لیا شەرەف بۆ گوڵان: زۆر كەس چاویان بە سەركەوتنی هونەری مەغریبی هەڵنایەت، بۆیە تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستن
* بۆچی زیاتر لە كلیپەكاندا دەردەكەویت؟
- جگە لە كلیپ بەشداریی زۆر كاری دیكەی هونەریم كردووە، بەم دواییە بەشداریم لە فیلمێكدا كرد بە ناوی (وریقات الحب)، هەروەها چەند فیلمێكی دیكەش كە تا ئێستا بڵاونەبوونەتەوە، من مۆدێلم، ئەوەش زیاتر وایكردووە كە لە كلیپ و ریكلامدا بەشداربم.
* پەتای كۆرۆنا لە وڵاتی مەغریب چۆن كاریگەریی لەسەر كارە هونەرییەكان كردووە؟
- بەداخەوە كاریگەرییەكی نەرێنیی زۆر خراپی لەسەر كارە هونەرییەكان كردووە، چونكە مۆڵەتی كاركردن و وێنەگرتن نادرێت، هیواخوازین لە چەند مانگی داهاتوودا ئەم دۆخە بەرەو باشی گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، من ئێستا خۆم ئامادە دەكەم بۆ بەشداریكردن لە فیلمێكی كورتی ئەكشندا، هەروەها لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی ناسراو لەسەر ئاستی مەغریب بەشداری لە سێ كلیپدا دەكەم.
* لە نێوان سینەما و شانۆ و درامادا لە كامیان زیاتر خۆت دەبینییەوە؟
- من عاشقی سینەما و درامام و كەسایەتیی هونەریی خۆم زیاتر لە دەبینمەوە، بەتایبەتی سینەما، بڕوام بە تواناكانی خۆم هەیە كە داهێنانی تێدا بكەم، بەڵام سەرەتا كە دەستم پێكرد، راستەوخۆ لە رێگای شانۆوە بوو.
* پێوەرەكانی سەركەوتنی هونەرمەندان، بەتایبەتی كچان لە مەغریب چین؟
- هونەرموند پێویستە رۆشنبیر بێت، جوان بێت، گرنگی بەخۆی بدات، بەڵام بەر لە هەموو شتێك پێویستە توانای داهێنانی هەبێت، چونكە مەغریب وڵاتێكی كراوەیە و بەسەر كولتووری جیاجیادا دابەش بووە، بۆیە ئێمە زۆر حەز لە داهێنان دەكەین لە هەموو بوارەكاندا.
* لە كارە هونەرییەكانتدا كێ هاوكاریی كردوویت؟
- لە سەرەتای دەستپێكردنی كارە هونەرییەكانمدا كەسانێك هاوكارییان كردم، بەڵام دواتر لەرووی بەرهەمهێنان و خەرجیدا هەر سەركەوتن و داهێنانێكم كردبێت، لە ئەنجامی ماندووبوون و تواناكانی خۆم بووە.
* ئەی كەس نەبوو ئامۆژگاریت بكات؟
- من هەر لە سەرەتای كارە هونەرییەكانمەوە بڕوای تەواوم بە تواناكانی خۆم هەبووە، هەمیشە هەوڵم داوە كاری نوێ و داهێنان بكەم لە هونەردا، هەوڵم داوە بژاردەكانم راست و درووست بن و زۆر ورد بم لە هەڵبژاردنی ئەو فیلم و شانۆگەرییانەی كە بەشدارییان تێدا دەكەم، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بم لە كارەكانمدا خۆم تەنیا بە چەند رۆڵێكی دیاریكراو و دووبارەوە نەبەستمەوە و كارێك نەكەم كە لە كۆتاییدا لێی پەشیمان ببمەوە، چونكە ئێستا كەسانێك هەن كە بە هەموو رۆڵێك رازین، تەنیا بۆ ئەوەی دەربكەون بێ ئەوەی گوێ بە هیچ شتێك بدەن.
* لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتانی عەرەبی و مەغریب شەیدای كێی؟
- من سەرسامم بە زۆر لە ئافرەتە هونەرمەندەكان، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی شەیدای ئەنجلینا جۆلی، سوعاد حوسنی، زەهرا رگاگیم، بەردەوام سەیری كارەكانیان دەكەم.
* هونەری مەغریبی بەچی لە هونەری وڵاتانی دیكە جیا دەكرێتەوە؟
- بێگومان هونەری مەغریبی لە زۆر رووەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، وەك باسم كرد مەغریب كراوەیە بەسەر كەلتوری جیاجیا لە ئەوروپا، وڵاتانی كەنداو، مەغریبی ئەمەش وا دەكات كە لە مەغریب كولتوور و فەرهەنگی جیاجیا هەبێت، لە كارە هونەرییەكانیشماندا نوێكاری و داهێنان بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێت و بە سوود وەرگرتن لە كولتوورە جیاوازەكان كار وداهێنانی نوێمان بەردەوام هەیە.
* بۆچی زۆر كەس ئافرەتە هونەرمەندەكانی مەغریب بە خۆ رووتكردنەوە تۆمەتبار دەكەن كە لەپێناو سەركەوتنی كارەكانیان ئەو كارە دەكەن؟
- وەك خۆت ئاماژەت پێ كرد، ئەمانە تەنیا تۆمەتبار كردنە و لە ئیرەیی پێ بردنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمانە كەسانێكن چاویان بە سەركەوتنەكانی هونەرمەندانی مەغریب هەڵنایە، كارە هونەرییەكانمان لە هەموو تەمەنەكان سەیریان دەكەن، سەرەڕای ئەوەی لە سیناریۆی فیلمە سینەماییەكاندا هەندێك جار وروژاندن هەیە، كە ئەوانەش پێویستە بۆ سەركەوتنی رۆڵی هونەرمەندەكان، كە ئەمەش جۆرێكە لە جورئەت لەلایەن ئەكتەر و دەرهێنەر، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی فیلمەكانمان خاوێنن و ئەوەی سەیری دەكات پێویستە تێی بگات، ئینجا حوكم بدات.
* نواندن بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
- بەهرەیەكە وەك شیعر نووسین، دەنگخۆشی و گۆرانی وتن، بەهرەیەكی خوداییە، بەڵام هونەرمەند دەتوانێت پەرە بە تواناكانی خۆی بدات، مەرج نییە ئەوەی لە رووی ئەكادیمییەوە بخوێنێت ئەكتەری باش بێت، بەڵكو پێویستە لە كارەكە بگات بەر لەوەی بیخوێنێت، زۆر هونەرمەند هەن لە مەغریب تەنیا بە كارێكی ناوازە وەك بۆمب تەقیونەتەوە و سەركەوتنی بێ وێنە و مێژووییان بە دەستهێناوە، بەمەرجێك تەنیا یەك رۆژیش لە زانكۆ و ئەكادیمییاكان نەیانخوێندووە.
* تا ئێستا لە چەند فیلم و كلیپدا بەشداریت كردووە؟
- بەشداریم لە پێنج ڤیدیۆ كلیپدا كردووە، دووانیان لە سەردەمی كۆرۆنادا تۆمار كراون، هەروەها بەشداریم لە دە فیلمدا كردووە، لە نێوان فیلمی كورت و درێژ، لە ئێستاشدا خۆم ئامادە دەكەم بۆ تۆمار كردنی فیلمێك و چەند ریكلامێك و تۆمار كردنی یەكەم گۆرانیی تایبەتی خۆم، لەگەڵ نمایش كردنی چەند جلوبەرگێك كە دیزاینی خۆمن.
* كاتی كەرەنتینەت چۆن بەسەر برد؟
لەبەر ئەوەی زۆر دوو دڵم، رۆژانە كاتێكی زۆرم لەگەڵ ئامادە كردنی خواردن و شیرینەمەنی جۆراوجۆری مەغریبی بەسەر دەبرد، لە كەس نزیك نەدەكەوتم و بە هیچ شێوەیەك لە ماڵەوە نەدەچوومە دەرەوە، هەوڵمداوە بە ورەیەكی بەرزەوە مامەڵە لەگەڵ كۆرۆنادا بكەم و چاودێریی دایك و باوكم بكەم، سەرەڕای ئەمانەش لە كۆتاییدا هەر تووشی كۆرۆنا بووم.