رێوڕەسمی پێشكەشكردنی كتێبەكەم (ئەو ساڵەی بێژەری دەنگی كوردستان بووم)
رۆژی پینجشەمەی رێكەوتی ١٧/٩/٢٠٢٠ لە گۆڕەپانی مۆزەخانەی ئەمنەسوورەكەی سلێمانی رێوڕەسمی پێشكەشكردنی كتێبەكەم بوو.
ئەم كتێبە لە نووسینی خۆم (حەمەڕەشید هەرەس) و دەزگای گوڵانی خۆشەویست بە دڵسۆزییەوە ئەركی چاپكردنی لە ئەستۆ گرت، كە دیزانێكی جوان و شێوەیەكی گونجاویشی پێ بەخشیوە.
رێورەسمەكە لە لایەن كاك سەربەست مەنمی سەرۆكی دامەزراوی (دیالۆگی كورد) بەرنامەڕێژیی بۆ كرا بوو، كە بە سەرپەرشتیی ئامانج عەبدوڵڵا سوور بەڕێوەبەری كەناڵی تەلەفزیۆنی سلێمانی، لە سەرەتاوە تا كۆتایی پەخشی راستەوخۆیان كرد، جگە لە كەناڵی ناوخۆیی سلێمانی و كوردستان تی ڤی-یش كە بەشی خۆی پڕ كردەوە، پەیامنێری چەند گۆڤارێكیش لێدوانیان لێ وەرگرتم.
سەرەتا كاك ئامانج عەبدوڵڵا سوور بەڕێوەبەری كەناڵی تەلەفزیۆنی سلێمانی وتەیەكی تێروپڕی پێشكەش بە میوانەكان كرد، ئینجا كاك سەربەست مەنمی بە تانوپۆی كتێبەكەدا هاتە خوارەوە، ئەوەی لای من زۆر گرنگ بوو گوتی: ئەمە یەكەم بیرەوەریی شۆڕشە كە نووسەر بە گیانێكی كوردانەوە تۆماری كردووە،
پاشان برای بەڕێز د.سالار عوسمان بریكاری وەزیری رۆشنبیری وتەیەكی زۆر بەپێزی دەربارەی كتێبەكە و نووسەرەكەی پێشكەش كرد، د.سالار خۆیشی نووسەری كتێبێكە لە سەر دەنگی كوردستان، كە بە ئەزموونەوە وتە جوانەكانی پیادە دەكرد، بە راستی بۆ من بە تایبەتی و بۆ میوانەكانیش بەگشتی جێگای دڵخۆشی بوو، ئەوەیە كەسی شیاو لە پێگەی شیاودا، لێرەوە رێزی زۆرم بۆ ئەم كەسایەتییە جوانە هەیە.
ئینجا رێورەسمەكە بە پێشكەشكردنی وتەیەكی خۆم و بە پێشكەشكردنی كتێبەكە بە میوانە خۆشەویستەكان كۆتایی هات.
ئەوەی ماوەتەوە و بەلامەوە گرنگە باسی بكەم، رۆڵی بەرچاوی كاك (فەرهاد محەمەد) سەرنووسەری گۆڤار گوڵانی خۆشەویستە، چونكە ئەگەر ئەو بەڕێزە نەبوایە ئەم كتێبە ئاوا بە جوانی نەدەچووە كتێبخانەی كوردەوە، دەستی دڵسۆزییان دەگوشم، هەروەها كاك خەلیل بلەیی و كاك شاخەوان كە ئەوانیش ئەركی زۆریان كێشا و ماندوو بوون.
سوپاسی زۆریشم بۆ عەمید (بەختیار باراوی) بەڕێز كە دڵسۆزانە بە دوای دەرچوونی ئەم كتێبەوە بوو.
بژی كورد، بژی كوردستان.