خانمە هونەرمەندی تونسی بوشرا سەعید تایبەت بۆ گوڵان: سۆشیال میدیا کاریگەری دوو لایەنەی لەسەر هونەرمەند هەیە

خانمە هونەرمەندی تونسی بوشرا سەعید تایبەت بۆ گوڵان: سۆشیال میدیا کاریگەری دوو لایەنەی لەسەر هونەرمەند هەیە
بوشرا سەعید خانمە هونەرمەندێكی وڵاتی تونسە و، ماوەیەكی زۆرە لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا كاردەكات، لەرووی ئەكادیمییشەوە دەرچووی كۆلێژی هونەرە جوانەكانە، تا ئێستا جگە لە شێوەزاری تونسی بە چەندین شێوەزارێكی دیكەی عەرەبییش گۆرانیی تایبەت و فۆلكلۆریی هەبووە، ئەمەش وایكردووە ببێتە خاوەن جەماوەرێكی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی، لە دیمانەیەكدا بەم شێوەیە وڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

* سەرەتای دەستپێكردنت بە كاری هونەری چۆن بووە؟
- دەستپێكی كاری هونەری لە خانە رۆشنبیرییەكان و پێشبڕكێ رۆشنبیری و كولتوورییەكان بوو لەسەر ئاستی تونسی و وڵاتانی دەوروبەر، زۆر كەس هەبوون كە یارمەتییان دام و بڕوای تەواویان بە تواناكانم هەبوو، سەرەتا مامۆستایەكی سەرەتاییم منی برد بۆ بەرنامەی منداڵان، بە هەمان شێوە كەسوكاریشم زۆر هاوكارییان كردم، دواتریش مامۆستاكانی پەیمانگە وكۆلێژیش هاوكارم بوون.
* لە هونەرمەندان كێ زیاتر كاریگەریی بەسەر كارەكانتەوە هەبووە؟
- باشترین نموونە وەك هونەرمەند كە كاریگەریی بەسەر كارەكانمەوە هەبێت، خانمە هونەرمەندی كۆچ كردووی تونسی زیكرا بووە، بە هەمان شێوە من زۆر سەرسام بووم بە ئەسمەهان.
* وەك هونەرمەندێك پێتوایە تەكنۆلۆژیای گەیاندن و سۆشیال میدیا بە گشتی سوودی بۆ هونەر هەبووە، یان زیانی پێ گەیاندووە؟
- من پێموایە ئەمە چەكێكی دوو لایەنەیە، لەلایەك دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هونەرمەند لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت لەگەڵ جەماوەر و لێیان دانەبڕێت و بە بەرهەمە كۆن و نوێیەكانی بەسەریان بكاتەوە، لەلایەكی دیكەش كەسانێك هەن كە هیچ بەهرەیەكیان نییە و دوور و نزیك پەیوەندییان بە هونەری رەسەنەوە نییە، تەنیا بۆ ئەوەی چەند لایكێكیان زیاد بێت و ژمارەیەكی زیاتری خەڵك بیان بینێت كاری وا دەكەن كە زیان بە هونەر بگەیەنێت.
* چەند لە كاتی خۆت تەرخان كردووە بۆ سۆشیال میدیا؟
- من خۆم یەكێكم لەو كەسانەی كە گرنگییەكی زۆر بە سۆشیال میدیا دەدەم و بەردەوام بەسەری دەكەمەوە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ جەماوەر لە پەیوەندیدا بم، بەتایبەتی لە دوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، سۆشیال میدیا رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە بەردەوام بوونی پەیوەندی نێوان هونەرمەند و جەماوەر، بەڵام لەو كەسانەش نیم كە كاتێكی دیاریكراوی تایبەت هەبێت، یان بەشی زۆری كاتی خۆم بە سۆشیال میدیاوە بەسەر بەرم، یان هەر رووداوێك هەبوو باسی بكەم و شرۆڤەی بۆ بكەم، بەڵكو بەگوێرەی رووداواكان و لە كاتی گونجاودا.
* لە وڵاتانی عەرەبیدا زۆر شێوەزار هەیە، كامیان لە تۆ نزیكترن و تێیدا سەركەوتوویت؟
- شێوەزاری تونسی لە هەموویان نزیكترە لە دڵی من، هەر شێوەزارێك، یان بەرهەمێكی جوان هەبێت من حەزم لێی هەیە، بەڵام تا ئێستا زیاتر بە تونسی كارەكانم پێشكەش كردووە.
* رۆڵی راگەیاندن چۆن دەبینی لە سەركەوتنی هونەرمەندان لە وڵاتی تونس؟
- بێگومان رۆڵی راگەیاندن نكۆڵیی لێ ناكرێت لە سەركەوتن و بڵاوبوونەوەی ناوبانگی هونەرمەند لە هەر شوێنێك بێت، بۆیە كاریگەریی ئەرێنیی دەبێت لە سەرخستنی هونەرمەند، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبینین بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵی پێچەوانەیان هەیە، بەتایبەتی كاتێك گرنگی بە كەسانێك دەدەن كە هیچ فڕیان بەسەر هونەرەوە نییە، كەچی وەك هونەرمەند پێناسەیان دەكەن.
* پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندان و جەماوەری كورد چۆنە؟
- پێشتر دەربارەی میللەتی كورد زانیاریم هەبوو، بەڵام دوای ئەنجامدانی چەند ئاهەنگێك لە ئەوروپا، زۆر خەڵكی كوردم ناسی، لەوێوە بۆم دەركەوت كە میللەتێكی ئاشتیخوازن، لەرووی هونەریشەوە زۆر حەز بە هونەری رەسەن دەكەن، هیوادارم بتوانم فێرە زمانی كوردی ببم، بۆ ئەوەی لە جەماوەری كوردەوە نزیكتر ببمەوە.
Top