كچە كوردێك لە نیوزلاند خەڵاتێكی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا
ئاژانسی هەواڵی newshubی نیوزلەندی بڵاوی كردەوە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ناوی براوەكانی خەڵاتە نێودەوڵەتییەكە ڕاگەیەندرا و تیایدا ڕێز گەردی توانیویەتی خەڵاتی جیهانی لە بواری مافەكانی مرۆڤ بباتەوە، پێشتر چەندین خەڵاتی دیکەشی لە ناوخۆی نیوزلاند بردووەتەوە.
ڕێز گەردی كچە كوردێكی باشووری كوردستانە، وەك خۆبەخشێك لە بواری مافەكانی مرۆڤ كار دەكات، بە تایبەت لە كەیسی كوردانی ئێزیدی، بڕوانامەی دكتۆرای لە كۆلێژی یاسا لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا بەدەست هێناوە و دانیشتووی ئەمریكایە، كاتێك لە كوردستان بووە، بەشێكی ژیانی لە كەمپی ئاوارەكان بەسەر بردووە.
ڕێز گەردی یەكەم كچە كوردە ئاڵای كوردستانی بردووەتە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا، كە یەكێكە لە باشترین و دێرینترین و ناسراوترین زانکۆکانی ئەمەریکا و جیهان، زیاتر لە هەشت سەرۆکی ئەمەریکا دەرچووی ئەو زانکۆیەن، ئەمەش سەرەڕای سەدان سیناتۆر و سەرکردە و پەرلەمانتاری وڵاتەکە.
basnews