مۆزەخانەی جەمال بەختیار
ئا/تاریق كارێزی
هونەرمەند جەمال بەختیارە لە ساڵی 1925 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی 2020 لە كالیفۆرنیا كۆچی دوایی كرد. ئەو بە خۆی و هونەرەكەیەوە هەردەم پێشمەرگە بووە، لە تەمەنی لاویدا بۆ پشتیوانیكردن لە كۆماری دیموكراتی كوردستان، لە هەڵەبجەوە بەرەو مەهاباد دەكەوێتە رێ و بە فەرمانی قازی محەمەد سەركۆماری كوردستان، لە گوندێكی رۆژهەڵاتی كوردستاندا دەبێتە مامۆستای زمانی كوردی، دوای تیرۆركردنی كۆماری شكۆمەند، جەمال بەختیار دەگەڕێتەوە باشووری كوردستان و لە سلێمانی دوور دەخرێتەوە، لە شۆڕشی ئەیلوولدا دیسان دەچێتەوە ریزی شۆڕشگێڕانی رزگاریخوازی كوردستان، دوای تیرۆر كردنی ئەم شۆڕشەش، ساڵێك وەك پەنابەر لە ئێراندا دەمێنێتەوە، لەو ساڵەدا یەكەمین قوتابخانەی هونەر لە شاری كاشان دەكاتەوە. لە ساڵی 1976 لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مافی پەنابەریی پێ دەدرێت، لەوێش دوای تەواوكردنی خوێندن، دەبێتە مامۆستای هونەر و پاش ئەوەی تەمەنی هەڵدەكشێت، وەك مامۆستا خانەنشین دەكرێت. لەم ساڵانەی دواییدا، لە شاری ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنیسییەوە ماڵی دەباتە ویلایەتی فلۆریدا، ژینگەی فلۆریدا بۆ تەمەن و تەندروستیی ئەو گونجاوتر بوو.
لە باسكردنی جەمال بەختیاردا، ئێمە بەرانبەر بە كەسایەتییەكی خاوەن دوو رەهەند دەبینەوە. رەهەندی یەكەمیان وەك هونەرمەندێكی شێوەكار و وەك نیگاركێشێكی كارامە، رەهەندی دووەمیش وەك كەسایەتییەكی شۆڕشگێڕ و تێكۆشەری سیاسی، هەردوو رەهەندەكەش لە لای ئەو زاتە، تێكەڵ بە عەشقێكی باڵای گەل و نیشتیمان بوون.
لە هەردوو بواری هونەر و خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، جەمال بەختیار خاوەن تۆمارێكی دەگمەنە، بە چەشنێك ئەو شایستەی ئەوەیە كە نەتەوەكەی بۆ هەمیشە شانازیی پێوە بكات، پێم وا نییە لە وتارێكی وا كورتدا بتوانین مافی تەواوی ئەو هونەرمەندە پایە بەرزە بدەین، تەواوی قسە كردنمان لێرەدا لە بارەی ئەو، تەنیا بۆ یادكردنەوە و وەبیر هێنانەوەیە نەك زیاتر.
وێستگەكانی ژیانی ئەم هونەرمەندە داهێنانی زۆرە، ئەو تابلۆیانەی ئەو كە گەیشتوونەتە كوردستان، لە لای چەند سەركردەیەكی باشووری كوردستان پارێزراون، هەرچەندە ناشزانم ژمارەی ئەو تابلۆ و بەرهەمە هونەرییانەی ئەو كە فەوتاون چەندن، مەزەندەش وایە شێرەبەشی تابلۆكانی لە ماڵەكەی خۆیدا لە ئەمریكا لە لای خانەوادەكەی بێت.
رۆژی 16/10/2020 ماڵپەڕێك ئەم هەواڵەی بڵاو كردەوە: «شەوی رابردوو هونەرمەندی كورد جەمال بەختیار لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا كۆچی دوایی كرد» هەواڵەكە هەندێك زانیاریی سادەشی لە بارەی هونەرمەندەوە خستە روو، ئەو هەواڵە زۆر ئاسایی بەر گوێی هەمووان كەوت، وەك ئەوەی شتێكی ئەوتۆ رووی نەدا بێت.
بەڵێ، كورد گوتەنی «مردن هەقە و ناهەق نییە»، بەڵام هەر مردن بۆ خۆی وەك رووداوێك، دەرفەتێكە تا باسی كاروانی ژیانی كەسەكە بكەیت، ژیانی جەمال بەختیار تۆماری وردی رێڕەوی تێكۆشانی نەتەوەیەكە بە درێژایی یەك سەدە، ئەو هونەرمەندە هێژایە لە چارەكی یەكەمی سەدەی بیستەم هاتووەتە دنیاوە، لە یەكەمین چارەكی سەدەی (21)ـەمیش بۆ یەكجاری دنیای جێهێشت، بەرانبەر بە گەورەیی ئەم هونەرمەندە، دەبوو كەناڵەكانی میدیای كوردستان جۆش و پەرۆشییەكیان بنواندبایە، ئێمە بە گشتی بەرانبەر بەو هونەرمەندە مەزنە خەمسارد بووین، چونكە تا ئێستا كتێبێك لە بارەی ژیانی، پەڕاوێك لە بارەی بەرهەمەكانی، لە كوردستاندا بڵاو نەكراوەتەوە.
ئەگەر بمانەوێت رێز لە گەورەیی جەمال بەختیار بگرین، باشترین شت ئەوەیە مۆزەخانەیەكی تایبەت بە تابلۆ و بەرهەمەكانی ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵاتی دابمەزرێنین. تابلۆكانی ئەم هونەرمەندە سامانێكی نەتەوەیین، پاراستنی ئەركێكی پیرۆزە. تۆ بڵێی كێ بێت ئەو ئەركە پیرۆزە بەجێ بگەیەنێت؟