لەتیفە قەناعەتی بە ئاهەنگی ئۆنڵاین نییە

لەتیفە قەناعەتی بە ئاهەنگی ئۆنڵاین نییە
خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی تونسی لەتیفە لە دیمانەیەكدا را و سەرنجی خۆی دەربارەی كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر چالاكییە هونەرییەكان لە گشت جیهاندا دەربڕی، هەروەها باسی لەو ئاهەنگانە كرد كە هونەرمەندان بەشێوەی ئۆنڵاین ئەنجامی دەدەن.
لەم بارەوە راشكاوانە لەتیفە گوتی: «هیچ كەس پێشبینی رووداوەكانی ئەم ساڵی نەدەكرد، من لە سەرەتای ساڵەوە زۆر گەشبین بووم، بۆیەش ئەلبوومی خۆمم بڵاو كردەوە، بەڵام رووداوەكان پێچەوانەی پێشبینییەكانی هەموو لایەك بوون، بەجۆرێك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جیهانی بە تەواوی گۆڕی و كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر رەوتی ژیان هەبووە، بەتایبەتی دوای رێوشوێنەكانی كەرەنتینە، تاكە دەستكەوتی من لەم ساڵ و لە كاتی كەرەنتیندا ئەوە بووە كە كاتێكی زۆرم لەگەڵ دایك و خوشكم بەسەر برد لە ماڵەوە، كە ئەمەش خەونی من بووە، چونكە پێشتر بەهۆی سەرقاڵییەوە ئەو دەرەفەتەم بۆ نەدەڕخسا، هەروەها بۆ یەكەم جاریش لە ژیانمدا چێشتم ئامادە كرد، كە بۆ من تاقیكردنەوەیەكی نوێ بوو.»
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر رەوتی هونەری لە جیهاندا بە گشتی و ئەنجامدانی ئاهەنگی ئۆنڵاین بەتایبەت، لەتیفە دەڵێ: «بێگومان ئەم كاریگەرییە بۆ هونەرمەندان بەگشتی و بەتایبەتیش گۆرانیبێژان، زۆر سەختتر بوو، چونكە كاری ئێمە زیاتری پەیوەندیی راستەوخۆیە لەگەڵ جەماوەر، ئەمەش لە ئێستادا زۆر ئەستەمە، ئێستا من زۆر بیری جەماوەری خۆم دەكەم، چونكە ئەم ساڵ هیچ فیستیڤاڵ و ئاهەنگێك ئەنجام نادرێت، من سەرەتا بڕیارمدا ئاهەنگی ئۆنڵاین ئەنجام بدەم، بەڵام دواتر پاشگەز بوومەوە، چونكە نامەوێ رۆحییەتی جەماوەرەكەم لە دەست بدەم، ئاهەنگی ئۆنڵاین بۆ هونەرمەند و جەماوەر تام و چێژی نییە.
سەرچاوە/ النهار
Top