میكایل:كه‌ به‌رهه‌مه‌كانم كاریگه‌رییان نه‌بێت به‌خۆم ده‌ڵێم به‌سه‌

میكایل:كه‌ به‌رهه‌مه‌كانم كاریگه‌رییان نه‌بێت به‌خۆم ده‌ڵێم به‌سه‌
هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن ئه‌زموون میكایل یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كی ته‌مه‌نی خۆی وه‌ك پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر بردووه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی به‌رده‌وام بووه‌ له‌ گۆرانی گوتن و ئه‌ویشی به‌ جۆرێك له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی پێویست بینیوه‌ بۆ پاراستنی كه‌لتوور و هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی، میكایل له‌ ده‌رفه‌تێكدا به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی گوڵانی دایه‌وه‌.



• تۆ یه‌كێكی له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی و شاخیشت بینیوه‌ به‌ هه‌موو ناخۆشیه‌كانییه‌وه‌، ئایا ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی هۆكارێك نه‌بووه‌ كه‌ ئێوه‌ زیاتر له‌ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ په‌یوه‌ست بن به‌ پاراستنی هونه‌ری كوردی و نه‌كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریی هونه‌ری دیكه‌؟
- هونه‌ری ده‌ریایه‌كی قووڵ و به‌رفراوانه‌ و هه‌ر كه‌سێك چۆنی بوێت به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یكات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ توركی یان عه‌ره‌بی یان ئینگلیزی و به‌ زاراوه‌ كوردییه‌ جیاجیاكان گۆرانی بڵێ كه‌س بۆی نییه‌ پێی بڵێ وابكه‌ یان وامه‌كه‌ یان ئه‌مه‌ دروسته‌ و ئه‌وی دیكه‌ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ بزانین‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كین هونه‌رمان وه‌ك هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆمان نه‌بووه‌، چونكه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت كه‌ هونه‌ر له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌پشكوێت و ده‌گه‌شێته‌وه‌، بۆیه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆمان نه‌بووه‌ میلله‌تێك بووین رقیان به‌رامبه‌رمان هه‌بووه‌، له‌سه‌رمان دراوه‌، كوژراوین، كیمیا باران و ئه‌نفال كراوین، بۆیه‌ تا ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان یه‌كده‌گرنه‌وه‌ و پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆمان ده‌بێت و ئاڵای كوردستان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌شه‌كێته‌وه‌ و میلله‌تی كورد به‌ هه‌موو مافه‌كانی خۆی شاد ده‌بێته‌وه‌، تار ئه‌و رۆژه‌ پێویسته‌ هونه‌رمه‌نده‌كان خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتووری له‌به‌رچاو بگرن، هه‌وڵ بده‌ن ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان چه‌ند نوێكاری تێدا بێت پێویسته‌ هه‌وێنه‌كه‌ی كورده‌واری بێت و كه‌لتووری میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان به‌باشی بناسن و پێوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر هه‌بێت له‌رووی كلیپ و شیعر و دابه‌شكردن و ئاوازه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ قازانجی هونه‌رمه‌ندان ده‌بێت و به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ زۆرترین كات له‌نێو خه‌ڵكیدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ ناكه‌ن وه‌ك بڵقی سه‌ر ئاو ده‌بن.
• هونه‌رمه‌ند به‌ر له‌وه‌ی مه‌شق بكات و خۆی ماندو بكات پێویسته‌ به‌هره‌یه‌كی هه‌بێت، تۆ به‌ر له‌وه‌ی ببی به‌ پێشمه‌رگه‌ خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی هونه‌ری بووی، كاتێك كه‌ چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تیت خسته‌ سه‌ر شان، چۆن توانیت ئه‌م هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ی خۆت ده‌ربخه‌ی له‌لایه‌ك پێشمه‌رگه‌ و له‌لایه‌كیش هونه‌رمه‌ند؟
- له‌سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیشدا له‌ شار و گوند و ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئازاد بوون سیمینار و چالاكیی هونه‌ریمان ئه‌نجام ده‌دا ته‌نانه‌ت له‌ شاخیش ئه‌م جۆره‌ چالاكیانه‌مان هه‌بوو، به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ردوو به‌شی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی و هونه‌ریم به‌رده‌وام بوو، له‌ گوتنی سروودی نیشتمانی و گۆرانی و هه‌وڵدان بۆ پاراستنی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردی، ئێمه‌ی كورد خاوه‌نی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكین كه‌ له‌م بواره‌وه‌ مێژوویه‌كی هه‌یه‌ ره‌نگه‌ چه‌ندین كه‌س به‌هۆی گۆرانی و به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ خۆیان به‌ كوشتدا بێت یان زیندانی و شوێن بزر كرابن، بۆیه‌ من هونه‌ر به‌ گه‌وره‌ترین چه‌ك ده‌زانم كه‌ میلله‌ت بتوانێت كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرێت، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ خۆم له‌ بواری هونه‌ری نزیكه‌ی 10-15 ساڵ دابڕام به‌هۆی بریندار بوونم كه‌ توانای كاری هونه‌ریم نه‌ما له‌و ماوه‌یه‌دا.
• به‌ر له‌وه‌ی ببیت به‌ پێشمه‌رگه‌ پێوه‌ندیت له‌گه‌ڵ هونه‌ردا چۆن بوو؟
- ئه‌مه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می منداڵیم له‌ ته‌مه‌نی ده‌ ساڵیدا به‌ر له‌ نزیكه‌ی 35 ساڵ له‌و رێكخراوانه‌ی ئه‌و كات به‌ناوی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌بوون و ساڵانه‌ له‌ بۆنه‌ جیاجیاكاندا چالاكیی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگییان هه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مهاباد چه‌ند گۆرانییه‌كم گوت.
• ئه‌ی كه‌ رووت له‌ شاخ كرد چۆن له‌گه‌ڵ هونه‌ر به‌رده‌وام بوویت ؟
- دواتر سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی هات، منیش یه‌كێك بووم له‌و گه‌نجانه‌ی رووم له‌ شاخ كرد و به‌رده‌وام بووم تا ساڵی 1984 هه‌ر ئه‌و ساڵیش به‌ سه‌ختی بریندار بووم، له‌ ساڵی 1985 رووم له‌ ئه‌وروپا كرد، چه‌ند ساڵێك له‌به‌ر سه‌ختی برینه‌كانم نه‌متوانی چالاكی ئه‌نجام بده‌م و هه‌ر خه‌ریكی چاره‌سه‌ر و ساڕێژكردنیان بووم.
• له‌ ئه‌وروپا چۆن درێژه‌ت به‌ كاری هونه‌ری خۆت دا ؟
- هه‌ر كه‌سێك كه‌ خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی هونه‌ری بێت، ناچاره‌ ئه‌و به‌هره‌یه‌ ده‌رده‌خات و ده‌ری ده‌بڕی ئه‌گینا وه‌ك كرمی زه‌وی خۆی ده‌خوات، دوای چه‌ند ساڵێك به‌ هاوڕێ كۆنه‌كانم ئاشنا بوومه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسر ره‌زازێ چووم بۆ ئاهه‌نگێك وابزانم جه‌ژنی نه‌ورۆز بوو، ئه‌و كات ئاشنا بووم به‌ موزیكژه‌نه‌كان، هونه‌رمه‌ند كاوه‌ هاوكاری كردم بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی نوێ له‌ نه‌وه‌ده‌كان، هه‌روه‌ها چه‌ند كلیپێكیشم تۆمار كرد كه‌ زۆریان ده‌هاتنه‌وه‌ كوردستان و جه‌ماوه‌ر پێی ئاشنا بوون، زۆر جار به‌ پێكه‌نین پێیان ده‌وتم ئه‌م كلیپانه‌ی تۆ نیوه‌ی خه‌ڵكی برده‌ ئه‌وروپا، دواتر چه‌ندین به‌رهه‌می دیكه‌م بڵاو كرده‌وه‌.
• هونه‌رمه‌ندیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك ده‌گاته‌ ئاست و ته‌مه‌نێك كه‌ نه‌توانێت كارێك پێشكه‌ش بكات له‌ كاری پێشووی باشتر بێت، واته‌ ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌ به‌خۆی بڵێ ئیدی به‌سه‌، تۆ تا چه‌ند ئه‌و توانا و بڕوایه‌ت به‌خۆت هه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام بیت؟
- به‌ بڕوای من هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك وه‌ك مرۆڤ هه‌لومه‌رج و ته‌مه‌نێكی هه‌یه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ورووبه‌ر و بۆچوونی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ بۆ هونه‌ره‌كه‌ی چۆنه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی له‌ ته‌مه‌نی مندا بێت و به‌رهه‌مه‌كانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ بن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووی په‌نجا ساڵه‌وه‌یه‌ پێموایه‌ ته‌نیا پێنج ساڵی دیكه‌ی له‌ناو هونه‌ر ماوه‌ و ده‌بێ بڕوات، به‌ڵام من هه‌میشه‌ هه‌وڵمداوه‌ گه‌نجان گوێ له‌ به‌رهه‌مه‌كانم بگرن به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌ڵێم له‌ ته‌مه‌نی 15 ساڵییه‌وه‌ گوێ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی من ده‌گرن، چونكه‌ من وه‌ك خزمه‌ت له‌ هونه‌ر ده‌ڕوانم و به‌ ئاره‌زووی و راوێژ و ویستی گه‌نجان گۆرانی ده‌ڵێم و سه‌یر ده‌كه‌م له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌موكوڕی هه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م پڕی بكه‌مه‌وه‌، من شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ توانیومه‌ گۆرانی به‌ كوردی بڵێم له‌ توركی و عه‌ره‌بی و فارسی نه‌چێت و گه‌نجه‌كانمان گوێی لێبگرن و شانازیی پێوه‌ بكه‌ن له‌ هه‌مان كاتدا بۆ هه‌موو ته‌مه‌نێكیش بگونجێت، به‌ راستی تا ئێستا بیرم له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ واز له‌ گۆرانی بهێنم، چونكه‌ ته‌مه‌نم گونجاوه‌ و هێشتا هه‌ندێكم ماوه‌، به‌ڵام دڵنیابه‌ به‌ر له‌وه‌ی رێم لێبگیرێت و ناچار بم، خۆم ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ده‌م.
•كه‌ی به‌خۆت ده‌ڵێی به‌سه‌؟
- ئه‌و كات كه‌ نه‌توانم پێوه‌ندیی رۆحی و ره‌وانی و هونه‌ری له‌گه‌ڵ گوێگران ببه‌ستم و هه‌ست بكه‌م ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكه‌م ناچێته‌ نێو دڵی جه‌ماوه‌ر و نابێته‌ یادگار و به‌ زیندوویی نامێنێته‌وه‌، بێگومان ئه‌و كاته‌ نه‌بوونی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ زۆر له‌ بوونی باشتره‌.





Top