خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی ئەلین كە جگە لەوەی ستایلێكی تایبەتی هەیە لە گۆرانی وتندا لە هەمان كاتدا زۆر لە گۆرانییە كۆن و فۆلكلۆرییەكانی وتووەتەوە لە بەرهەمەكانی خۆی و لە ئاهەنگە تایبەتییەكانیشدا، ئلین هونەرمەندە كۆنەكان بە قوتابخانە دەزانێت و دەڵێت:پێش ئێمە زۆر هونەرمەندی گەورە هەبوون كە بۆ ئێمە وەك قوتابخانەن ئێمەش هەوڵ دەدەین بەردەوام بین لەسەر هەمان رێڕەوی ئەوان، بەڵام هەر یەكێك بە ستایلێكی تایبەت بە خۆی كە جەماوەر بتوانێت لەو ستایلە بیناسێت، چونكە هەر هونەرمەندێك لە ستایلێكدا زیاتر سەردەكەوێت ئەگەرچی پێویستە هەموو جۆرە ستایلەكانی موزیك بەكاربهێنین و لێیان شارەزا بین، بۆ ئەوەی هەر كاتێك جەماوەر حەزی لە چ جۆرە موزیك و گۆرانییەك بوو، گۆرانیبێژ بتوانێ بە زمانی خۆی سەركەوتوانە بیڵێ و سەرنجی گوێگر بۆ لای خۆی و گۆرانییەكەی رابكێشی، بەڵام ستایلی تایبەت بۆ هونەرمەند زۆر گرنگە.
ئەلین خەلەف دەربارەی ئەوەی تا چەندە لە كار و بەرهەمەكانی خۆی رازییە دەڵێ: من تا ئێستا لە گۆڕەپانی هونەریدا بەردەوامم و خاوەن جەماوەرێكی زۆرم، بەڵام هیچ مرۆڤێك ناتوانێت لەو بوارەی تێیدا كار دەكات بە تەواوی رازی بێت، بێگومان منش مرۆڤم و كەموكوڕیشم هەیە ئەمەش بە لای منەوە ئاساییە، بەڵام تا رادەیەك لە خۆم رازیم.