مەرجەكانی مەلەك بۆ بەشداری كردن لە ئاهەنــگەكاندا چین؟

مەرجەكانی مەلەك بۆ بەشداری كردن لە ئاهەنــگەكاندا چین؟
مەلەك رۆژهات كچێكی خاوەن دەنگێكی خۆش و سەلیقەیەكی هونەرییە، لە شاری (وان)ی باكووری كوردستان لە دایكبووە و هەر لەوێش دەستی بە كاری هونەری كردووە، سەرەتا وانەی قورئانی بە چەند قوتابییەك وتووە، كاتێك مەلەك رووی لە باشووری كوردستان كرد زیاتر وەك هونەرمەند دەركەوت و جگە لە بەشداری كردنی لە ئاهەنگ و بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان چەندین كلیپ و بەرهەمی تایبەت بە خۆی بڵاوكردەوە و توانا و بەهرە هونەرییەكانی زیاتر دەركەوتن و لە لایەن جەماوەریشەوە زیاتر ناسرا.
مەلەك یەكێكە لەو كچە هونەرمەندانەی كە گرنگییەكی زۆر بە پاراستنی رەسەنایەتیی هونەری كوردی دەدات و ئەو بەرهەمانەی تا ئێستا پێشكەشی كردوون گەواهیدەری ئەو راستیەن، هەر بۆیەش لە ئاهەنگەكاندا زیاتر كاری رەسەن و فۆلكلۆری كوردی پێشكەش دەكات، مەلەك سەبارەت بە مەرجەكانی بۆ بەشداریكردن لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكان دەڵێت: من بەشداریی لە ئاهەنگەكاندا دەكەمن بەڵام بەر لەوەی بەشداری بكەم چەند مەرجێكم هەیە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت بۆ نموونە دەبێ ئاهەنگەكان زیاتر تامی فۆلكلۆری كوردی هەبێت و كارێكی رەسەن پێشكەش بكەم كە ببێتە هۆی پێشخستنی هونەری كوردی، هەروەها دەبێ ئاهەنگەكان دوور نەبن لە دابونەریتی كۆمەڵگای كوردەواری، لایەنی ماددی ئەوەندە گرنگ نییە بەلای منەوە ئەوەندەی كە لە ئاهەنگەكە مورتاح بم و نەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی پەشیمان ببمەوە لە بەشداری كردنم.
بەر لەوەی مەلەك روو لە هونەر و گۆرانی بكات مامۆستای قورئان خوێندن بوو، ئەمەش تا رادەیەك رەنگە گرفتەكانی بەردەمی زیاتر كردبێت وەك ئافرەتێك، لەم بارەیەوە مەلەك دەڵێت: بێگومان هەموو ئافرەتێكی كورد كە رووی لە هونەر كردبێت گرفتی بۆ دروستبوو، منیش یەكێكم لەوانە و بەلامەوە شتێكی ئاسایی بووە، چونكە سەرەتا خانەوادەكەم رێگایان پێ نەدام گۆرانیی بڵێم، بەڵام دواتر كە بۆیان دەركەوت خاوەن بەهرەیەكی هونەریم و دەتوانم لەو بوارەدا سەركەوتوو بم رازی بوون، ئینجا دایك و باوكیشم رێگایان پێدام كە گۆرانی بڵێم و هەر پاڵپشتی و هاوكاریی ئەوانە بوو كە وایان كردم من بگەم بەو ئاستەی ئێستا، پێویستە هونەرمەند بەر لە هەر شتێك كەسایەتیی خۆی بپارێزێت ئەو كاتە جەماوەر بەچاوی رێزەوە سەیری دەكات واتە رێز لە هونەرمەندەكە دەگرێت وەك كەس و وەك هونەرمەند.
سەبارەت بە لاسایی كردنەوەی هونەرمەندان مەلەك دەڵێت: لە گۆرانیدا هەمیشە هەوڵمداوە ستایل و شێوازی تایبەتی خۆم هەبێت و ئەو شتە پێشكەش بكەم كە خۆم حەزم لێیەتی دوور لە كاریگەریی هیچ كەسێك. من لاسایی كەسم نەكردۆتەوە و ویستوومە شتی نوێ پێشكەش بكەم .
Top