شەهرام عەلیدی :گرنگ ئەوەیە كارێك پێشكەش بكەیت پێشتر بەو شێوەیە باسی لێوە نەكرابێت

شەهرام عەلیدی :گرنگ ئەوەیە كارێك پێشكەش بكەیت پێشتر بەو شێوەیە باسی لێوە نەكرابێت
شەهرام عەلیدی لە دەرهێنەرە لاوە سەركەوتووەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە تا ئێستا چەندین كاری سەركەوتووی لە كوردستان و لە دەرەوەش پێشكەش كردووە و فیلمەكانی گەیشتوونەتە فیستیڤاڵە جیهانییەكان وەك فیستیڤاڵی (كان)، هەروەها پار سەرۆكی لیژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بووە.
شەهرام عەلیدی پێیوایە بە بەردەوام نیشاندان و بەرجەستە كردنی كارەساتەكانی میللەتی كورد بە درێژایی كارێكی ئاساییە، چونكە پێویستە گرنگی زیاتر بە بابەتی و چۆنیەتی نیشاندانی ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی مافی تەواوی كارەساتەكە یان تراژیدیاكەی پێ بدرێت و دەڵێ: خودی بابەتەكە و بوونی زۆر گرنگ نییە، بەر لە ئێمەش كاری زۆر كراوە، گرنگ ئەوەیە تۆ چۆن دەڕوانیتە ئەم بابەتە، چەندین فیلم لەسەر رووداوە جیهانییەكان كراون، زۆر جار بەشێوەیەكی وا بووە كە مرۆڤ بە هیچ شێوەیەك بە خەیاڵیشیدا نەچووبێت، بۆ نموونە دوور نییە لە روانگەیەكی هونەرییەوە یان لە باسێكی بچووكی هونەرییەوە و باس لە كارەساتێكی زۆر گەورە بكرێت ، سەبارەت بە ئێمەش بە هەمان شێوە كاری زۆر كراوە، بەڵام هەر یەكێك لە دیدوبۆچوون و روانگەیەكی تایبەتەوە و دڵنیام دەتوانرێ كاری زیاتریش بكرێت گرنگ ئەوەیە هەر كارێك ئەنجام بدرێت وەك ئەوەی پێشووی نەبێت و جیاواز بێت.
سەبارەت بە بەردەوام بوونی سینەماكارانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان لە نیشاندانی مەینەتییەكانی میللەتی كورد و چەوساندنەوەی لەلایەن دوژمنانەوە و كردنی بە بابەتی سەرەكیی كارەكان و ئایا بەردەوام دەبن لەو رێچكەیە، دەرهێنەری فیلمی (سرتە لەگەڵ با) پێیوایە رەنگە ئەمە زۆر ئاسان نەبێت و دوور نییە ئەم كارە بەرپرسیاریەتی لەسەر سینەماكارانی كورد دروست بكات و پێویستە لە كارە سینەماییە كوردییەكان ئەوە بەرجەستە بكرێت كە میللەتی كورد چۆن بەرگری لە خۆی كردووە وئەو هۆكارانە چین كە وایانكردووە دەرهێنەری كورد نەتوانێت وەكو پێویست بەرگری و بەرخودانی میللەتی كورد نیشان بدات، پێویستە فیلمسازان و سینەماكارانی كورد ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە هەر كاتێك میللەتی كورد هەستی بە هەڕەشە كردووە یان ژیانی كەوتۆتە مەترسییەوە ناچار بووە شوێن و مەملەكەتی خۆی جێبهێڵێت، بەڵام دەستەوەستان نەبووە بەڵكو لە شوێنێكی دیكەوە دووبارە دەستی بە ژیان كردۆتەوە، هەر كاتێك زەوییەكەی سووتێنراوە، چووە لە شوێنێكی دیكە زەوی چاندۆتەوە ئەمە بۆ خۆی گەورەترین بەرگرییە، ئێستا ئەگەر تۆ گوللەیەك بەرەو رووی داگیركەری وڵاتەكەت بتەقێنیت وەك پارتیزان بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدرێیت، ئەگەر بەرگریشت كردبێت لە مافەكانی خۆت.
Top