دووزەلەکەی (ئامان دای) دوای 75 ساڵ بێدەنگ بوو
ئامان دای لە تەمەنی دە ساڵیدا، لای مورادی تاوسی سونقوڕی فێری ژەنینی دووزەلە دەبێ و 75 ساڵ دووزەلەی دەژەنی و هەرگیز ئەو ئامێرەی لەخۆی دوور نەدەکردەوە، لە شین و شایی خەڵک بە دووزەلە بەشداریی دەکرد.
دەنگی دووزەلەکەی لە شینگێڕی و چەمەریدا خەم و خەفەتی لێ دەباری و لە شایی و هەڵپەڕکێشدا کەس خۆی پێ نەدەگیرا و دەکەوتە سەما و هەڵپەڕکێ. ئەم هونەرمەندە بەر لە مەرگی، لە جەژنی مۆسیقای کرماشان بەشداریی کرد و رێزی لێ گیرا.
ئامان دای یەکێک لە بەساڵاچووترین و دیارترین دووزەلەژەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە لە تەمەنی 85 ساڵیدا، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە دووزەلە کرد.
هەر بەم بۆنەوە، بەڕێوەبەری خانەی مۆسیقای کرماشان لە پەیامێکدا، خەمباریی خۆی بە بنەماڵەی مۆسیقای کوردی راگەیاند و گوتی: "میوزیکی کرماشان یەکێک لە باشترین ژەنیارەکانی خۆی لە ژەنینی دووزەلە لەدەست دا. مامۆستا ئەمانوڵا تاهیری، کە بە ناوی هونەریی (ئامان دای) ناسرابوو، رۆڵی گرنگی بۆ مۆسیقای سونقور و کولیایی گێڕا. زیاتر لە هەفت دەیە، بەردەوام بوو لە دووزەلەژەنی و کۆچی دوایی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ مۆسیقای کوردی".
دووزەلە، کە لای کوردەکانی خۆراسان بە قوشمە ناسراوە، یەکێکە لە ئامێرە کۆن و مێژووییەکانی مۆسیقای کوردستان و هۆکاری ناوەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە زەل (قامیش) دروستی دەکەن. لە رۆژهەڵات دوو قامیش یان دوو زەل دەخەنە پاڵ یەک و پێکەوە گرێیان دەدەن، بەڵام کرمانجەکانی خۆراسان دووزەلە لە ئێسکی باڵی هەڵۆ دروست دەکەن.
قوشمەی کوردەکانی خۆراسان سێ جۆری پێنج کون، شەش کون و هەفت کونیان هەیە، بەڵام دووزەلەی رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا شەش کونی هەیە. ئێستا باشترین دووزەلەژەنەکانی کوردستان لە ئیلام، کرماشان و سنەدا دەژین.
basnews