفرانسێكیش لە لایەن ئامادەبووانەوە چەندین پێشنیار بۆ كاراكردن و باشتر كاركردنی شارەوانییەكەمان دەخرێتەڕوو و ئێمەش ئەو پێشنیارانە وەردەگرین لە دوای كۆنفراس بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی لە كارو ئیش و پڕۆژەكانمان سوودی لێوەربگرین.
بەهاوكاری دوكاندارەكان بازاڕی گەورەو سەرەكی رێكخرا
لە ماوەی ڕابردوو پڕۆژەیەكی هاوچەرخ و سەركەوتووتان بۆ دوكان و بازاڕی سەرەكی شاری دهۆك ئەنجامداوە وەكو باس دەكرێت ئەم بازاڕە ئێستا وەكو بازارو مۆلێكی گەورەی ئەستنبۆلە، سەرۆكی شارەوانی دهۆك لەمبارەیەوە وتی :
بازاڕی گەورەو سەرەكی دهۆك كۆڵان و شۆستەو سەرە دوكان و كۆڵانەكان زۆر بێسەروبەر و خراپ بوو كاتیك كە هاووڵاتیان بازاڕیان دەكرد تووشی ماندووبوون و زەحمەتی زۆر دەهاتن بەتایبەتی لەبەر خراپی و بەرزونزمی شۆستەو كۆڵانەكان، بەڵام ئێمە بە چەند قۆناغێك شۆستەو كۆڵانەكانمان بە شێوەیەكی سەردەمیانە دروست كردەوە، هەروەها سەقفی سەر كۆڵان و شۆستەكانیشمان بەهەمانشێوە بە كەرستەی سەردەمیانە داپۆشی، بەڵام خەرجی سەقفەكەمان لە خاوەن دوكانەكان وەرگرت هەر یەكەی بەپێی درێژی بەردەم دوكانەكەی پارەی داوە و ئەگەر ئێستا سەیری ئەو بازاڕە بكەیت هەر دەڵێی مۆڵێكە تازە دروستكراوە و ئەوانەی ڕۆژانە بازاڕ دەكەن ئاسوودەبوون .
دەسەڵاتەكانی سەرۆكی شارەوانی
سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە بۆی هاتۆتە خوارەوە سەرۆكی شارەوانی دهۆك وتی: دەسەڵاتی سەرۆك شارەوانی لە هەموو عێراق نەك تەنیا لە كوردستان وەكو دەسەڵاتی سەرۆك شارەوانی شارەكانی وڵاتانی ئەوروپاو تاوەكو توركیاش نییە، ئەگەر بە وردی باسی ئەوە بكەین گفتوگۆیەكی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لە عێراقدا دەسەڵاتی سەرۆك شارەوانی بە یاساو ڕێنمایی دیاریكراوە كە چەندەو چۆن كاری پێ دەكرێت، هەرچەندە هەندێ دەسەڵاتمان هەیە كە بتوانین كارو جووڵەی پێ بكەین، بەڵام بۆ پڕۆژەی گەورەو ستراتیژی ئێمە ناتوانین لێرە بڕیاری لەسەر بدەین، چونكە لایەنی دارایی لە دەست ئێمەدا نییەو لە دەسەڵاتی وەزارەتەو دەبێت ئەوان ڕەزامەندی لەسەر بدەن. بەڵام بۆ كاراكردن و باشتر جێبەجێكردنی كارو پڕۆژەكانمان بە پێویستی دەزانین كە دەسەڵاتەكانمان زیاتر بكرێت.
Top