سەمەر درێعیی شێوەكار... دەربازبوون لە تەوقی مێــــــــــــــــــــینەبەندیی و هەنگاونان بەرەو ئازادیی ئافرەت

سەمەر درێعیی شێوەكار... دەربازبوون لە تەوقی مێــــــــــــــــــــینەبەندیی و هەنگاونان بەرەو ئازادیی ئافرەت
هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری رۆژئاوای كوردستان سه‌مەر درێعی له‌ شاری هه‌ولێر له‌ چوارچێوه‌ی پێشانگایه‌كدا تابلۆكانی خۆی نمایش كرد و نزیكی 40 تابلۆی به‌ هونه‌ردۆستان ئاشنا كرد، دوای ته‌واوبوونی پێشانگاكه‌ی له‌ شاری هه‌ولێر له‌ دهۆكیش هه‌مان پێشانگای كرده‌وه‌،له‌ تابلۆكانیدا تێكه‌ڵەیەك له‌نێوان سروشت و جه‌سته‌ی ئافره‌ت به‌دی ده‌كرێت، خاڵی جیاوازی سه‌مه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ جورئه‌تەوە‌ وێنه‌ی جه‌سته‌ی ئافره‌ت ده‌كێشێت ئه‌مه‌ش زیاتر سه‌رنجی بینه‌ر بۆ خۆی راده‌كێشێت. سه‌مر درێعی كه‌ خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستانه‌ و به‌ بانگهێشتێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی كوردستانی كردبوو،تا ئێستاش خاوه‌ن حه‌وت تابلۆی جیهانییه‌.
پرۆفایل
سه‌مه‌ر عه‌بدولره‌حمان درێعی.
كچی موزیكژه‌ن و شاعیر و په‌یكه‌رتاش و وێنه‌كێشی ناودار عه‌بدولره‌حمان درێعییه‌.
ساڵی 1977 له‌شاری حه‌له‌بی رۆژئاوای كوردستان له‌دایكبووه‌.
له‌ ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا رووی له‌ وڵاتی رۆمانیا كردووه‌.
ئه‌كادیمیای باڵای هونه‌ری له‌ بۆخاریستی پایته‌ختی وڵاتی رۆمانیا ته‌واو كردووه‌.
سۆلفیجی موزیك وگۆرانی له‌ حه‌له‌ب خوێندووه‌.
خه‌ڵاتی دووه‌می وێنه‌كێشانی سه‌ر جه‌سته‌ی (به‌دی بینتیتنگ ) له‌ رۆمانیا به‌ده‌ستهێناوه‌
تا ئێستا خاوه‌ن حه‌وت تابلۆی جیهانییه‌.
سه‌باره‌ت به‌ پێشانگاكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هاته‌ ئاخاوتن: ماوه‌ی چوار ساڵه‌ خه‌ریكی كێشانی ئه‌م تابلۆیانه‌م و بڕیارم داوه‌ داهاتی فرۆشتنیان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كانی رۆژئاوای كوردستان و خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی كوردستان بكه‌م، له‌م پێشانگایه‌دا نزیكه‌ی 40 تابلۆم نمایش كردووه‌ به‌ شێوازی جیاجیا ره‌نگه‌كانیش ئه‌كلیریكن كه‌ ئه‌م ره‌نگه‌م زیاتر له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌نگانه‌ به‌كارهێناوه‌ كه‌ له‌ ره‌نگی خاك نزیكن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه‌ له‌ وه‌رزی به‌هار و نه‌ورۆزین، بابه‌ته‌كانی زۆریان له‌سه‌ر گوڵن، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێكداین كه‌ به‌دوای رووناكی ده‌گه‌ڕێین له‌ وڵاتی خۆمان و به‌ دوای ئاشتیدا وێڵین، بۆیه‌ هه‌وڵمداوه‌ ئه‌و رووناكییه‌ی كه‌ لێمان ونه‌ بیدۆزمه‌وه‌ و له‌ تابلۆكانمدا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌م.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی تابلۆكانی سه‌مه‌ر ده‌ڵێت: جگه‌ له‌ گوڵ به‌شێكی زۆری تابلۆكانم باس له‌ ئافره‌ت ده‌كه‌ن بۆیه‌ ئافره‌تم به‌شێوه‌یه‌ك وێنا كردووه‌ كه‌ سه‌دای ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی كوردستان نه‌بێت به‌ڵكو هه‌وڵمداوه‌ سه‌دای ئافره‌تی كورد و ئافره‌ت به‌ گشتی بگاته‌ ئاستی جیهان، لێره‌دا په‌یامی من ئه‌وه‌یه‌ به‌ جیهانی رابگه‌یه‌نم كه‌ هونه‌رمه‌ندانی كوردستانیش جورئه‌تیان هه‌یه‌ و ده‌توانن به‌هێز و ئیراده‌ی خۆیانه‌وه‌ به‌ ته‌كنۆلۆژیای نوێی وێنه‌كێشانه‌وه‌ ئه‌و جورئه‌ته‌ ده‌ربخه‌ن و ده‌نگی خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ به‌م جورئه‌ته‌وه‌ ده‌مه‌وێ ئافره‌تی كورد ئازاد بكه‌م له‌و كۆت و به‌ندانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌می‌.
سه‌باره‌ت به‌ سوود وه‌رگرتنی له‌ كاره‌كانی دیكە سه‌مه‌ر ئاماژەی بەوەكرد كە سوودی له‌ ئه‌زموونی ره‌نگیی خۆی و ته‌كنۆلۆژیا وه‌رگرتووه‌ له‌ رێگای ئه‌كادیمیای هونه‌ری رۆمانیا كه‌ له‌وێ خوێندوویەتی‌، ئه‌م ئه‌زموونه‌ی خۆی جۆرێك له‌هێزی پێبه‌خشیووە بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جورئه‌تێكی زیاتر و به‌م ره‌نگانه‌وه‌ وێنه‌ بكێشێت.
سه‌باره‌ت به‌و په‌یامه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌رباره‌ی ئافره‌ت بیگه‌یه‌نێت له‌ رێگای ئه‌م‌ پێشانگایه‌وه‌ سه‌مه‌ر وتی: من هاتووم سروشت بدوێنم، ده‌مه‌وێ تابلۆكه‌م خه‌یاڵی ئافره‌تی كورد بدوێنێت له‌ چوارچێوه‌ی ره‌نگه‌كاندا وئه‌وه‌ی كه‌ وشه‌ نه‌یتوانیوه‌ ده‌ری ببڕێت تابلۆكانم ده‌ری ببڕن، چونكه‌ له‌ تابلۆدا ناتوانین قسه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ده‌توانین ئه‌وه‌ی له‌ ناخماندا په‌نگی خواردۆته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بیخه‌ینه‌ به‌رچاو.
هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ ئافره‌ت نیشتیمانه‌، خاكه‌، كاتێك من ده‌مه‌وێ ده‌ست به‌ وێنه‌كێشان بكه‌م، یه‌كه‌م هێڵم ده‌ستنیشان ده‌كه‌م بۆ نموونه‌ جه‌سته‌ی ئافره‌ت، ئه‌م جه‌سته‌یه‌ لای من وه‌كو گوڵێك ده‌رده‌كه‌وێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاتێك وێنه‌ی ئافره‌تێك ده‌كێشم گوڵێكم بۆ ده‌رده‌كه‌وێت بۆیه‌ ئافره‌ت و گوڵ هه‌میشه‌ له‌ كاره‌كانم و له‌ زهنمدا بوونیان هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ردووكیان بۆ من مانای وڵات ده‌گه‌یه‌نن، ئێمه‌ میلله‌تێكی ماندووین له‌ وڵاتێكی داگیركراودا له‌نێو هیلاكی و ئێش و ئازاردا ده‌ژین و پێویستمان به‌ هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ر هه‌یه‌، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند هه‌میشه‌ بچووكترین و لاوازترین شته‌كان و كۆمه‌ڵگا و ده‌وربه‌ری كاریگه‌رییه‌كی زۆری تێده‌كه‌ن، بۆیه‌ حه‌زم كرد ئه‌مه‌ ده‌ربخه‌م وه‌ك هاوارێك هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ یه‌كێك له‌ تابلۆكانم به‌ناوی (هاواری ئازادی)یه‌ كه‌ ره‌واجێكی زۆری له‌سه‌ر بوو و له‌ ده‌نگدانێكدا له‌ رۆمانیا ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، هه‌روه‌ها چه‌ند تابلۆیه‌كی دیكه‌م له‌ مۆزه‌خانه‌ جیهانییه‌كاندا نمایش كراون و چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌تابلۆكانی سه‌مه‌ر،نووسه‌ر و رووناكبیر رێبوار سیوه‌یلی كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ئاماده‌بووانی پێشانگاكه‌ ده‌ڵێت: ئه‌م پێشانگایه‌ ته‌قلیدی نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ قه‌باره‌ی تابلۆكانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م قه‌باره‌یان مامناوه‌ندی و گه‌وره‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ ناوه‌ڕۆكی تابلۆكانه‌وه‌ ببه‌ستمه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ده‌یه‌وێ گرنگییه‌كی زۆر به‌ ناوه‌ڕۆكی تابلۆكان بدات كه‌ زیاتر بیركردنه‌وه‌ و هزرینێكی ژنانه‌یه‌ له‌ جیهان كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جێگای خۆشحاڵیه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ره‌نگ و فیگه‌ر و مۆسیقای ناو تابلۆكان زۆر له‌گه‌ڵ یه‌كتر گونجاون.
مامۆستا رێبوار زیاتر وتی: پێموایه‌ ئه‌م تابلۆیانه‌ له‌ زهنیه‌تێكی ئازاد سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ و هونه‌رمه‌نده‌كه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ تێیگه‌یشتووه‌ و به‌های مێیه‌تی خۆی ده‌زانێت، بۆیه‌ به‌ ئاشكرا ده‌بینین مێیه‌تی شه‌پۆل ده‌دات له‌ نێو تابلۆكاندا، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ڵگری خه‌مێكی مرۆڤایه‌تین به‌ گشتی و ره‌نگه‌كانیش ره‌نگێكی كوردستانین، ئه‌م جۆره‌ تابلۆیانه‌ هه‌ندێك له‌ خه‌م و سام ترسی ئێمه‌ ده‌شكێنن به‌ بینینی جه‌سته‌ی ئافره‌ت له‌ رووناكیدا، چونكه‌ ئێمه‌ له‌رووی كه‌لتوورییه‌وه‌ وا راهاتووین كه‌ جه‌سته‌ی ئافره‌ت له‌ تاریكیدا ببینین و وێنای بكه‌ن، كه‌چی خاتوو سه‌مه‌ر جه‌سته‌ی ئافره‌تی له‌ رووناكیدا بۆ به‌رجه‌سته‌ كردووین و پێموایه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی كه‌ ده‌قی كه‌لتووری ئێمه‌ ده‌شكێنێت، بۆیه‌ جێگای خۆیه‌تی لێره‌دا پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی لێبكه‌م و هیوادارم به‌رده‌وام بێت.
Top