كە‌مال عەلی:هونەر لە ژیانمدایە، بەڵام بەربەستیش زۆرن

كە‌مال عەلی:هونەر لە ژیانمدایە، بەڵام بەربەستیش زۆرن
لە دوای راپەڕین لە كوردستان، چەند هونەرمەندێكی لاو دەركەوتن كە بۆ ئەو كات خزمەتێكی زۆریان پێشكەش بە هونەری كوردی كرد و توانییان تا رادەیەكی زۆر ئەو كەلێنەی لە هونەردا هەبوو پڕ بكەنەوە، سەرەڕای سەختیی ژیان لەو كاتەدا.
كەمال عەلی یەكێك بوو لەو هونەرمەندانەی لە ساڵانی نەوەدەكان كوردستانی جێهێشت و رووی لە هەندەران كرد، ئەو كات لە ئاستێكی بەرزی هونەریدا بوو و گۆرانییەكانی دەنگ و سەدایەكی زۆریان هەبوو لەنێو جەماوەر.
كەمال عەلی پێیوایە هونەر كارێكە تەنیا بریتی نییە لە پێشكەش كردنی سیدی و بەرهەمی نوێ، بەڵكو هونەرمەند پێویستە درك بە هەر شتێك بكات كە لە ژینگەی دەوروبەری هەیە و بەناوی كاری هونەرییەوە پێشكەش دەكرێت، چونكە ئەمە راستەوخۆ بەر لە هەر كەسێك پێوەندی بە هونەرمەندانەوە هەیە، ئەم درك پێكردنەش پێویستی بە وردبوونەوە و ئاستێكی بەرزی رۆشنبیری و وشیاری هەیە، لێرەدا میدیاش رۆڵێكی گرنگی هەیە بەتایبەتی تەلەفزیۆنەكان كە پێویستە بە یەكسانی بەرهەم و كلیپی هونەرمەندان بڵاوبكەنەوە، بەداخەوە لە كوردستان ئەم كەموكوڕییە هەیە و هەستی پێدەكرێت.
سەبارەت بە گرنگیی كاری هونەری بۆ هونەرمەند كەمال عەلی دەڵێت : ئەو كەسەی بەهرەی هونەری تێدا بێت و لە دڵەوە هونەرەكەی خۆی خۆش بوێت بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری نابێت، ئەگەرچی بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم من و هەموو هونەرمەنداندا هەیە.
Top