گوڵە نەگەشاوەکانی لوقمان غەریب..نمایش دەكرێت
فیلمەكە بەرهەمی هاوبەشی وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەندی گاڤ بۆ بەرهەمهێنانی كاری تەلەفزیۆنی و سینەمایی كوردییە لە شاری سلێمانی .
لوقمان غەریب سیناریۆ نووس و دەرهێنەری فیلمەكە، لەم بارەیەوە گوتی: (لە مانگی دیسامبەری ساڵی ٢٠١٩ وە تا ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی ئەم فیلمەین، كە لە جۆری فیلمی درێژی درامی دایە و ماوەكەی ٩٠ خولەكە، چیرۆك و رووداوەكانی ئاوێتەن لە نێوان دوو مێژووی جیاوازدا، كە بۆ هەردوو ساڵی ١٩٨٨ و ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە، تیادا باس لە ئاسەواری مەرگەسات و ئازار و ئەندێشەی دوو خانەوادەی پاشماوەی هەردوو كارەساتی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات).
سیناریۆی فیلمەكە بە تێگەیشتن و جۆرێكی جیاواز مەسەلەی كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران بەرجەستە دەكات و چیرۆك و بابەتێكی نوێ دەگێڕێتەوە، دیارە ئەو كارەساتانە هەڵگری سەدان چیرۆكی مەرگەساتبار و تراژیدین كە بەداخەوە هێشتا هیچ كام لە بوارەكانی كولتووری، بەتایبەت سینەما و چیرۆك و رۆمانی كوردی بە باشی خۆیان لە قەرەی نەداوە.
فیلمی «گوڵەكان ناگەشێنەوە» بە بەشداریی ھونەرمەندانی خاوەن ئەزموون «عەلی كەریم، بەهائەدین هەڵەبجەیی، تەها داراغایی، جەمیل ئەحمەد، سازگار فواد» و هەریەك لە هونەرمەندانی ناسراو «ئاواز رەحیم، عومەر عەبدوڵا قاچ، سەرچڵ رەفیق، حەسەن حەمەساڵح، ئاراز عەبدولڕەحمان و شاناز جەمال» و هونەرمەندانی لاو و ئەستێرەی ئایندە «لاوە بێستون، شێما رێبوار و شیراز جەلال» و كۆمەڵێ هونەرمەندی دیكەیە.
بینراوەكانی فیلمی «گوڵەكان ناگەشێنەوە» لە شارەكانی هەڵەبجە و دەربەندیخان و ئاوایی رێژنە و دێوانەی دەڤەری گەرمیان تۆمار كراوە، ئەم فیلمە لەلایەن ستافێكی لاوی كوردەوە كاری تەنیك و پرۆداكشنی بۆ ئەنجام دراوە، لەوانە (كامێرا و DOP - بەهمەن سەڵاح، یاریدەدەری دەرهێنەر -نڤار لوقمان، مایكاپ ئارتێست - لارا خەبات، سكرێپ و كلاكێت - شاریۆ یاسین، درۆن و فلای كام - هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری بەرهەم - محەمەد شوان، میوزیك - ژیار گۆران، مۆنتاژ و مێكساژ - دیار خەسرەو، ترایلەر - ژیر، پرۆدێسەر - لوقمان غەریب).
وابڕیارە پاش تەواو بوونی كارە هونەرییەكانی، فیلمەكە لە رۆژی سینەمای جیهانیدا لە مانگی دیسامبەر لە هۆڵەكانی سینەما لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و كەركوك و هەریەكە لە شارۆچكەكانی كەلار و دەربەندیخان و رانیە و قەڵادزێ نمایش بكرێت.
سەبارەت بە كار و چالاكییەكانیشیان بە گشتی، لوقمان غەریب ئاماژەی بەوە كرد كە «لە ناوەندی گاڤ ئێستا سەرقاڵی ئامادەكاریین بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی دیكەی درێژ بە «ناوی ئەوین لەژێر باڵی تاریكدا» كە جۆری فیلمی درێژە و ماوەی ٩٠ خولەكە، باس لە هەندێ ئاریشە و كێشەی سەردەم دەكات، هاوكات كار بۆ بەرهەمهێنانی زنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنی دەكەین كە بریتییە لە ٣٠ ئەڵقە و لە مانگی رەمەزانی داهاتوودا لە كوردستان تیڤی پەخش دەرێت) .