ئەمەل حیجازی بۆ گوڵان:هونەرمەند بەردەوام پێویستی بە نوێكاری هەیە

ئەمەل حیجازی بۆ گوڵان:هونەرمەند بەردەوام پێویستی بە نوێكاری هەیە
ئەمەل حیجازی هونەرمەندێكی خاوەن بەهرە و سەلیقەیەكی هونەرییە، ئەگەرچی ماوە ماوە بەهۆی پابەندبوونی بە ئەركە خێزانییەكانیەوە وەكو دایك و ئافرەتی ماڵ دەركەوتنی كەم دەبێت، بەڵام هەر كاتێكیش دەركەوت، ئەوا بەرهەمێكی بەپێز پێشكەش دەكات كە دووبارە بوونی خۆی بەهێزتر لە پێشوو دەسەلمێنێت و جەماوەرەكەی رازی دەكات،لە پێوەندییەكدا بە تەلەفۆن ئەمەل حیجازی بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.



* ئێستا زۆر لە كچە هونەرمەندەكان بەوە تاوانبار دەكرێن كە پشت بە خۆ رووت كردنەوە و نیشاندانی جوانی و وروژاندن دەبەستن بۆ سەركەوتن لە كارەكانیان و پەیدا كردنی جەماوەر، رات چییە بەرامبەر بەمانە؟
- هەر كەسێك ئازادە بۆ خۆی چۆن دەردەكەوێت، من خۆم دژی ئەوەم كە ئێستا هەیە و پشت بە وروژاندن دەبەستێت و هیچ پەیوەندییەكی بە هونەرەوە نییە بۆیە ناكرێ ئەو جۆرە كەسانەش بە هونەرمەند ناوببرێن، بەڵام وەك گوتم هەموو كەس ئازادە خەڵكانێك هەن حەز لەو جۆرە دەركەوتنە دەكەن.
* ئەی جوانی؟
- ئەمەش بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە، پێموایە ئەمانە نابنە هونەرمەند، ئەمانە زوو لەناودەچن و لە بیر دەكرێن و نموونەشمان زۆرە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو كەسانەن كە هونەرێكی بەهێز پێشكەش دەكەن و پشت بە توانا و بەهرەی خۆیان دەبەستن .
* پێویستە هونەرمەند بۆ سەركەوتنی بەردەوام دەربكەوێت و كاری زۆر پێشكەش بكات؟
- من دەڵێم نەك بۆ هونەرمەندی گۆرانیبێژ بەڵكو بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە لەنێو كۆمەڵگادا ناوبانگیان هەیە دەركەوتن و ریكلام زۆر گرنگە وەك یاریزان و ئەكتەر و دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر دەركەوێت، هەروەها دەركەوتنی هونەرمەند و ریكلام سوودی بۆكۆمپانیاكانیش هەیە، چونكە ئەوانیش سوود لە ناوبانگی ئەو كەسانە وەردەگرن و لە كۆتاییدا سوودی ماددی زۆریان پێدەگات، گرنگ ئەو نرخە نییە كە دەدرێتە هونەرمەند.
* ئایا پێكهێنانی ژیانی هاوسەری و دایكایەتی نابنە هۆكارێك بۆ دووركەوتنەوەی ئافرەتە هونەرمەندەكان لە كاری خۆیان بەتایبەتی گۆرانیبێژەكان كە پێویستە بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ جەماوەردا هەبێت؟
- هەر گۆڕانكارییەكی نوێ لە ژیانی هونەرمەند تەنانەت ئەگەر بچووكیش بێت كاریگەری دەبێت لەسەر ئەو رەوتەی كە ئەو پێشتر لەسەری چووە، رەنگە وەك جاران كاتی نەبێ و نەتوانێت هەموو كاتی خۆی بۆ كاری هونەری تەرخان بكات، ئەمەش زۆر ئاساییە بەتایبەتی بۆ ئافرەت، منیش وەك هەر ئافرەتێك شوو كردن و دایكایەتی تا رادەیەك كاریگەرییان هەبوو، بەڵام نەگەیشتە ئەو رادەیەی دوورم بخەنەوە بەڵكو تەنیا راوەستانێكی كاتی بوو و دواتر بە هێزتر گەڕاومەتەوە.
* تۆ زۆر جار شێوەی خۆت دەگۆڕی و جەماوەر تووشی شۆك دەبێت كاتێك بە ستایلێكی نوێوە دەتبینن، ئەمە كاریگەری لەسەر ئاستی جەماوەریت نەكردووە؟
- مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە نوێكاری هەیە بەتایبەتی بۆ هونەرمەند، منیش یەكێكم لەوانەی حەز لە نوێكاری دەكەم بۆیە زۆر جاری دیكە لێكدرایەوە، زۆر جاری وا هەیە گۆرانیبێژ بۆ تۆمار كردنی كلیپێك بە شێواز و ستایلێكی نوێ دەردەكەوێت كە رەنگە مایەی سەرسوڕمان بێت،ئەمەش بە زۆری لەسەر داوای دەرهێنەر بووە، گۆرانیبێژیش پابەندە بە رێنماییەكانی دەرهێنەر بۆ سەركەوتنی كلیپەكەی.
*زۆر لە هونەرمەندان دەڵێن ناوبانگ زیان بە هونەرمەند دەگەیەنێت ئەمە تا چەند راستە؟
- من وەك هەر هونەرمەندێكی دیكە دووچاری گرفتی جیا بوومەتەوە زۆر جاریش گرفتەكان ئەوەندە گەورە نەبوون كە بەو شێوەیە باسیان لێوە بكرێت، بەڵام دەزگاكانی راگەیاندن گەورەیان كردووە، چەندین جار شتی زۆر گەورە دەربارەی من گوتراوە كە بە هیچ شێوەیەك وا نەبووە لەوانەیە هەڵەیەكی ئاسایی یان رۆتین لێك تێنەگەیشتنێك هەبێت میدیاكان بیكەنە گرفتێكی زۆر گەورە، ئەگەر دە دەقە لە فڕۆكەخانەیەك دوابكەویت زۆر ئاساییە بۆ بەیانی لە رۆژنامەكان بنووسن فڵان هونەرمەند رێگای پێ نەدرا بچێتە ئەو وڵاتە و لە پاڵ ئەمە قسەی دیكەی زۆریشت بۆ هەڵدەبەستن، لەم حاڵەتەدا ئەگەر وەڵامیان بدەیتەوە یان نەدەیتەوە لە كۆتاییدا هەر كاریگەری دەبێت، بۆ نموونە جارێكیان باس لەوە كراوە كە رێگا بە من نەدراوە بچمە وڵاتی كوێت.
* كەواتە تۆ ئاگادار نەبوویت؟
- نەخێر بە هیچ شێوەیەك، چونكە ئەو كات گوتیان ئەم رێگە پێنەدانە پەیوەندی بە لایەنی ئایینییەوە هەیە لەكاتێكدا من مرۆڤێكی مولتەزمم و لە خانەوادەیەكی موحافیزكارم و هیچ كاتێك پەیوەندی نێوان خۆم و خوام نەپساندووە بگرە زۆر پابەندم بە رۆژوو گرتن و نوێژەكانم و زۆر جار لە مانگی رەمەزاناندا من لە كاری هونەری دادەبڕێم تەنانەت چەند جارێك باسی ئەوەم كردبوو كە زۆر ئاساییە من حیجاب بپۆشم، بەڵام تا ئێستا بیرم لەوە نەكردۆتەوە واز لە گۆرانی بهێنم، چونكە دەبێ ئەو كارە بە قەناعەتەوە بكەم.
* رق و قینە لە ژیانی ئەمەل بوونی هەیە؟
- نەخێر، چونكە گرفتی تایبەت و شەخصیم لەگەڵ كەسدا نییە بۆ ئەوەی رقم لێی بێت.
* ئایا زانیاریت دەربارەی كوردستان هەیە؟
- زۆر خۆشحاڵم كە جەماوەرم لە كوردستان هەیە و هیوادارم بتوانم رۆژێك لە رۆژان ئاهەنگیان بۆ ساز بكەم.
* ئەی سەبارەت بە هونەری كوردی؟
- ئەوەی راستی بێت زانیاریی ئەوتۆم نییە، بەڵام ئەگەر گوێم لە هونەر و گۆرانی كوردی ببێت بتوانم سوودیان لێ ببینم .
* بۆ تۆ ئاساییە سوود لە هونەر و ئاوازی میللەتانی دیكە وەربگریت لە كارەكانی خۆتدا؟
- بەڵێ زۆریش ئاساییە و هیچ گرفتێكم نییە لە بەكارهێنان و سوود وەرگرتن لە ئاوازی بیانی ئەگەر خۆش بێت جا هی كێ بێت و لە هەر شوێنێك بێت، چونكە مۆسیقا هیچ ناسنامەیەكی دیاریكراوی نییە، گرنگ ئەوەیە بتوانم جەماوەری خۆم رازی بكەم، من سوودم لە ئاوازی میللەتانی دیكە وەرگرتوو.
* ئەگەر یەكێك داوات لێ بكات بە كوردی گۆرانی بڵێی رازای دەبیت؟
- رەنگە زمانەكە بۆ من تۆزێك گرفت بێت، بەڵام ئەگەر بتوانم ئامادەم بیڵێم.
* دوا وتەت چییە؟
- تا ئێستا دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخساوە سەردانی كوردستان بكەم، بەڵام لێرەوە بە جەماوەری خۆم لە كوردستان دەڵێم رەنگە من ئاگادار نەبم لەوەی لە كوردستان خەڵكانێك هەن گوێ لە دەنگی من دەگرن و هونەری منیان بە دڵە ئەمەش بۆ من مایەی شانازییە، هیوادارم ئاشتی و برایەتی و خۆشەویستی لە جیهاندا بڵاوبێتەوە و ناوچەی ئێمە لە نەهامەتییەكان دوور بێت، هەروەها جەماوەری من ئەوانەی منیان خۆش دەوێت زیاتر منیان خۆش بوێت و بەڵێن دەدەم منیش بەردەوام بم لە خزمەت كردنیان بە هونەرەكەمەوە.





Top