روان ستۆرم: هونەری رۆژهەڵاتی هەمیشە زیندوویی پێوە دیارە

روان ستۆرم: هونەری رۆژهەڵاتی هەمیشە زیندوویی پێوە دیارە
روان ستۆرم یەكێكە لە دەفژەنە بەناوبانگەكانی جیهان و دانیشتووی ئەمریكایە، ماوەی 25 ساڵە وەك هونەرمەندێك كاری هونەری دەكات، بەتایبەت ژەنینی ئامێرە میۆزیكییە رۆژهەڵاتییەكان و داهێنانی زۆریشی لەو بوارەدا كردووە.
لە چاوپێكەوتنێكیدا دەربارەی ئامێرە میۆزیكییە رۆژهەڵاتییەكان، باس لە ئامێری دەف دەكات و دەڵێت: «ئامێرە موزیكییە رۆژهەڵاتییەكان بە گشتی تاموچێژێكی تایبەت بە میۆزیك و هونەر دەبەخشن، بەجۆرێك مرۆڤ ئەگەر بە وردی بچێتە ناخی ئەم ئامێرانە و ئەو دەنگەی كە هەیانە، هەست دەكات رووەو رۆحی میۆزیك هەنگاو دەنێ، بۆیە هەمیشە هەوڵمداوە بە گوێرەی توانای خۆم، كار لەسەر ئەم ئامێرانە بكەم و لە میۆزیك و هونەر و لە نێو جەماوەری رۆژئاواشدا زیندوویان بكەمە».
سەبارەت بە دەف، روان پێناسەیەكی تایبەتی هەیە و دەڵێ: «بەگشتی هونەری رۆژهەڵاتی زیندوویی پێوە دیارە، بەتایبەتی دەف كە یەكێكە لەو ئامێرانەی كە من خولیایم و حەز دەكەم بەردەوام شتی نوێی لێ فێر ببم و پێشكەشی گوێگری میۆزیكی بكەم، چونكە لە مووزیكی رۆژهەڵاتیدا جێی دیارە و تامێكی تایبەت بە میۆزیك دەبەخشێت، هەر بۆیە زۆر حەز دەكەم سەردانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەم و كۆنسێرتێكی تایبەت پێشكەش بكەم، چونكە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان تامەزرۆی میۆزیكن، بەتایبەتی بیستوومە كە شارەزاییەكی زۆریشیان لە ژەنینی دەف هەیە و بەشێكی زیندووە لە هونەرەكەیان، هیوادارم ئەو ئاواتەم بێتە دی.
Top