لەیلا مەجیدی: نابێ ئەكتەر بترسێت و سانسۆری لەسەر بێت

لەیلا مەجیدی: نابێ ئەكتەر بترسێت و سانسۆری لەسەر بێت
لەیلا مەجیدی، خانمه ئەكتەری شانۆ و سینەما كه دەرچووی بەشی شێوەكاریی كۆلێژی هونەره جوانەكانه له وڵاتی ئێران، له دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس له كارەكانی دەكات و دەڵێت: من له كوردستان بەشداریی هیچ درامایەك ناكەم و خەونیشم ئەوەیه بەشداریی فیلمەكانی هۆڵیوود و فێستیڤاڵه جیەانییەكان بكەم.

گوڵان – محەمەد جەمال

* تا ئێستا بەشداریی چەند دراما و كاری سینەماییتان كردووه؟
-بەرلەوەی باس له دراما و سینەما بكەم، پێویسته باس له چالاكییه شانۆییەكانم بكەم، چونكه زۆرترین كاری من شانۆگەری بووه، هەروهەا بەشداریی 3 فیلمی سینەمایی و 7 كورته فیلمم كردووه، بەڵام تاكو ئێستا له كوردستان بەشداریی هیچ درامایەكم نەكردووه و نیازیشم نییه بەشداری بكەم.
* بۆچی ناتەوێ بەشداری دراما بكەیت له كوردستاندا؟
- لەبەرئەوەی تا ئێستا دراما له كوردستاندا هێشتا له ئاستێكی زۆر نزمدایه و منیش ئاماده نیم بەشداریی درامای لاواز، یان سەقەت بكەم كه كاریگەری لەسەر كەسایەتیم هەبێت، بۆ نموونه ئەگەر بەشداریی له درامایەكی لاواز بكەم، من وەكو لەیلا مەجیدی بۆ هەتا هەتایه له چاوی بینەر به كارەكتەرێكی لاواز دەبینرێم، بۆیه بەشداریی درامام له كوردستان نەكردووه و بەم شێوەیەی ئێستاش به هیچ شێوەیەك بەشداری ناكەم.
* جگه له كوردستان، ئەگەر له هەر وڵاتێكی دیكه دەرفەتت بۆ بڕەخسێ بەشداری دراماكانیان دەكەیت؟
-بێگومان، ئەگەر بۆم بگونجێت، له داهاتوودا بەشداری له دراما بیانییهكان دەكــــــەم، بەتـــــایبــــــەت درامای فارسی و توركی و عەرهبییەكان.
* خەونی تۆ بۆ بوون به ئەكتەرێكی دیاری جیهانی چییه؟
-هەموو كەسێك ئەگەر بەڕاستی ئەكتەر بێت و له ناخییەوه حەز به كاری نواندن بكات، بێگومان خەونی ئەوەیه كه رۆژێك له رۆژان له هۆڵیوود و فێستیڤاڵی ئۆسكار خۆی ببینێتەوه و بەسەر فەرشی سووردا بڕوات. من ئەوه خەونی راستەقینەمه كه بۆ فێستیڤاڵه جیهانییەكان لەسەر فەرشی سوور بڕۆم و بەشداری فێستیڤاڵی ئۆسكار بكەم یاخود وەكو ئەكتەرێكی جیهانی له فیلمەكانی هۆڵیوود بەشداری بكەم و بناسرێم، دڵنیاشم لەوەی كه ئەو خەونەم دەبێت بەڕاستی.
* بەڕای تۆ ئەكتەری سهركهوتوو كێیه؟
- بهڕای من ئهكتهری سەركەوتوو ئەو كەسەیه كه دەبێت تایبەتمەندی بوون به ئەكتەریی تێدا هەبێت، هەروەها دەبێت بوێر بێت و توانای خۆی لەكاتی نواندندا پیشان بدات و هەموو جۆره بەربەستێك بشكێنێت، چونكه هەر كەسێك خۆی به ئەكتەر بزانێت و كاری نواندن بكات، نابێت له هیچ شتێك بترسێت و سانسۆری لەسەر بێت.
* له نواندندا به كەسێكی رچكەشكێن ناسراویت، مەبەست و ئامانجت لەم رچكەشكێنییه چیه؟
- نەك تەنیا له نواندندا، بەڵكو من له هەموو ژیانمدا كەسێكی تەواو رچكەشكێنم، چونكه لەیلا سوژده بۆ هیچ كەسێك نابات و تەواو ئازاده، ئەوەی له ژیاندا پێمخۆش بێت دەیكەم و دەستی بۆ دەبەم، هەروەها هەر بەربەست و رێگرییەكیش بێته پێشم زۆر به ئاسانی لای دەبەم و ناوەستم.
* پڕۆژەی داهاتووت چییه؟
- پرۆژەی داهاتووم جگه له كاری شانۆ و سینهما، رەنگه هونەری ئێرۆتیك بێت، ئەویش به ئامانجی ئەوەی پیشانی خەڵكی بدەم كه لەیلا مەجیدی نەك تەنیا به قسه، بەڵكو به كردار دەیسەڵمێنێت كه كەسێكی بوێر و رچكەشكێنه.
* هونەری ئێرۆتیك لەگەڵ هونەرەكانی دی چ جیاوازییەكی هەیه؟
- ئێرۆتیك هونەرێكی زۆر جوانه، رەنگه زۆربەی خەڵك به هەڵه لێی تێبگات و به كارێكی خراپ لێكی بدەنەوه بۆ ئەو كەسانەی كاری لەسەر دەكەن، بەڵام له راستیدا وانیه، بەڵكو ئێرۆتێك بەشێكی هونەری فۆتۆگرافییه، بۆ نمونه كاتێك شاعیرێك دێت جوانییەكانی ژنێك به چاو و جەسته و باڵایدا باس دەكات، له ئێرۆتیكیشدا باس له جوانییەكان و جەستەی ژنێك دەكرێت، ئەویش لەڕێگەی فۆتۆگرافییەوه، واته جوانییەكانی ژنان و جەستەیەكی سەرنجڕاكێش و مانادار پیشان دەدرێت، بەڵام بەرلەوه دەبێت سیناریۆكی جوانی بۆ دابڕێژرێت.
* له پڕۆژەكەتدا خۆت رۆڵی ئەكتەرەكه دەبینیت؟
- بەڵێ، بێگومان خۆم كارەكتەری سەرەكی دەبم و یەكەم كەس دەبم له كوردستان كه دەست بۆ ئەم هونەره دەبەم له كوردستان، چونكه له چوارچێوەی ئێرۆتیكدا پێموانییه كەس له كوردستان تا ئێستا ئەو بوێرییەی تێدا هەبێت. هەروهەا پێمخۆشه لەڕێگەی ئەم هونەرەوه ناوم بچێته نێو كتێبی گینسەوه، بۆ ئەوەی دوای مردنیشم بۆ هەتا هەتا ناوم به زیندوویی بمێنێتەوه.
* هونەری ئێرۆتیك پێشتر له كوردستان و وڵاتانی دی كراوه؟
- هونەری ئێرۆتیك پێشتر لەناو نەتەوەكانی تر ئەنجام دراوه، بەڵام له كوردستان تاكو ئێستا نەكراوه و كەس ئەو بوێرییەی نەبووه، من یەكەم كچی كورد دەبم ئەنجامی بدەم. هەر وڵاتێكیش بەشێوەی كولتووری خۆی ئەنجام داوه، بەڵام من جیاواز دەبم و دەتوانم مۆدێرنیست و كولتووری كوردی تێكەڵ به یەكتر بكەم و له ئەنجامدا فۆتۆیەكی جوانی لێدەردەهێنم، بۆ هەر فۆتۆیەكیش سیناریۆیەكی جیاواز دادەڕێژم، بۆ نمونه یەكێك له سیناریۆكان بەم شێوەیه دەبێت كه خەریكی شیردانی منداڵ دەبم، بۆ ئەوەی تابلۆیەكی جوانی لێدەربهێنم و ئەو بەشه جوانانەی ژنان پیشان دەدەم تابلۆیەكی جوانی لێ دروست دەكەم.
Top