داوا دەکرێت شوێنەوارێکی کۆیە بکرێتە مۆزەخانە

داوا دەکرێت شوێنەوارێکی کۆیە بکرێتە مۆزەخانە
بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە ڕایگەیاند لە پلانماندایە شوێنەواری بەمەبەستی کۆکردنەوەی کەلوپەل و ئاسارە مێژووییەکان (ماڵی جەمیل ئاغا) بکەینە مۆزەخانەیەک و بۆ ئەو مەبەستەش داوایەکمان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە.

لەم بارەیەوە یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە ڕايگەیاند: "(ماڵی جەمیل ئاغا) کە شوێنەوارێکی دێرینی کۆیەیە و ئێستا بەشێکی زۆری دیوارەکانی داڕماوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، داوامان کردووە بکرێتە مۆزەخانەیەکی کولتووری، هەروەها بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنەوارە دەکەوێتە سەنتەری شاری کۆیەوە، دەتوانین لە داهاتوودا وەکوو مۆزەخانە سوودی لێ وەربگرین و هاووڵاتیان سەردانی بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەرخستەیەکمان ئامادە کردووە و داوامان لە حکوومەتی هەرێمی وکردستان کردووە کە ئەو ماڵە بکرێتە مۆزەخانەیەکی کولتووری و کەلوپەل و ئاسەوارە کۆنەکانی سنوورەکە لەوێدا نمایش بکرێن و کۆ بکرێنەوە".

بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە گوتیشی: "ئەو مۆزەخانەیە، لەڕووی ئابووریشەوە لە داهاتوودا سوودی زۆری دەبێت و سیمایەکی جوانیش بە شارەکە دەبەخشێت".
یەکێتی واحید ڕوونیشی کردەوە:" شاری کۆیە خاوەنی زۆرترین ناوچەی شوێنەوارییە، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی ئەوەی نۆژەن نەکراونەتەوە، ماوەیەکی زۆرە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە و ئێستاش بەهۆی ئەو بارودۆخی کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە ناتواندرێت پڕۆژەکانی شوێنەوار بخرێنەوە گەڕ و کاریان تێدا بکرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لە سنووری کۆیە 85 ناوچەی شوێنەواریمان هەیە کە ناسێندراون و کاریان تێدا کراوە، چەندین شوێنی تریشمان هەیە کە لەلایەن هاووڵاتییان و چالاکوانان و شوێنەوارناسانەوە دۆزراونەتەوە و تا ئێستا نەناسێندراون و تۆمار نەکراون".

basnews
Top