دڵنیا كاموسی: له‌ دراما كوردییه‌كاندا گرنگی زیاتر به‌ دیالۆگ ده‌درێت نه‌ك بە ڕۆڵ بینینەكە‌

دڵنیا كاموسی: له‌ دراما كوردییه‌كاندا گرنگی زیاتر به‌ دیالۆگ ده‌درێت نه‌ك بە ڕۆڵ بینینەكە‌
دڵنیا كاموسی خه‌ڵكی شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، ساڵی 1992 لەبۆكان لەدایكبووە، ئه‌گه‌رچی به‌ ته‌مه‌ن بچووكیشه‌، به‌ڵام به‌شداری له‌ چه‌ند فیلمێكی سینه‌ماییدا كردووه‌ له‌ ئێران وه‌ك فیلمی (ناسۆر) له‌ ده‌رهێنانی(حوسێن به‌له‌دی) و فیلمی (یه‌كه‌م رۆژی باران) له‌ ده‌رهێنانی خانمه‌ ده‌رهێنه‌ر ناجی سه‌لیمی، ئه‌مانه‌ به‌ر له‌وه‌ی روو له‌ شاری سلێمانی بكات له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی و له‌وێ بگیرسێنه‌وه‌، كه‌ روو‌یان لە باشووری كوردستانیش كرد به‌ لێهاتوویی خۆی و هاندانی خانه‌واده‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو له‌ كاری سینه‌مایی، بڕیاری داوە بێتە كوردستان و بەردەوامی بەسینەما بدات و یه‌كێك له‌ ئومێده‌كانی ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌كته‌رێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ بواری سینه‌ما و درامادا، جگه‌ له‌ سینه‌ما دڵنیا له‌ دراماشدا به‌شداری كردووه‌ و یه‌كێك له‌و كارانه‌ی كه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌بینێت زنجیره‌ درامایه‌كه‌ كه‌ ئێستا له‌ قۆناغی وێنه‌گرتندایه‌ له‌ شاری هه‌ولێر.



كاری نواندن وه‌ك حه‌زێك بووه‌ لای دڵنیا و هه‌ر له‌ته‌مه‌نێكی زوودا خولیای ئه‌و هونه‌ره‌ بووه‌، دڵنیا ده‌ڵێت: یه‌كێك له‌ حه‌زه‌كانی ژیانم بریتی بوو له‌ نواندن و ڕۆڵ بینین له‌ سینه‌مادا، ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌تا چه‌ند تێستێكم له‌ بواری نواندن و چۆنيیه‌تی نواندن ئه‌نجامدا، و ساڵی 2004 بەشداریم لەیەكەم كورتە فیلمدا كرد، دواتر لەساڵی 2005دا توانیم خەڵاتی باشترین ئەكتەر به‌ده‌ست بهێنم له‌ فیلمێك كە باس لە خۆشەویستيی كچ و كوڕێك دەكات.
دڵنيا ‌ بۆ بینینی ڕۆڵی (خه‌ج) كه‌ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ زنجیره‌ درامای (خه‌ج و سیامه‌ند) هه‌ڵبژێردراوه، وه‌ك دڵنیا خۆی ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردنی بۆ بینینی ئه‌م ڕۆڵه‌ له‌سه‌ر داوای خانمه‌ ئه‌كته‌ر رووپاك عه‌بدولقادر و ئه‌ویش ئه‌و‌ داوایه‌ی به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ قبوڵ كردووه‌، ده‌رباره‌ی زنجیره‌ دراماكه‌ش ده‌ڵێت: رۆژی 12/4/2013 ده‌ستكراوه‌ به‌ وێنه‌گرتنی له‌ گوندی سوسێ، بڕیار بوو به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ك ده‌ست بكرێته‌وه‌ به‌ وێنه‌‌گرتنی، به‌ڵام به‌هۆی وه‌رزی زستان و سه‌رما و سۆڵه‌ وێنه‌گرتن راگیرا بوو، ئێستا له‌به‌ر گونجانی كه‌شوهه‌وا ده‌ستكراوه‌ به‌ وێنه‌گرتنی، ئه‌م زنجیره‌یه‌ له‌ نووسینی نازم دڵبه‌ند و ده‌رهێنانی نزار مامه‌یه‌، من ڕۆڵی خه‌جی تێدا ده‌بینم و شه‌هرام نامق ڕۆڵی سیامه‌ندی پێ سپێردراوه‌.
پێشتر دڵنیا ته‌نیا ‌ له‌ سینه‌ما ڕۆڵی بینیوه به‌تایبه‌تی له‌ كورته‌ فیلمه‌كان‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان له‌ درامادا ڕۆڵی سه‌ره‌كيی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیاوازییه‌كانی نێوان سینه‌ما و دراما به‌تایبه‌تی بۆ كچێك كه‌ له‌سه‌ره‌تای كاری هونه‌رییه‌ له‌ بواری نواندن ده‌ڵێت: بۆ من بێگومان کاری سینه‌ما قورستره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سینه‌مادا ئه‌كته‌ر ماوه‌ی زۆری له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ نواندن، به‌ڵام له‌ درامادا ئه‌كته‌ر ده‌توانێت زیاتر نواندن بكات و له‌وانه‌یه‌ كاتێكی زیاتریشی هه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نواندن یه‌كێك بووه‌ له‌ حه‌زه‌كانی ژیانم هه‌ردووكیان (سینه‌ما و دراما) بۆ من خۆشییه‌كی تایبه‌تییان هه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی ره‌نگه‌ وێنه‌گرتنی درامایه‌ك چه‌ندین مانگ بخایه‌نێت.
له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ له‌ ڕۆڵی (خه‌ج) چ شتێك زیاتر سه‌رنجی راكێشایت و وای لێكردیت قبوڵی بكه‌یت؟ دڵنیا ده‌ڵێت: جگه‌ له‌ لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی، به‌سه‌رهاتی (خه‌ج) سه‌رنجی زۆر راكێشام، چونكه‌ (خه‌ج) كه‌ عاشقه‌ بۆ عه‌شقه‌كه‌ی ده‌ژی.
ئه‌گه‌رچی مێژووی كورد پڕه‌ له‌ داستانی ئه‌ڤینداری له‌ شێوه‌ی (خه‌ج و سیامه‌ند، مه‌م و زین، شیرین و فه‌رهاد) كه‌ بناغه‌یه‌كی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بواری درامادا سوودیان لێ وه‌ربگیرێت و به‌ جوانترین شێوه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بكرێن و بخرێنه‌ به‌ر ده‌ستی بینه‌ری كورد، كه‌چی ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵك سه‌یری دراما توركی و كۆريیه‌كان ده‌كات و پێوه‌یان سه‌رقاڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌ هونه‌ر و درامای كوردی ناكاته‌وه‌ و تا رادده‌یه‌كی زۆریش پێیان نامۆیه،‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ دڵنیا پێیوایه‌ كه‌ ئه‌م داستانه‌ كوردیانه‌ چیرۆكی زۆر جوانن و ده‌ڵێ: خه‌ڵكی ئێمه‌ زۆر گوێبیستی ئه‌م چیرۆك و داستانانه‌ بووه‌، به‌ڵام به‌ بڕوای من سه‌یر كردنی دراما توركی یان كۆریه‌كان ره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك حه‌ز ده‌كات شتی نوێ بزانێت و ببیستێت، حه‌ز ده‌كه‌ن ئاشنای چیرۆك یان داستانێكی خۆشه‌ویستی بن كه‌ تا ئێستا نه‌یانبیستووه‌.
دڵنیا ئه‌م كاره‌ بۆ بێهێزی و ئاست نزمی درامای كوردی ناگه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ئاماژەی بەوەكرد كە ئێستا درامای كوردی له‌ ئاستێكی باشدایه‌، من پێموانییه‌ بێهێز بێت، به‌ڵام دراما بیانییه‌كان شتی نوێی تێدایه‌ كه‌ سه‌رنجی خه‌ڵك زیاتر راده‌كێشێت هه‌ر بۆیه‌شه‌ زۆر سه‌یریان ده‌كه‌ن، دڵنیا هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ درامای كوردی و هۆكاره‌كانی پێویست بۆ پێشخستنی زیاتری گوتی: من له‌ روانگه‌ی خۆمه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م، پێموایه‌ درامای كوردی پێویستی به‌ كرانه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی باشتر بنێت و زیاتر پێش بكه‌وێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی من تێبینیم كردووه‌ له‌ دراما كوردیيه‌كاندا زیاتر گرنگی به‌ گفتوگۆ (حوار) ده‌درێت نه‌ك بە ڕۆڵه‌كه‌، له‌ دراما توركی یان كۆرییه‌كاندا ئه‌كته‌ر حیواره‌كه‌ به‌ یه‌ك شێوه‌زار پێشكه‌ش ده‌كات، چونكه‌ زمانی توركی یان كۆری یه‌ك شێوه‌زاره‌، به‌ڵام له‌ زمانی كوردی چه‌ندین شێوه‌زار هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ سۆرانی، كرمانجی، هه‌ورامی، هه‌روه‌ها ره‌نگه‌ رۆژهه‌ڵاتی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا و باكوور و باشووردا جیاواز بێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ هاتبێت زیاتر ته‌ركیز ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی حیواره‌كه‌ وه‌ك خۆی بڵێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ چه‌ند مانگێك پێش وێنه‌گرتن سیناریۆت هه‌بێت و مه‌شق و پرۆڤه‌ی له‌سه‌ر بكه‌یت، ئه‌مه‌ش بێگومان كاریگه‌ريی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌كته‌ر.
به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ك دڵنیا رایگه‌یاند كه‌ بۆ ساڵی داهاتوو یاخود بۆ هه‌ڵبژاردنی شاجوانی كوردستان وه‌ك كچه‌ كوردێك خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: راسته‌ من پێشتر ئه‌مه‌م راگه‌یاندبوو و هیوای ئه‌وه‌م هه‌بوو كه‌ له‌م پێشبڕكێیه‌دا به‌شدار بم، به‌ڵام ئێستا بڕیارم داوه‌ زیاتر كاری هونه‌ری بكه‌م و نامه‌وێ كارێك بكه‌م كه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هونه‌ره‌كه‌م له‌ بیر بباته‌وه‌ یان لێی دووربكه‌ومه‌وه‌، هه‌روه‌ها حه‌ز ناكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ببم به‌ شاجوان خه‌ڵك له‌ بیر بكه‌م كه‌ پێشتر هونه‌رمه‌ند بووم واته‌ ده‌مه‌وێ ئێستا وه‌كو هونه‌رمه‌ند زیاتر بمناسن.
سه‌باره‌ت به‌ كاری دۆبلاژ و ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان هه‌یه‌، دڵنیا روونی كردەوە: بێگومان دۆبلاژ كاریگه‌ريی ده‌بێت له‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌ی زیاتر جه‌ماوه‌ر له‌ دراما كوردییه‌كان، من خۆم تا ئێستا به‌شداریم نه‌كردووه‌ له‌ هیچ كارێكی دۆبلاژ و داواشم لێنه‌كراوه‌ به‌شداری بكه‌م و، ئه‌وه‌ی له‌ زنجیره‌ دۆبلاژكراوه‌كانی سه‌ر زمانی كوردی تێبینیم كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ ده‌نگ به‌شدارن به‌ هه‌سته‌وه‌ كاره‌كه‌ ناكه‌ن.









Top