به‌هار حوسێنی:گۆرانیبێژەکانی ئێستا، شیعری کوردی لە موزیکی تورکی و فارسی و عەرەبی موتوربە دەکەن

به‌هار حوسێنی:گۆرانیبێژەکانی ئێستا، شیعری کوردی لە موزیکی تورکی و فارسی و عەرەبی موتوربە دەکەن
ساڵی 1983 له‌ شاری سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی بەکالوریۆسه‌ لە زمان وئەدەبیاتی فارسی، هه‌رچه‌نده‌ به‌هار حوسێنی وه‌ك شاعیر ناسراوه‌،به‌ڵام بڕوانامەی سینەمای لاوانی ئیرانی لە بواری وێنەگری هه‌یه، زۆربه‌ی شیعره‌كانی ده‌چنه‌ خانه‌ی شیعری ئازاده‌وه‌ و له‌و دیمانه‌یه‌دا باس له‌ پێوه‌ندیی نێوان شیعر و تێكستی گۆرانی ده‌كات.



*پێتوایه‌ شاعیره ‌پیاوه‌كان جگه‌ له غه‌زه‌ل و باس كردنی لایه‌نه‌ غه‌ریزییه‌كانی تایبه‌ت به ‌ئافره‌ت، ئایا وه‌ك شۆڕشگێڕێك وێنای ئافره‌تی كوردیان كردووه‌ له‌ شیعره‌كانیاندا؟
- بەڵێ. لە شاعیرانی کلاسیکی ئێمە، کەسانێکی وەک هێمن و قانع و هێدی و چەندین کەسی دیكە ئەو کارەیان کردووە. بۆ وێنە شیعری «ئەختەر کچە کوردی چاومەست»ی مامۆستا هێمنی مهابادی نموونەیەک لەم جۆرە شیعرەیە. لە شاعیرانی نوێخوازیش ژمارەیەک لە شاعیرانی کورد لە حەفتاکان و هەشتاکاندا ئەو کارەیان کردووە، بۆ نموونە شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت و رەفیق سابیر و چەندین شاعیری دیكە، وەک شۆڕشگێڕیش باسی ئافرەتیان کردووە. لە سەردەمی ئێستاشدا شیعری «کچە ئەویندارەکانی قەندیل»ی قوبادی جەلیزادە نموونەی ئەو جۆرە روانینەیە بۆ ئافرەت.
* بۆچی به‌ ده‌گمه‌ن شیعری ئافره‌تان (به‌تایبه‌تی شیعری ئه‌ڤینداری) ده‌كرێته‌ گۆرانی جا له‌لایه‌ن ئافره‌ت یان پیاوی گۆرانیبێژه‌وه‌ بێت؟
- پێم وایە دەبێ ئەو پرسیارە لە گۆرانیبێژەکان بكەن.
* زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هونه‌ری گۆرانی وتن له‌ كوردستان له‌ قه‌یراندایه‌ و هونه‌ری بێگانە تێكه‌ڵ به‌ هونه‌ری كوردی كراوه‌، نه‌بوونی شیعر یاخود بڵێین تێكستی گۆرانی یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م بارودۆخه‌؟
- نا بە بڕوای من ئەم دووانە پەیوەندییان بە یەکەوە نییە. بۆ نموونه‌ گۆرانیبیژێکی کورد ئاوازەکەی لاسایی کردنەوەیەکی تەواوی گۆرانیی فارسی، تورکی یا عەرەبییە، چ پەیوەندییەکی بە بوون یا نەبوونی دەقی شیعرەوە هەیە؟ خۆ ئەو گۆرانیبێژانە لە ئەنجامدا هەر دێن دەقێکی کوردی دەڵێنەوە، بەڵام جگە لە دەقەکە و ئەو وشانەی دێتە سەر زاریان هیچ شتێکی دیكەی گۆرانییەکەیان کوردی نییە. کێشەکە لەوە دایە کە گۆرانیبێژەکانی ئێستا، شیعری کوردی و دەقی کوردی لە موزیکی تورکی و فارسی و عەرەبی موتوربە دەکەن و شتێک دەخوڵقێنن کە لە ئەنجامدا بە هیچ شێوەیەک ناتوانین پێی بڵێین مۆسیقای کوردی.
*یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی شیعری گۆرانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوزارشت له‌ هه‌ستێكی ئینسانیی پاك بكات به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر رووداوێك خۆشی بێت یان تراژیدیا، ئایا له‌م بواره‌دا‌ شاعیرانی كورد تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوون؟
- من پێم وایە شاعیرانی ئێمە زۆر بە سەرکەوتوویی توانیویانە تەعبیر لە خۆشی و تراژیدیاکانی میللەتەکەیان بکەن، بەڵام ئایا ئاوازدانەرەکانمان توانیویانە ئاوڕ لەو شیعرە باشانە بدەنەوە و بیانکەن بە گۆرانی؟
*ئێستا هه‌ست به‌ بوونی ره‌وتێك ده‌كرێت له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ ئافره‌ته‌ شاعیره‌كان ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ خۆیان له‌ جیاتی پیاو وه‌سفی جوانی و له‌ش و لاری خۆیان ده‌كه‌ن و هه‌ندێك جار زیاتر له‌ پیاوه‌كان، تۆ ئه‌مه‌ به‌ جۆرێك له‌ جورئه‌ت ده‌زانیت یان خوێندنه‌وه‌ت بۆ ئه‌مانه‌ چییه‌؟
- بە رای من شاعیر بەر لە هەر شتێک دەبێت لە پێشدا لەگەڵ خۆی و پاشان لەگەڵ بەردەنگەکانی و خوێنەری شیعرەکانی راست بێت و درۆیان لەگەڵدا نەکات. شاعیر بۆی هەیە باس لە هەر شتێک بکات بە تایبەت باس لە خۆی و لەشی خۆی. بەڵام گرنگ ئەوەیە دەربڕینەکەی چەندە داهێنەرانە بێت. شاعیری ژن دەبێت روانینی بۆ جەستەی خۆی روانینێکی ژنانە بێت نەک لە روانگەیەکی پیاوانەوە و تەنیا وەسفی لایەنە سێکسییەکانی لەش و جەستەی خۆی بکات.
*ئایا له‌شیعردا هه‌ر شاعیرێك شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌؟
- نه‌خێر مەرج نییه‌، بەڵام ئەو شاعیرانەی بتوانن لە شێوازدا داهێنان بکەن و شێوازی خۆیان هەبێت، ئەوا تەمەنی شیعرەکەیان درێژتر دەبێتەوە. چونکە داهێنان لە هونەردا مەرجێکی زۆر سەرەکییە. بەڵام دەکرێت شاعیر لە شێوازدا داهێنەر نەبێت و لە سەر شێوازی نووسینی شاعیرێکی دیكەیش داهێنان بکات و بەرهەمی زۆر جوانیش دابهێنێت. بۆ وێنە هەتا ئێستاش بەشێکی زۆر لە شاعیرانی لاو نەیانتوانیوە لە شێواز و دەربڕینی شاعیرانی پێش خۆیان داببڕێن. کێ هەیە بڵێت رۆژێک لە رۆژان کاریگەریی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسی بە سەرەوە نەبووە.


Top