رێبوار محەمەد: دەمانەوێ بینەر لەو دراما بیانییانە دووربخەینەوە كە شیرازەی كۆمەڵگەیان تێك داوە
(رێبوارمحەمەد)ی دەرهێنەر دەربارەی ناوەڕۆكی فیلمەكە رایگەیاند: «ئەم فیلمە كۆمەڵایەتی و كۆمیدی و تراژیدییە و كۆمەڵێك پەیامی جوانی لە پشتە، باس لە خیزانێك دەكات كە یەكێك لە كوڕەكانی سەركێشەو خەریكی قەرزكردن و كاری خراپەیە، دایك و باوكی باجەكەی دەدەن و بەو داخەوە هەردووكیان سەردەنێنەوە، كە ئەمە لە ناو كۆمەڵگەكەماندا وەك دیاردەی لێ هاتووە، لە لایەكی دیكەشەوە باس لە مافی ئافرەت و ژینگە و كۆمەڵێك بابەتی جوانی دیكە دەكات و ئەكتەرەكانی ئەم فیلمە پێكهاتوون لە( 35) ئەكتەر، كە دیارترینیان ئەكتەری بەتوانا (حەمەعەلی موكری و گێسیا عەلی و باهیری خەیات)ن.
رێبوار محەمەد گوتیشی: «من وەك فیلمساز كار دەكەم، لە ساڵی پارەوە تا ئێستا (11) كورتە فیلمم بە خۆبەخش نمایش كردووە و هیچ لایەنێك هاوكاریی نەكردووین، ئێمە كاردەكەین، ئامانجمان تەنیا خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە و دەمانەوێت هونەری كوردی بە زیندوویی بهێڵینەوە و بینەر لەو دراما توركی و بیانییانە دوور بخەینەوە كە شیرازەی كۆمەڵگەیان تێك داوە».
لە كۆتایی قسەكانیدا رێبوار محەمەد دەرهێنەری فیلمی خێزان گوتیشی: «ئەم فیلمە لە زۆربەی گەڕەكەكانی شاری سلێمانی وێنەگیراوە و كاری مونتاژی تەواو بووە، بەم زووانەش لە شەش كەناڵی ناوخۆیی و ئاسمانی پەخش دەكرێت».