چۆن ئامادەكاری بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و چاودێری بازالە رەمەزاندا كراوە؟

چۆن ئامادەكاری بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و چاودێری بازالە رەمەزاندا كراوە؟
لیژنەی چاودێری دەسەڵاتی داخستنی ئەو دوكان و شوێنانەی هەیە كە سەرپێچی دەكەن.
هەركەسێك نرخ زیاد بكات، سزای دارایی دەدرێت یا سێ رۆژ دوكانەكەی دادەخرێت.
لە رەمەزاندا 20 كاتژمێر كارەبا دەدرێت.
خاوەن دووكانەكان پێویستە نرخ لەسەر هەموو كاڵاو شتەكان دیاری بكەن.
لەشەواندا رێوشوێنی گونجاو دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار.
لەدوای 1 و 2ی شەو دەست بەپاككردنەوەی ناو شار و گەڕەكەكان دەكرێت.
دەبێت هۆتێل و چێشتخانەو گازینۆكان لە خزمەتی هەموو لایەكدا بن.
كاتژمێرێك دەوامی فەرمانگەكان كەم دەكرێنەوە.
رەمەزان مانگی خێر و بەرەكەتە، لەم مانگەدا جووڵەیەكی گەورە دەكەوێتە بازاڕەوە، ئەم جووڵەیە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، وەك: خواستی زۆری خەڵك بۆ شت كڕین، بەتایبەتی كەلوپەلی خواردەمەنی، هەمووساڵێك لەم مانگەدا ئەزمەیەك سەبارەت بە هەڵاوسانی نرخ دێتە ئاراوە. لە رەمەزاندا شەوانە دووكان و بازاڕ دەكرێنەوە، خەڵك بەشەوانە پێداویستی خۆی دەكڕێت، ئەمەش وادەكات شەوو رۆژ دووكان و بازاڕ هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی چەند ئەركێك زیاد بكات وەك (كێشەی ترافیك، كێشەی پاككردنەوە.
پۆلیسی هاتوچۆ لە ترافیك لایتەكان
ئاسانكاری پێشكەش بە شوفێرەكان دەكەن
نیهاد قۆجە قایمقامی ناوەندی هەولێر سەبارەت بەچاودێریكردن و كۆنترۆڵكردنی بازاڕەكان و لێپرسینەوەی ئەو كەسانەی لەم مانگە پیرۆزە سەرپێچی دەكەن وتی: هەموو ساڵێك كە مانگی رەمەزان دێت خەڵكی پێداویستی زیاد دەبێت، بەمەش خواست لەسەر بازاڕ زیاد دەكات و زۆرجار كەلوپەلەكان كەم دەبنەوە، ئەمە دیوێكی كێشەكەیە، دیوەكەی تر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كاسبكار و بازرگانەكان نرخی شتومەكەكانیان بەرز دەكەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئاینی ئیسلام و فەرموودەكانی پێخەمبەرمانە، مانگی رەمەزان مانگی خواپەرستی و لێبووردەیی و خۆشەویستیە نەك گەمە كردن بەنرخەكانی بازاڕو زیانگەیاندن بە بژێوی خێزانە هەژار و كەم دەرامەتەكان. بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخەكان و هەندێك كاری تر وەكو حكومەت ئیجرائاتی خۆمان هەیە، بۆ ئەم مەبەستە لەقایمقامیەتی ناوەندی شاری هەولێر لیژنەیەك هەیە بەسەرپەرشتی قایمقام، ئەم لیژنەیە ئەركی بەدواداچوونی نرخەكانی لەئەستۆیە. یەكێك لەو رێنمایی و ئیجرائاتانەی پەیڕەو دەكرێت دانانی نرخە لەسەر كاڵاو كەلوپەلەكان، خاوەن دووكانەكان پێویستە نرخ لەسەر هەموو كاڵاو شتەكان دیاری بكەن.
سەبارەت بەقەرەباڵغی بازاڕەكان و رێكخستنی هاتوچۆوپاككردنەوەی شار و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانیش، نیهاد قۆجە دەڵێت: پۆلیسی هاتوچۆ لەم مانگەدا رێنمایی خۆیان هەیەو پێش رۆژوو شكاندن لە ترافیك لایتەكان ئاسانكاری پێشكەش بە شوفێرەكان دەكەن، تەنانەت لەشەوانیشدا كاتێك بازاڕەكان قەرەباڵغە ئامادەییەكی باشیان دەبێت بەهەمان شێوە پۆلیس و هێزەكانی ئاسایش و فریاكەوتن رێوشوێنی گونجاو دەگرنەبەر بۆ پاراستنی هەموو تاكێك.هەروەها سەبارەت بەخزمەتگوزارییەكانی شارەوانیش ئەوا بەپێی زۆن و تیمەكان دەبێ شارەوانی لەدوای 1 و 2ی شەو دەست بەپاككردنەوەی ناو شار و گەڕەكەكان بكەن.
خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا
سەبارەت بەخزمەتگوزارییەكانی كە لەم مانگەدا پێویستە بۆ هاووڵاتیان و بەڕۆژووبووان فەراهەم بكرێت، دوو خزمەتگوزاری زۆر زۆر گرنگن كە نابێت هاووڵاتیان لێی بێ بەش بن، ئەویش خزمەتگوزاری ئاو و كارەبایە، لەمبارەیەوە قایمقامی هەولێر وتی: تاڕاددەیەك كێشەی ئاومان نییە، بەڵام بۆی هەیە لەمانگی رەمەزان ئاو زیاتر سەرف بكرێت، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی شەپۆلی گەرما، بۆ پاراستنی ئاویش پێویستە خەڵكی لەئاستی پێویست زیاتر ئاو بەكارنەهێنن، واتا بەردەرگاو لۆری و ئۆتۆمبێلی پێ نەشۆن، لەبەرئەوەی ئاوی خواردنەوە بەتێچوو و ماندووبوونێكی زۆر دەگاتە ماڵەكان. هەروەها بۆ دابینكردنی كارەبایەكی باش پێویستە كاتێ كارەبای حكومی دەبڕێت موەلیدە ئەهلیەكان كارەبا بدەن.
بۆ رێكخستنی كاتی نوێژەكان و بەربانگ و پارشێو تاوەكو هەر حزبێك لە ڕێگەی میدیاكانیەوە كات بۆ نوێژەكانی دیاری نەكات بۆ ئەمەش قایمقامی هەولێر وتی: رێنمایی و خشتەیەك لە وەزارەتی ئەوقاف دەرچووە كە كاتی بانگەكانی تێدا دیاری كراوە.
تایبەتمەندێتی هەولێر لەمانگی رەمەزان
هەولێر جیاواز لەهەموو شارەكانی كوردستان كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، پێش هەمووان پایتەختی كوردستانە و هەروەها ژمارەیەكی یەكجار زۆر خەڵكی لێدەژی كە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان یان شوێنەكانی دیكەی عێراقەوە تیایدا دەژین،لەمبارەیەوە نیهاد قۆجە قایمقامی ناوەندی هەولێر سەبارەت بە تایبەتمەندێتی مانگی رەمەزان وتی: رەمەزان تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، ئەم تایبەتمەندێتیە لە هەولێر پەیوەستە بەخەڵكی دانیشتوانی هەولێر و پێوەندی بە رێنمایی حكومەت و ئیدارەوە نییە، هەر بۆیە تایبەتمەندێتی ئەم مانگە جیاوازە لەشارەكانی تر، یەكێك لەو تایبەتمەندێتییە ئەوەیە شەوان خەڵكی دێنە دەرەوەو بازاڕەكان قەرەباڵغ دەبێت، گەنجەكانیش یاری سینی سینی دەكەن و لەمزگەوتەكانیش شەوانە رێوڕەسمی ئایینی ئەنجام دەدرێت.
ئەو دابونەریت و تایبەتمەندییە بۆتە جێی دڵخۆشكردنی میوانەكان، بەتایبەتی لە شارێكدا كە بەكۆنترین شارەكانی دنیا دادەنرێت كە ژیانی تێدا بەردەوامە، كەلتوری شاری هەولێر یەك رەنگ نییە، بەڵكو هەمەڕەنگەو كەلتوری هەمەڕەنگیش هەمیشە زیندووەو لەناو ناچێت.
لەشاری هەولێر ئێستاكە خەڵكێكی زۆری دەرەوەی هەولێر و وڵاتانی تێدا دەژی و ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای بیانی و كونسوڵییەی وڵاتانیشی لێیە و خەڵكێكی زۆری گەشتیاری تێدا دەمێنێتەوە، هاوكات خەڵكێكیش هەیە بەڕۆژوو نابێت، بۆیە پێویستە بۆ ئەو خەڵكانە چێشتخانەو گازینۆ بكرێتەوە، بەڵام كردنەوەی ئەمانەش بەشێوەیەك بێت كە ڕێز لە مانگی رەمەزانی پیرۆز و خەڵكی بەڕۆژوو بگرێت. دەبێت میوانخانەو هۆتێل و مۆتێل و جێشتخانەو گازینۆكان بەبەردەوامی لە خزمەتی هەموو لایەكدا بن بۆ ئەوانەی بەڕۆژوون و ئەوانەشی بەڕۆژوو نابن.
سەبارەت بەدەوامی فەرمانبەرانیش رێنمایی دەرچووە كەوا فەرمانگە حكومییەكان كاتژمێرێك دەوامی فەرمیان كەم دەكرێتەوەو ئێمەش پابەندی ئەو رێنماییە دەبین و جێبەجێی دەكەین.
چێشتخانەو كافتریاكان كراوە دەبن،
بەڵام دەبێت ڕێز لە پیرۆزی مانگەكە بگیرێت
زانا محەمەد قایمقامی ناوەندی سلێمانی سەبارەت بەپیرۆزی مانگی رەمەزان و خۆئامادەكردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر سەرپێچییەك كە لەناو بازاڕدا رووبدات وتی: بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی مانگی رەمەزان و ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر سەرپێچیەك كە لەبواری كەرەستەو كاڵای ئێكسپایەر یان گەمەكردن بەنرخەكان بكەوێتەوە هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە، ئەمساڵیش بۆ كردنەوەی چێشتخانە و كافتریاكان بۆ هەرسێ پارێزگا بڕیارێكی یەكگرتوومان هەیەو جێبەجێی دەكەین، ئەویش ئەوەیە چێشتخانەو كافتریاكان كراوە دەبن، بەڵام دەبێت ڕێز لە پیرۆزی مانگەكە بگیرێت، بەڵام شوێنی فرۆشتنی ماددە ئەلكحولیەكان دادەخرێت. سەبارەت بە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هاووڵاتیانیش بەتایبەتی لە شەوانی رەمەزان كەوا چاوەڕوان دەكرێت جموجوڵێكی باشی بازاڕ و قەرەباڵغی هەبێت لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكرێت، هەموو بوارەكانی چاودێری بازاڕ و تەندروستی و لایەنی ئەمنی ئەندامن لە لیژنەیەكدا كە پێوەندییەكی راستەوخۆمان هەیەو كارەكان بەشێوەیەكی چڕتر و ئامادەباشی زیاتر بەڕێوەدەچێت.
چوار بنكەی چاودێری بازرگانی
لە كۆیە و سۆران و شەقڵاوە و خەبات دامەزران
سەبارەت بەوەی چ بەرنامەیەك لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزان بازاڕ رێك بخرێت و ڕێگە نەدرێت گرانی بكەوێتەوە، محەمەد عەباس بەڕێوەبەری چاودرێری بازرگانی هەولێر وتی: لە مانگی رەمەزاندا لەشاری هەولێر لیژنەكانی چاودێری بەدواداچوونی وردتر و زیاتر دەكەن بەتایبەتی لەسەر نرخ و كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو، تەنانەت بەسەرپەرپەشتی قایمقامی ناوەندی هەولێر و نوێنەری چاودێری بازرگانی و تەندروستی و بەیتەرە و شارەوانی لیژنەیەكی تایبەت لە قایمقامیەت بەم مەبەستانە دانراوە، ئەو لیژنەیەش بەدواداچوون لەسەر بازاڕ دەكەن و دەسەڵاتی داخستنی دووكان و شوێنەكانیشیان هەیە ئەگەر هەر سەرپێچیەكانیان لە بارەی نرخ و كەلوپەلی ماوە بەسەرچوو ببینن، بەڵام بەداخەوە بۆ قەزا و ناحیەكان لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕمان نییە، بۆیە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێك دەرچووە كە چوار بنكەی چاودێری بازرگانی لە كۆیە و سۆران و شەقڵاوە و خەبات دابمەزرێن، ماوەیەكە خەریكن كە كارمەند و فەرمانبەر بۆ ئەو بنكانە دابمەزرێنین تاوەكو دەست بەكاربن بۆ چاودێری بازرگانی لە بازاڕ و دووكانەكانی قەزا و ناحیەكان.
زیادكردنی ژمارەی چاودێرەكان و
چڕكردنەوەی كاتەكانی كاركردنی لیژنەكان
هەر سەبارەت بەبەرزبوونەوەی نرخەكان لەمانگی رەمەزاندا پێشڕەو فایەق بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی پێی راگەیاندین: لەگەڵ زیادبوونی داواكاری و خواست راستەوخۆ نرخەكان روو لەهەڵكشان دەكەن، ئەمە هاوكێشەیەكی ئابوورییەو لەكاتی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر هەر كاڵاو شمەكێكدا پێویستە لەبەرامبەر خستنەڕووی ئەو شمەكە زیاد بكرێت تاوەكو ڕێ لەهەڵاوسانی نرخەكان بگیرێت، بۆیە پێویست بەكۆنترۆڵكردن دەكات، ئێمە وەكو چاودێری بازرگانی و ئەندام لە لیژنەی باڵای لیژنەی ئابووری پارێزگای سلێمانی هەموو ساڵێك لەسەر ئاستی گشتی و پارێزگای سلێمانی ئامادەباشی بۆ پێشوازیكردنی هەموو بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەكەین، ئەمەش بە زیادكردنی ژمارەی چاودێرەكان و چڕكردنەوەی كاتەكانی كاركردنی لیژنەو چاودێرەكانمان.
بۆ مانگی رەمەزان بەهاوشێوەی هەفتە بازاڕ لەسلێمانی شوێنێك دیاری دەكەین بۆ ئەوەی كۆمپانیاو بازرگانەكان بتوانن لەو شوێنەدا كاڵاو خواردەمەنیەكانی خۆیان بفرۆشن و نرخەكان گران نەكەن، هاوكات قسەمان لەگەڵ قەسابەكان كردووە تاوەكو گۆشتێكی زۆر بهێنن و ڕێگە نەدەن نرخی بەرز بێتەوە، هەروەها نرخی زۆربەی كەلوپەل و كاڵاو خواردەمەنیەكان وەرگیراوەو بەراوردی دەكەین بەمانگی رەمەزان تاوەكو لەكاتی بەرزبوونەوەی نرخی هەر كاڵایەك راستەوخۆ هەوڵی داشكانی نرخەكە بدەین. لەهەموو بازگەو ناوچە سنووریەكان لیژنەكانی كۆنترۆڵكردنمان هەیەو هەوڵەكان چڕ دەكرێنەوە تاوەكو ماددەی بەسەرچوو نەهێنرێتە ناو بازاڕەكانەوە، لەناو شارەكانیش تیمەكانی چاودێری بازاڕ و چاودێری تەندروستی بەبەردەوام سەردانی بازاڕو سوپەرماركێت و شوێنە گشتیەكان دەكەن، هەر هاووڵاتیەكیش لە سنووری شاری سلێمانی كاڵاو كەلوپەلی بەسەرچوویان پێ فرۆشت دەتوانێت پێوەندی بەمنەوە یا بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیەوە بكات.
لە برایم خەلیل خواردەمەنیەك نایەتە ناو هەرێم كە ماوەی بەسەرچوونەكەی لە 6 مانگ كەمتر بێت
عەبدوڵا ئیبراهیم ماسكی بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی دهۆك سەبارەت بەچاودێری و رێكخستنی بازاڕ لەم مانگەدا وتی: بۆ مانگی رەمەزان لیژنەیەكی تایبەت و فراوان دامەزراوە كە هۆبەكانی ئابووری لە ئاسایش بەشدارە، ئەم لیژنەیە لەگەڵ لیژنەكانی تری چاودێری سەرقاڵی چاودێریكردن و رێنمایی پێدانن بە فرۆشگاكانی بەكۆو تاك، لیژنەكانی چاودێری كردنی بازاڕ لە مانگی رەمەزان هەموو دەسەڵاتێكی ئیجرائات وەرگرتن و سزا دانی هەیە، هەر دووكان و فرۆشگایەكیش دابخرێت لافیتەی بۆ دەنووسرێت كە ئەم دووكانە داخراوە لەبەر ئەو هۆكارە. سەرپێچیەكانیش جۆراوجۆرن لەوانە نەبوونی مارگە یا گەمەكردن بەنرخ و قۆرخكردن و دەسكاریكردنی ماوەی بەسەرچوو. ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین بەهەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ لیژنەكانی پێوەندار لە برایم خەلیل خواردەمەنیەك نەیەتە ناو هەرێم كە ماوەی بەسەرچوونەكەی لە 6 مانگ كەمتر بێت. داواكاریشم لە هاووڵاتیان لەم مانگەدا خەرجیەكانی خۆیان زیاد نەكەن و هۆشیارییەك لە خەرجییەكانیان پەیڕەو بكەن.
كارەبا لە رەمەزاندا
سەبارەت بەو بڕە كارەبایەی كە بڕیارە وەزارەتی كارەبا بەهاووڵاتیانی بدات لەم مانگەدا دیار بابان بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا لە لێدوانێكدا بۆ گوڵان رایگەیاند: گەرچی لەمانگی رەمەزاندا خواستی هاووڵاتیان بۆ كارەبا زیاد دەبێت و شەپۆلێكی گەرماش دەستی پێكردووە، بەڵام وەكو وەزارەت لەهەوڵی ئەوەداین لەم مانگەدا بۆ هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك 20 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بدرێتە هاووڵاتیان، ئەمەش بە پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی 1850 مێگاوات كارەبا كە لەهەرسێ وێستگەی غازی هەولێر و چەمچەماڵ و دهۆك و هەردوو وێستگەی هایدرۆپاوەری دووكان و دەربەندیخان بەرهەمهاتووە، لەم بڕە كارەبا بەرهەمهاتووەش 200 مێگاوات كارەبا بەرەو كەركوك دەڕوات و 1650 مێگاواتیش بەسەر هەرسێ پارێزگای ناوبراو دابەش دەكرێت.
بەرزبوونەوەی نرخ
پێوەندی بەبەرزبوونەوەی خواستەوە هەیە
سەبارەت بەوەی چی بكرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان یارمەتدەربن بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخەكان بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر وتی: خۆی لێرە و لەوێ باسی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەكان دەكرێت، بەڵام پێموایە بەرزبوونەوەی نرخ لە دەسەڵاتی چاودێری بارزگانی و هاووڵاتیان و بازرگانان نییە، بەڵكو پێوەندی بەبوونی كەرەستە و كەلوپەلی خۆماڵییەوەیە كە بتوانێ كێبڕكێ لەگەڵ كەلوپەل و كاڵای بیانی بكات، ئەمە هۆكاری سەرەكییە كە بەردەوام لە دەستی دەناڵێنین، بۆیە پێویستە چەند زوو بە پەلە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەی ئاو بەرنامە و پلانێك دابڕێژێت بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمی سەوزە و میوەجات و كەرتی ئاژەڵداری تاوەكو زیاتر و باشترین بەرهەمی خۆماڵێمان بەرهەم بێت و بكەوێتە بازاڕەكانەوە، تاوەكو پێویستمان بە بەرووبووم و كاڵای دەرەوە(بیانی) نەبێت، چونكە ئێستاكە بازاڕی هەرێمی كوردستان پاشكۆی بازاڕەكانی هەرێمییە، بازاڕەكانی هەولێر و دهۆك لە (80%) ی كەلوپەلەكانیان بەرهەمی وڵاتی توركیایە و سلێمانی و گەرمیان بەهەمان شێوە كەلوپەلەكانیان بەرهەمی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، كەواتە بە بەرزبوونەوەی بازاڕ و كەلوپەلەكانی ئەم دوو وڵاتە ئێران و توركیا نرخی بازاڕەكانی ئێمە بەرزدەبێتەوە، بەڵام لێرەدا هاووڵاتیان دڵنیا دەكەمەوە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ كەلوپەل و كاڵاكان بەتایبەتی سەوزە و میوە نرخی بەرز نابێتەوە، چونكە وەرزەكە ئێستا كاتی بەرهەمهێنانی بەرووبوومی خۆماڵییە چ سەوزە و میوە چ بەرووبوومی شیرەمەنی و ئاژەڵداری وەكو گۆشتی سپی و سۆر.
Top