کۆمەڵە چیرۆکی (هەناسەی شەو) لە کەرکووک چاپ و بڵاو کرایەوە

کۆمەڵە چیرۆکی (هەناسەی شەو) لە کەرکووک چاپ و بڵاو کرایەوە
نوێترین کۆمەڵە چیرۆکی نووسەر ئەسعەد عەزیز بەناوی (هەناسەی شەو) چاپ و بڵاو کرایەوە و ڕێورەسمێک بۆ ناساناندن و بڵاوکردنەوەی ساز کرا.

ئەمڕۆ یەكشەممە 8/11/2020، ئەسعەد عەزیز، چیرۆكنووس و نووسەری پەرتووكی (هەناسەی شەو) ڕایگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ شەممە لە كۆڕێكدا لە سەنتەری رۆشنبیریی كەركووك و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە رۆشنبیران و نووسەرانی كەركووك، ڕێورەسمی ناساندن و واژۆكردنی نوێترین كۆمەڵە چیرۆكم بەناوی (هەناسەی شەو) بەڕێوە چوو.

گوتیشی: "پەرتووكە نوێیەكەم لە كۆمەڵە چیرۆكێك پێكهاتووە و درێژەپێدانی ئەزموونمە لە بواری چیرۆكنووسیندا كە لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوەوە تا ئێستا چیرۆك دەنووسم، بەڵام ئەم كۆمەڵە چیرۆكە دوایین ئەزموونە لەو بوارە و كتێبەكەم لە 172 لاپەڕە پێكهاتووە و دەتوانم بڵێم دید و پەیامی جیاوازی لەخۆ گرتووە بەو شێوەیەی كەوا پەیوەندیی من و شاری كەركووكە بە جوانی و ناشرینەكانیشییەوە، بە خەیاڵ و ئەندێشەوە و لە دووتوێی ئەو پەرتووكەدا ڕەنگی داوەتەوە".

گوتیشی: وام داڕشتووە کە رەنگی رەشبینی و خەمۆكیی ناو شارەکە بە پەرتووكەكەوە دیار بێ، بەڵام ئەو جۆرەشیان رەنگە شتێكی ئاسایی بێ بۆ بارودۆخی ئێستای كەركووك كە ئەو دۆخەی پێیدا تێپەڕێوە".

basnews
Top