کورتە فیلمی (دانسقەخانە) بەرھەم دەھێندرێت
ئاکۆ ڕەش، سەرپەرشتیاری گرووپەکە و نووسەری کورتە فیلمەکە ڕایگەیاند:" دانسقەخانە ھەر بۆ خۆم کاری سیناریۆم بۆی کردووە، و لە دەرھێنانی کاروان ئاواتە و ١٥ ئەکتەر تێیدا بەشدارن".
گوتیشی: "کورتە فیلمەکە باس لە کەمبوونی مرۆڤە باشەکان دەکات کە لە کاتی ڕابردوودا ھەبوون و ئەگەر ئێستا دەربکەون، پێیان دەوترێت کەسانی دانسقە".
ئاکۆ ڕەش ڕوونیشی کردەوە: "لەم کورتە فیلمەکەدا بەڕێوەبەرێک چەند مرۆڤێکی دانسقەی دۆزیوەتەوە و لە چوارچێوەی دانسقەخانەیەکدا کۆی کردوونەتەوە و نمایشی کردوون و گەشتیار و کەسانی ناوخۆ سەردانی ئەو دانسقەخانەیە دەکەن بۆ بینینی کەسە دانسقەکان".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەرھەمەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و لەو ھەفتەیەدا لە چەند تەلەفزیۆنێکدا پەخش دەکرێن".
ئاکۆ ڕەش تا ئێستا خاوەنی دوو فیلمی سینەمایی و درامایەکە کە لە فێستیڤاڵەکاندا نمایش کراون و خاوەنی ١٤ کورتە فیلمی کۆمیدییە.
basnews