هه‌یفا وه‌هبی:هاتنی من بۆ هه‌ولێر خۆی سوپرایزه‌

هه‌یفا وه‌هبی:هاتنی من بۆ هه‌ولێر خۆی سوپرایزه‌
ئێوارەی رۆژی 29/5/2013 ئەستێرەی لوبنانی “هەیفا وەهبی” لەگەڵ هونەرمەندی عێراقی “حاتەم عێراقی” بۆ سازکردنی دوو کۆنسێرتی گۆرانی گەیشتنە هەولێری پایتەخت، دوای گه‌یشتنیان بۆ شاری هه‌ولێر له‌ هۆتێلی رۆتانا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسییان ساز كرد.



له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌دا هه‌یفا وه‌هبی باسی له‌ هاتنی كرد بۆ شاری هه‌ولێر و ئایا ئه‌مه‌ دوایین سه‌ردانی ده‌بێت یاخود به‌ نیازه دووباره‌ی بكاته‌وه‌، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ ده‌ربڕی و وتی: به‌ر له‌وه‌ی بێم بۆ هه‌ولێر تێڕوانینێكی جیام هه‌بوو بۆ شاری هه‌ولێر به‌تایبه‌تی و كوردستان به‌ گشتی، من وامده‌زانی هه‌ولێر وه‌ك هه‌ر شارێكی دیكه‌ ئاساییه‌،، به‌ڵام ئێستا ئه‌و تێڕوانینه‌م گۆڕاوه‌ و بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ شارێكی جیاوازه‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌مه‌ دوا سه‌ردانم نابێت و سه‌ردانی دیكه‌شی به‌دوادا دێت، لێره‌د پێویسته‌ سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكه‌م بۆ یارمه‌تیدانیان له‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م سه‌ردانه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ ده‌كه‌م، ئه‌مانه‌ش هانده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا بتوانم سه‌ردانی كوردستان بكه‌مه‌وه‌، له‌ یه‌كه‌م ساتی هاتنم بۆ كوردستان جوانیی شاری هه‌ولێر و ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه و ئه‌و رێكخستنه‌ی كه‌ بینیم زۆر سه‌رنجی راكێشام.

سه‌باره‌ت به‌ سروشتی كوردستان و هاوشێوه‌ی له‌گه‌ڵ لوبنان هه‌یفا: هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ پێشكه‌وتنی زۆری به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ له‌ رووی ئاوه‌دانی و گه‌شتیاری، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ و هه‌موو لایه‌ك ده‌یبینین نیشانه‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتن و پێشڤه‌چوونه‌یه‌ به‌تایبه‌تی بۆ وڵاتێك كه‌ له‌ سه‌ره‌تای دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ بێت، ئه‌مڕۆ كه‌ هاتم له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م سه‌یری دیمه‌نه‌كانی ئه‌م شاره‌م كرد به‌راستی سه‌رنجڕاكێش بوون و هه‌ستم به‌ ئه‌من و ئاسایشێكی زۆر كرد، هه‌روه‌ها حه‌ز ده‌كه‌م بڵێم كه‌ لێك نزیك بوون و لێكچوونێك هه‌یه‌ له‌نێوان لوبنان و كوردستان، هیوادارم كوردستان زیاتر پێشكه‌وێت و ئاوه‌دانی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.

سه‌باره‌ت زانیاری ده‌رباره‌ی هونه‌ری كوردی و ئاشنا بوونی به‌ هونه‌ری كوردی، و ئایا هیچ سوپرایزێكی هه‌یه‌، خانمه‌ گۆرانیبێژ هه‌یفا وه‌هبی وتی: به‌داخه‌وه‌ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆم نییه‌ ده‌رباره‌ی هونه‌ری كوردی، هونه‌رمه‌ندێكی كورد ده‌ناسم به‌ناوی رێبه‌ر وه‌حید كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی ده‌زانم، هیوادارم رۆژێك له‌ رۆژان بتوانم به‌ زمانی كوردی گۆرانی بڵێم، هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم ئه‌مه‌ بۆ من ره‌نگه‌ له‌رووی زمانه‌وه‌ تا رادده‌یه‌ك سه‌خت بێت، بۆیه‌ نه‌متوانیوه‌ وه‌ك پێویست له‌ هونه‌ری كوردی نزیك ببمه‌وه‌، زۆر حه‌ز ده‌كه‌م گۆرانیی‌ كوردی‌ بڵێم، به‌ڵام خۆئاماده‌كردنی‌ ده‌وێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانه‌كه‌ بۆ من تا رادده‌یه‌ك سه‌خته‌ بۆیه‌ له‌و كۆنسێرتانه‌ گۆرانی كوردی ناڵێم، سه‌باره‌ت به‌ بوونی سوپرایز له‌و سه‌ردانه‌ش پێتان ده‌ڵێ: هاتنی من خۆی سوپرایزێكه‌.
هه‌یفا وه‌هبی باسی له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌ره‌ب ئایدڵ و ئایا هیچ زانیارییه‌كی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی په‌رواز حوسێن كه‌ به‌شداربووه‌كی كورده‌ له‌و به‌رنامه‌یه‌ و تا ئێستا چه‌ندین قۆناغی بڕیوه‌، هه‌یفا وتی: من سه‌یری ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌كه‌م، په‌رواز سه‌رنجی راكێشاوم، چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌نگە خۆشه‌كانی به‌رنامه‌كه‌ و زۆریش پێشكه‌وتووه‌، من له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌وه‌وه‌ توانیومه‌ هونه‌ری‌ كوردی‌ زیاتر بناسم و هه‌ستم به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كورد خاوه‌ن به‌هره‌ی هونه‌رییه‌، به‌تایبه‌تی كاتێك له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی گۆرانی گوت زۆر سه‌رنجی راكێشام، هیوادارم په‌رواز سه‌ركه‌وتوو بێت له‌و به‌رنامه‌یه‌.
هه‌یفا سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری كردنی له‌ یه‌كه‌م كاری سینه‌مایی كه‌ فیلمێك بوو به‌ناوی (دكان شحاته‌) كه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌ سه‌ركه‌وتوویان زانی له‌ هه‌مان كاتدا ره‌خنه‌یه‌كی زۆریشی لێگیرا، و ئایا به‌ نیازه‌ جارێكی تر هه‌مان ئه‌زموون دووباره‌ بكاته‌وه‌ و به‌شداری له‌ فیلمێكی دیكه‌دا ده‌كات، هه‌یفا وتی: به‌شداری كردنم له‌ فیلمی (دكان شحاته‌) دوای بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر بوو، چونكه‌ پێش ئه‌و فیلمه‌ چه‌ندین كاری دیكه‌ی سینه‌ماییم پێشكه‌ش كرا، به‌ڵام من ئه‌وه‌م هه‌ڵبژارد و پێی رازی بووم.
هه‌یفا ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا چه‌ندین كاری دیكه‌ی پێشكه‌ش كراوه‌ وه‌ك نواندن كه‌ به‌شێكی زۆریان خوێندۆته‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا بڕیار ده‌دات كه‌ به‌شداری له‌ كامیان ده‌كات و ئه‌و كاره‌ هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ بزانێت تێیدا سه‌ركه‌وتوو بێت و سیناریۆكه‌ی به‌ دڵ بێت، یه‌كێك له‌وانه‌ زنجیره‌ درامایه‌كی لوبنانییه‌ كه‌ ڕۆڵی پاڵه‌وانیان پێی به‌خشیوه‌ و ره‌نگه‌ به‌م ڕۆڵه‌ رازی بێت، هه‌روه‌ها ئێستا خه‌ریكی ته‌واو كردنی زنجیره‌ی میسری (مولد و صاحبه الغایب)ـە و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر زوودا كاری وێنه‌گرتنی ته‌واو ده‌بێت.



Top