لە کەرکووک ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام خولێكی مەقامبێژیی كردەوە
لەمبارەوە، رۆكان جاف، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 9/11/2020، ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، بە هاوكاریی سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك لەناو سەنتەرەکە خولێكی فێربوونی مەقامبێژیی بۆ ژمارەیەك گەنجی بەهەرمەند و هونەرمەندی كەركووك كردەوە".
گوتیشی: "ئەو خولە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و لەلایەن مامۆستای مەقامات و شارەزا لەو بوارە (عومەر محەمەد)ەوە دەگوترێتەوە و بەشداربوانی خولەكە زیاتر لەگەڵ جۆرەكانی مەقام و شێوازەكانی مەقام ئاشنا دەكرێن، بەتایبەت ئەو مەقامانەی لەلایەن عەلی مەردان و مەقامبێژە كوردەكانەوە گوتراوبەتەوە، هەروەها ئەوانەی دەشتی گەرمیانیش.
مێژووی مەقامبێژی لە كەركووك و گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1800كان و لەو سەردەمەدا مەلا وەلی بەناوبانگترین مەقامبێژی ناوچەكە بووە و پاشان شۆڕ بووەتەوە بۆ سەردەمی عەلی مەردان و حوسێن عەلی و سەڵاح داودە و ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام ساڵانێكە لەلایەن مامۆستایان و شارەزایانی بواری مەقام لە كەركووك دامەزراوە و لەو بوارەدا خزمەتێكی زۆریان كردووە و ناوە ناوە خولی فێربوون بۆ گەنجانی ناوچەكە دەكەنەوە.
basnews