گەڕانەوەی لۆكە وەكو شاناز بە ئەلبۆمێكی گۆرانییەوە

گەڕانەوەی لۆكە وەكو شاناز بە ئەلبۆمێكی گۆرانییەوە
لۆكە زاهیر كار بۆ بڵاوكردنەوەی ئەلبۆمێكی گۆرانی دەكات .

دوای ئەوەی خانمە گۆرانیبێژی دیاری كورد لۆكە زاهیر ناوی خۆی گۆڕی لە "لۆكە"ەوە بۆ "شاناز", لە ئێستادا كار بۆ بڵاوكردنەوەی ئەلبۆمێكی گۆرانی دەكات .

شاناز یاخود لۆكە..لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام پۆستێكی نوێی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند: (لە ڕاستیدا ئەو دوو ناوە هەردووکی هەر ناوی ئەسڵی خۆمەو خێزانە جوانەکەم پێیان بەخشیوم بە هەردوو ناوەکەشەوە ئەوپەڕی شانازی دەکەم.
تەنها حەز دەکەم لەمەودوا ناوە هونەریەکەم شاناز زاهیر بێت و بەوناوە لە خزمەتاندابم. ناوو ناوبانگ کاتێک لای من گرنگە کە ئێوە چێژ لە دەنگم و بەرهەمەکانم وەربگرن. ئێوە بە هەر یەک لەو دوو ناوە کە حەز دەکەن بانگم کەن)

هەروەها لە بەشێكی دیكەی پۆستەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ئێستا كار بۆ ئامادەكردنی ئەلبۆمێكی نوێی گۆرانی دەكات, ئەویش بە هاوكاری گۆرانیبێژی كورد "نەوید زەردی" كە هەر ئەویش كار لەسەر بەشێك لە ئاوازو تێكستی گۆرانییەكانی ئەلبۆمەكەی دەكات .

هەروەها سەبارەت بە تێكستی گۆرانییەكانی ئەم ئەلبۆمە نوێیەی, شاناز زاهیر ئاماژەی بەوەدا كە هەریەك لە (ئەحمەد محەمەد- ڕەنج سەنگاوی- نەوید زەردی- مازیار فایەق- ئەدیب چەلكی) تێكستەكانیان نووسیوە, وە تراكێكی ئەم ئەلبۆمە گۆرانییە هونەرمەندی كورد (عەبدولقەهار زاخۆیی) كار لەسەر ئاوازەكەی كردووە, كاری دابەشكردن لە بەشێكی تراكەكانی ئەم ئەلبۆمە گۆرانییە "ئەفشین شوكری" كاری لەسەر كردووەو مەجید كازمی كاری دابەشكردنی لە دوو تراكی ئەم ئەلبۆمە ئەنجامداوە, هەروەها تراكێكیان (ئاریۆس) ئاوازەكەی داناوەو هەرخۆشی كاری دابەشكردنی كردووە .

هەروەها لە كۆتایی نووسینەكەیدا شاناز زاهیر بە هەوادارانی ڕاگەیاند كە مانگی داهاتوو ڤیدیۆ كلیپێكی گۆرانی بە ناوی(فڕین) بڵاو دەكاتەوە, كە ئەم گۆرانییەش تراكێكە لەم ئەلبۆمە نوێیەی, كە ئەمەش دەبێتە یەكەم بەرهەمی دوای دوو ساڵ لە دووركەوتنەوەی لە بواری گۆرانیدا .
Top