شه‌هره‌یار:هونه‌رمه‌نده‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان به‌ ئامۆژگاریه‌كانیان هاوكاریمان ده‌كه‌ن

شه‌هره‌یار:هونه‌رمه‌نده‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان به‌ ئامۆژگاریه‌كانیان هاوكاریمان ده‌كه‌ن
شه‌هره‌یار حه‌سه‌ن گۆرانیبێژێكی گه‌نجه‌ و له‌ سه‌ره‌تای كاروانی هونه‌رییه‌تی، یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی به‌رنامه‌ی (كوردستار)، ئێستا سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی دووه‌م به‌رهه‌می خۆیه‌تی وه‌ك سیدی، له‌ ده‌رفه‌تێكدا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گوڵانی دایه‌وه‌.







• كاتێك ده‌ستت به‌ گۆرانی گوتن كرد ترست نه‌بوو له‌وه‌ی كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هێنی و خه‌ڵك پێشوازی له‌ به‌رهه‌مه‌كانت نه‌كات ؟

- لە ڕاستیدا ترس هەیه، بەڵام بۆ من به پێچەوانەوه بوو، چونكه من له رێگەی به‌رنامه ی(كوردستار)ەوه دەستم بەگۆرانی وتن كرد و پێش ئەوەی دەست بەكاری هونەری خۆم بكەم، ئەو بەرنامەیەش منی به خەڵك ناساند.

• لە كاتی وتنەوەی گۆرانیە كۆنەكاندا، لاوەكان سەركەوتوو بوون لە وتنەوەی گۆرانییەكە بەشێوەیەكی جوان؟

- میدیاو خه‌ڵك وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌توانن بڕیاری لێ بده‌ن كه ئایا سه‌ركه‌وتوو بوون و تا چه‌ند له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ پێشوازی له‌و گۆرانیانه‌ كراوه‌.

• هونەرمەندە بە ئەزموونەكان یارمەتی ئێوە دەدەن؟

- به‌ڵێ به‌ ئامۆژگاری و تێكست و ئاوازەكانیان .

• به‌ ده‌ستنه‌هێنانی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی پێش بینی ده‌كرا، ده‌كرێ هونه‌رمه‌ند بڵێ لێی په‌شیمانم؟

- نەخێر، له هیچ شتێك په‌شیمان نیم، چونكه‌ هەموو شتەكانی رابردووم بوونه‌ته‌ ئه‌زموون بۆم.

• به‌رده‌وام شتی نوێ پێشكه‌ش ده‌كرێ له‌ هونه‌ری كوردی، ئایا ده‌توانین بڵێین هونه‌ری كوردی گه‌شه‌ی كردووه‌ و لایه‌نه‌كانی گه‌شه‌كردنی چین به‌ ڕای تۆ؟

- بێگومان ده‌توانین وا بڵێین، چونكه‌ هه‌بوونی چه‌ندین شاعیری گۆرانی و موزیك ژه‌ن و هونه‌رمه‌ندی به‌ توانا كه‌ وایان كردووه‌ ململانێ دروست بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك هه‌وڵ بدات له‌ گۆڕه‌پانی هونه‌ری كوردیدا به‌رهه‌می باشتر پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ر بكات، به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڤیدیۆ كلیپیش، ئێستا چه‌ندین وێنه‌گری به‌ توانا هه‌ن و به‌ بارین كوالیتی كلیپ به‌رهه‌م ده‌هێنن، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئێستا له‌ كوردستان چه‌ندین كه‌ناڵی هونه‌ری هه‌ن كه‌ ته‌واوی به‌رنامه‌كانیان هونه‌رییه‌ و به‌شێكی زۆری كاته‌كانیان بۆ نمایش كردنی كلیپی هونه‌رمه‌ندان ته‌رخان كردووه‌‌، ئه‌مانه‌ به‌ گشتی كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هونه‌ری كوردی و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردن و گه‌شه‌سه‌ندنی.

• دواین كاری هونه‌ریت چییه‌ ؟

- له ئێستادا سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی سیدییەكم و یەكێك له به‌رهه‌مه‌كانی ئەم سیدییه‌ش به‌ ڤیدیۆ كلیپ تۆمار ده‌كه‌م ئه‌مه‌ش له دوای سیدی(شاری بیری) ده‌بێته دووەم سیدیم.









Top