گرووپی بێسارانی پاڵپشتی پێشنیازی هاوكاریی هونەرمەندان بۆ كوردانی رۆژئاوا دەكات

گرووپی بێسارانی پاڵپشتی پێشنیازی هاوكاریی هونەرمەندان بۆ كوردانی رۆژئاوا دەكات
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی پێشنیازەكەی هونەرمەندی موزیكژەن هەڵبەست سەڵاح، سەبارەت بە پرۆژەی «سندوقی كۆمەكی ئازیزان» بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان، گرووپی مۆسیقای بێسارانی ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ بەشداریكردن لەم پڕۆژە هونەرییە نەتەوەییەدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی گرووپی مۆسیقای بێسارانی، دوای ئەوەی موزیكژەن هەڵبەست سەڵاح پێشنیازی سازدانی كۆنسێرتی «گەورەی هونەریی خێرخوازیی نەتەوەیی» دەكات بۆ ئەوەی داهاتەكەی بۆ «سندوقی كۆمەكی ئازیزان» تەرخان بكرێت و هاوكاری كوردانی رۆژئاوای كوردستانی لە هەرێمی كوردستان پێ بكرێت، گرووپی بێسارانی پاڵپشتی ئەم پرۆژەیە دەكات و ئامادەیی خۆیشی نیشان دەدات بۆ بەشداریكردن لەم پڕۆژە هونەرییە نەتەوەییەدا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، گرووپی بێسارانی بۆ پرسە نەتەوەیی و خێرخوازییەكان هەمیشە پاڵپشت دەبێت، چونكە هونەر جگە لەو جوانی و خۆشییەی بە مرۆڤی دەبەخشێت، دەكرێت رۆڵی لەوە گەورەتری هەبێت و خزمەتی مرۆڤایەتی پێ بكرێت.
لە جێی خۆیدایە، هونەرمەندان لە رێگەی هونەرەكەیانەوە بەشداربن لەم جۆرە پڕۆژە نەتەوەیی و خێرخوازیانە، پێویستە ئەم لایەنە بكرێتە نەریتێك، بۆ ئەوەی پەیامی هونەری لە كوردستان بەهێزتر بكرێت.
گرووپی مۆسیقای بێسارانی، لە ساڵی 2010 ـ دا كۆنسێرتێكی لە شاری هەولێر سازكرد و داهاتەكەی بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت تەرخانكرا.
دوایین چالاكی ئەو گرووپە مۆسیقییە، كۆنسێرتی «زریكەی كۆچ» بوو لە یادی 25 ساڵەی ئەنفالكردنی كورددا، كە بە چاودێریی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی، سۆران و كەلار بەڕێوەچوو.
Top