داعش بە بەڵگەفیلمێک لەسەر شەڕی موسڵ وەڵامی نێتفلێکس دەداتەوە

داعش بە بەڵگەفیلمێک لەسەر شەڕی موسڵ وەڵامی نێتفلێکس دەداتەوە
داعش بەڵگەفیلمێکی لەبارەی جەنگی موسڵەوە بڵاوکردەوە، ئەوەش وەک کاردانەوە لە بەرامبەر پەخشکردنی فیلمێکی سینەمایی لە تۆڕی نێتفلێکس بەناوی موسڵ، کە باس لە جەنگی رزگارکردنی شاری موسڵ لە باکووری عێراق لە ژێر دەستی چەکدارانی رێکخراوەکە دەکات.

فیلمەکەی داعش تایبەتە بە رووداوەکانی جەنگەکەی ساڵانی 2016 و 2017ی شارەکە، لە چاوی کامێرا و چەکدارەکانی رێکخراوەکەوە.

کۆمپانیای نێتفلێکسی تایبەت بە بەرهەمهێنانی فیلم، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی فیلمی موسڵ، چاوەڕوانیش دەکرێت بینەرانی فیلم پێشوازییەکی گەورەی لێ بکەن.

رووداوەکانی فیلمەکە، کە یەکەم فیلمی بەرهەمهێنراوە بەشێوەزاری عێراقی، لە میانی چیرۆکێکی راستەقینەی هێزە تایبەتەکانی پۆلیسی عێراقدا "سوات"، باس لە جەنگی شارەکە و هێرشی ئەو هێزانە بۆ سەر چەکدارەکانی داعش دەکات، لەپێناو رزگارکردنی شارەکەدا.

فیلمەکە لە دەرهێنانی ماتیۆ کارناهانە، محەممەد دەراجی، دەرهێنەری عێراقی و کەسانی دیکەش بەشدارییان لە دەرهێنانیدا کردووە. ئانتۆنی و جۆ رۆسۆ، بەرهەمهێنەری فیلمەکەن، ئەو دوو برایە بەرهەمهێنەری فیلمی "Avengers End game"ن، کە لەکاتی نمایشکردنیدا لە سینەماکان، داهاتی خەیاڵیی بەدەستهێنا.

rudaw
Top