لە کەرکووک ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام خولێكی مەقامبێژیی كردەوە

لە کەرکووک ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام خولێكی مەقامبێژیی كردەوە
لە سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك، (ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام)، خولێكی مەقامبێژیی بۆ ژمارەیەك لە گەنجانی بەهەرمەند كردەوە و ئەو خولە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
لەمبارەوە، رۆكان جاف، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 9/11/2020، ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، بە هاوكاریی سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك لەناو سەنتەرەکە خولێكی فێربوونی مەقامبێژیی بۆ ژمارەیەك گەنجی بەهەرمەند و هونەرمەندی كەركووك كردەوە".

گوتیشی: "ئەو خولە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و لەلایەن مامۆستای مەقامات و شارەزا لەو بوارە (عومەر محەمەد)ەوە دەگوترێتەوە و بەشداربوانی خولەكە زیاتر لەگەڵ جۆرەكانی مەقام و شێوازەكانی مەقام ئاشنا دەكرێن، بەتایبەت ئەو مەقامانەی لەلایەن عەلی مەردان و مەقامبێژە كوردەكانەوە گوتراوبەتەوە، هەروەها ئەوانەی دەشتی گەرمیانیش.

مێژووی مەقامبێژی لە كەركووك و گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1800كان و لەو سەردەمەدا مەلا وەلی بەناوبانگترین مەقامبێژی ناوچەكە بووە و پاشان شۆڕ بووەتەوە بۆ سەردەمی عەلی مەردان و حوسێن عەلی و سەڵاح داودە و ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام ساڵانێكە لەلایەن مامۆستایان و شارەزایانی بواری مەقام لە كەركووك دامەزراوە و لەو بوارەدا خزمەتێكی زۆریان كردووە و ناوە ناوە خولی فێربوون بۆ گەنجانی ناوچەكە دەكەنەوە.

basnews
Top