ئه‌نجلینا جۆلی:هه‌ست ده‌كه‌م هه‌مان ئافره‌تەكەی پێشووم

ئه‌نجلینا جۆلی:هه‌ست ده‌كه‌م هه‌مان ئافره‌تەكەی پێشووم
به‌م دواییه‌ هه‌واڵی بڕینه‌وه‌ی مه‌مكه‌كانی ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی جیهانی و باڵیۆزی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجلینا جۆلی و به‌ ویستی خۆی، بوو به‌ سه‌ر دێڕی هه‌واڵه‌ جیهانییه‌كان و هه‌ر یه‌ك به‌ جۆرێك لێكدانه‌وه‌ی بۆ كرد.
دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك ئینجا ئه‌نجلینا هه‌واڵه‌كه‌ی ئاشكرا كرد و روونیشی كرده‌وه‌ له‌ ترسی ئه‌وه‌ی تووشی شێرپه‌نجه‌ نه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری جینێكی مه‌ترسیداره‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌(BRCA1) و ئه‌گه‌ری توووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك زیاد ده‌كات، بڕیاریدا هه‌ردوو مه‌مكی ببڕێته‌وه‌، پێشتر دایكی ئه‌نجلینا به‌هۆی تووشبوونی به‌ شێرپه‌نجه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا بوو، بۆیه‌ له‌ ترسی ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانی بێ دایك نه‌بن و وه‌ك جۆرێك له‌ خۆپاراستن مه‌مكه‌كانی بڕيیه‌وه‌. ئه‌نجلینا له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ی هه‌موو دایكانی كردبوو دوای نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ ده‌ڵێت: منداڵه‌كانم هه‌ست به‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ ناكه‌ن، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ شوێنی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ به‌ له‌شمه‌وه‌ دیاره‌، من هه‌مان دایكی پێشووم و پێویسته‌ منداڵه‌كانم ئه‌وه‌ بزانن كه‌ خۆشمده‌وێن و ئه‌م كاره‌شم له‌ پێناو ئه‌وان ئه‌نجامداوه‌ و ئاماده‌م هه‌موو شتێك بكه‌م ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خۆشگوزه‌رانی بژین، سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نی مێیه‌تی دوای نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ ده‌ڵێت: هه‌ست ناكه‌م له‌ پله‌ و پایه‌م كه‌م بووه‌ته‌وه‌، هه‌ست به‌ هێز ده‌كه‌م، چونكه‌ بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌م داوه‌ كه‌ هیچ له‌ مێیه‌تیم كه‌م ناكاته‌وه‌.
باوكی ئه‌نجلینا ئاگادار نه‌بوو
جۆن فۆدیتی باوكی ئه‌نجلینا جۆلی بێ ئاگایی خۆی له‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی كچه‌كه‌ی راگه‌یاند‌ و وتی : من له‌ رێگای ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌م زانی، فۆدیت كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ هیچ پێوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی نه‌مابوو، ئه‌نجلینای به‌ كه‌سێكی به‌هێز و بێ وێنه‌ وه‌سف كرد، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رسوڕمانی خۆی به‌م هه‌واڵه‌ ده‌ربڕی، چونكه‌ دوو رۆژ به‌ر له‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ ئه‌نجام بدات كچه‌كه‌ی خۆی بینی بوو و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسی نه‌شته‌رگه‌ری له‌گه‌ڵ نه‌كردبوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بڕیاره‌كه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ نه‌زانی و له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی نیویۆرك ده‌یلی نیوز سه‌باره‌ت به‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجلینا وتی: ناتوانم خۆشه‌ویستيی خۆم بۆ ئه‌نجلینا وه‌سف بكه‌م، دوو رۆژ به‌ر له‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ بینیم له‌گه‌ڵ براد بێت بوو و به‌شداریمان له‌ ئاهه‌نگی له‌ دایكبوونی جیمی برای كرد، به‌ڵام هیچم نه‌زانی ده‌رباره‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌، دواتر له‌ رێگای میدیاكانه‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌م زانی و بووه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمانی من، به‌ڵام زۆریش خۆشحاڵ بووم كاتێك زانیم به‌و هێز و وره‌ی به‌رزه‌وه‌ رووبه‌ڕووی حاڵه‌تێكی ناخۆشی له‌م جۆره‌ بووته‌وه‌ ته‌نیا بۆ‌ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانی بێ دایك نه‌بن قوربانی به‌ جه‌سته‌ی خۆی داوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ من مایه‌ی سه‌ربه‌رزییه‌.
شایه‌نی باسه‌ له‌ ساڵی 2011 ناكۆكییه‌كی زۆر له‌ نێوان ئه‌نجلینا و باوكی هه‌بوو دوای ئه‌وه‌ی باوكی ئه‌نجلینا به‌ تووش بوون به‌ چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی وه‌سف كرد، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌نجلینا باوكی خۆی به‌ خیانه‌ت كردن له‌ دایكی تۆمه‌تبار كرد، به‌ڵام براد بێت توانی ئه‌م ناكۆكیه‌ی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكات و ئاشتیان بكاته‌وه‌.
Top