شهیما جاف: ناوێرم خۆم لە هەموو كارێك بدەم
* وەك ئەكتەرێك راگەیاندن سوودی بۆ شەیما هەبووە یان به پێچەوانە بووە؟
- بەداخەوە ڕێک بەپێچەوانەوە زیانی هەبووە، چونکە هێشتا لە وڵاتی ئێمە نەتوانراوە هونەر وەک پیشە سەیر بکرێت، کامە هونەرمەند هەیە لەم کوردستانە کە خاوەن کارە راستەقینەکەی خۆی بێت کە هونەرە!؟ بێگومان نییە، هەر ئەمەشە وا دەکات هونەر بەهای هونەری خۆی نەبێت، تەنانەت لەناو خودی هونەرمەندان و هونەردۆستانیش بە چاوێکی بێڕێزەوە سەیر دەکرێت.
* هەر ئەكتەرێك ئەگەر بە عەشقەوە كار نەكات سەركەوتوو نابێ، بەڵام هەست دەكرێ تۆ وەك پێویست بەشداری ناكەی لە كارەكان، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- گرنگ نییە شەیما لە هەموو کارێکدا بوونی هەبێت وەک ئەکتەر، گرنگ ئەوەیە من بەشداری لە چ فیلمێکدا دەکەم، ئەگەر فیلمی درێژ یان کورت یان دراما بێت، باوەڕم بە بەرهەمی کەم، بەڵام پوخت هەیە، کاتێک دەڵێم پوخت واتە لەڕووی ناوەڕۆک و فۆرمێکەوە بەرهەمەکە ئامادەی هەبێت، نەک تەنها بە ناو بەرهەم بێت، ناوێرم خۆم لە هەموو بەرهەمێک بدەم، هەرچەندە زۆر کات گلەیی ئەوە لەخۆم دەکەم لە هەندێک بەرهەم بەشداریم کردووە، نەدەبوو بیکەم، بەڵام بەداخەوە کردوومە.
* زۆر جار باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم ئافرەتە هونەرمەندەكان دەكرێت، ئایا لەنێو خودی پیاوە هونەرمەندەكانیش ئاستەنگ بۆ ئافرەتان دروست ناكرێت؟
- هونەر لە وڵاتی ئێمە زۆر بە هەڵەوە کاری بۆ کراوە و نەتوانراوە پەیامی راستەقینەی خۆی بگەیەنێتە کۆمەڵگا، بەداخەوە لە ئێستادا وایلێهاتووە هەرکەس بێ ئیشوکارە خۆی بە هونەرەوە خەریک کردووە کە دەڵێم هونەر مەبەستم هەموو بەشەکانیەتی، زۆر بە ئاسانی هەرکەسێك کارێکی هونەری ئەنجامبدا پێی دەڵێن هونەرمەند، واتە خودی هونەرمەندان ئاستەنگی یەکەمن نەک لەبەردەم ئافرەتان بەڵکو لە پێشکەوتن و قەبوڵکردنی هونەر لە کۆمەڵگا، به ڕای من ئاستەنگەکانیش بریتین لە: خزم خزمێنە، گرووپ گرووپێنە، هاوڕێیەتی، حزبایەتی کردن، پارە خواردن و بەناو هونەرەوە گەندەڵی کردن! لە ئێستادا هونەر واتە پارە پەیداکردن بۆ کۆمەڵێک کەسان و هیچی تر.
* ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە لە فیلمی تراژیدی و كارەسات دوور بكەوینەوە؟
- ئێمە چەندین کارەساتی تراژیدیمان هەیە، ئەوەندەی من ئاگاداربم و زانیبێتم لە ئێستادا نزیکەی 35 فیلمی سینەمایی درێژ راستەوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەر3 پارێزگا بەرهەم هاتووە بە پاڵپشتی حکومەت هەموویان سیناریۆکانیان باسی کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفالە، جگە لە دەیان دیکۆمێنتاری و کورتە فیلم، من ناڵێم بەسە، چونکە مەرج نییە ئەم رێژەیەی باسمان کرد توانیبێتیان ئامانجەکە بگەیەنن، دەکرێت ئیشی زیاتر بکرێت لەسەر ئەم کارەساتانەو دەیان کارەساتی تر، بەڵام له پاڵ ئەمەشەوە دەبێت بیر لە بەرهەمهێنانی ژانرەکانی تری سینەمایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بینەری فیلمی کوردی دروست ببێت، ئەمەش بە ماددەیەکی زۆر و کادری سینەمایی باش و لایەنی تەکنیکی نوێ.
* ئەگەر بە راشكاوی پێمان بڵێی سینەمای ئێرانی سوود یان زیانی بە سینەمای كوردی گەیاندووە؟
- لە چەند ساڵی رابردوو توانراوە زۆر کەڵک لە سینماکارانی ئێرانی وەربگیرێت و جێگەشیان دیارە به کارەکانەوە و دەتوانم ئەوەش بڵێم چەندین کادری سینمایی کە ئەمڕۆ لە بوارەکەدا کاردەکەن لەوانەوە زۆر شت فێربوونە و دەتوانن لە سەر پێیەکانی خۆیان بووەستن، بە ڕای من هونەر به گشتی و سینەما بەتایبەتی هیچ سنوورێک ناناسێت و تا چەند سنوورەکان ببڕێت ئەوەندە پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت.
* بەشی سینەمای كۆلێژی هونەرە جوانەكان وەك پێویست بە ئەركی خۆی هەستاوە؟
- بەراشکاوانە دەڵێم، کاتێک بەشی سینەما لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان دروست بوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کەسی یەکەم بوو كە ڕۆڵی لە دروستکردنی ئەو بەشه هەبوو، بەڵام بەداخەوە دوای چەند ساڵێک و دوای دوورخستنەوەی دکتۆر سەلمان فایەق وەک بەرپرسی بەش بوو ئەم بەشە خنکێنرا بە هەموو شێوەیەک پشتگوێ خراوە و لە ئێستادا تەنها ناوە و هیچی تر، لەسەردەمی دکتۆر سەلمان ناوبراو تەنها هەوڵی بۆ دروستکردنی کادری سینمایی بوو، هەرچەندە من تەواوم كردووە، بەڵام ئەوەندەی من بزانم ئێستا تەنها بۆ بڕوانامەیە، ئێستاش ئەوە پرسیارە لای فێرخوازانی ئەو بەشە و ئەوانەشی تەواویان کردووە دەكرێ بۆچی له سەرەتاوە بەو هەموو هێزە بوو دواتر خنکێندرا؟! لە کاتێکدا دەتوانرا لە ڕێگای ئەو بەشەوە دەیان و سەدان کادری سینمایی پێ بگەیەندرێت.
* زۆر جار لە دراما و سینەما و شانۆش باس لە نەبوونی سیناریۆی باش دەكرێ، ئایا ئەمە تا چەند راستە و ئەگەر وایە چۆن چارەسەر دەكرێ؟
- ئەوەی تائێستا ئێمە بینیومانەو کاری تێدا کراوە بەتایبەت وەک کورتە فیلم و دراما تەنها بیرۆکەیە، چونکە بیرۆکه، چیرۆک ئینجا دەگاتە قۆناخی سیناریۆ، واتە کاتێک دەمانەوێت سیناریۆیەک بنووسین دەبێت بەو 2 قۆناخەدا تێپەڕین، بەڵام تەنیا بیرۆکەیە هەر بۆیەشە لە ئەنجامدا بەرهەمێکی کرچ و لاواز دروست دەبێت، تەنانەت بینەرێکی سادەش هەستی پێدەکات لە کاتی بینین کە ئەم بەرهەمە به زۆر راکێشراوە و هیچ بنەمایەکی سیناریۆی تێدا نییە، لە سیناریۆدا هەموو گەردەکانی ناوی پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و تەواوکەری یەکترن، گرنگترین خاڵ لە سیناریۆدا بەردەوامییە، بەڵام لە کوێی فیلمی کوردیدا کار بەم خاڵە کراوە، بەڕای من چارەسەر ئەوەیە ئەوانەی لە سیناریۆ نازانن و خۆیان پێ سیناریستە با واز بێنن، دراما هەیە پارەی خەیاڵی تێدا سەرفکراوە و مێژووی شارێکی خستۆتە ژێر پرسیارەوە لە کاتێكدا دەرهێنەر و سیناریست بێ ئاگاییان لە کارکردنی یەکتر دەربڕیوە، ئێستاشی لەگەڵدابێت دراما بە سیناریۆی شانۆکاری دەکرێت. با تاقی بکرێتەوە و بۆ چەند درامایەک سوود لە سیناریستی تورک و فارس و عەرەبیش وەربگیرێت خۆ عەیبە نییە، تا بەناو سیناریستەکانمان لێیانەوە فێری نووسینی سیناریۆ بن.