شاجوانى كوردستان: با هه‌موو پاڵپشتی (په‌رواز) بین

شاجوانى كوردستان: با هه‌موو پاڵپشتی (په‌رواز) بین
شێنێ عه‌زیز (شاجوانى كوردستان) رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پاڵپشتیكردنی (په‌رواز حسێن) له‌به‌رنامه‌ى (Arab Idolى كه‌ناڵی MBC) ئه‌ركێكی نیشتمانی هه‌موو كوردێكه‌و هیواداره‌ لاوانی كورد به‌ كورِو كچه‌وه‌ له‌م ئه‌ركه‌دا كه‌مته‌رخه‌م نه‌بن.
شێنآ عه‌زیز، به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى خانمه‌ ده‌نگحۆشى كورد (په‌رواز حسێن) له‌به‌رنامه‌ى (Arab Idolى كه‌ناڵی MBC) له‌په‌یامێكیدا رایگه‌یاند "داوا له‌ كوردانی ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌كه‌م پاڵپشتى له‌په‌رواز بكه‌نء ده‌نگى پێبده‌ن، بۆیه‌ ئه‌م داواكارییه‌شم به‌هه‌ر سىَ زمانى كوردى، ئینكلیزى و نه‌رویژى بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌".
شاجوانى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌مرِۆ خونچه‌گوڵێكى دیكه‌ له‌بوارى گۆرانى و میوزیك له‌كوردستان سه‌رده‌رده‌هێنىَ و پێویستى به‌ پاڵپشتیكردن هه‌یه‌، خانمه‌ ده‌نگ خۆشه‌كه‌ى كوردستان، خاتو په‌رواز كه‌ به‌شدارى به‌رنامه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى Arab Idolى كه‌ناڵی MBC ده‌كات و به‌هۆیه‌وه‌ ناوى كوردستان و هونه‌رى به‌رزی كوردیمان به‌گوێی زۆرێك ئاشنا ده‌بێت و چریكه‌ى (كه‌ ده‌ڵێن ئه‌مرۆ ده‌شت و كێو شینه‌) وه‌كو گۆرانییه‌كی ره‌سه‌نی كوردی هه‌موو ئه‌ندامانی لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رسام و تاساند و گوێگرانی عه‌ره‌بی به‌ هونه‌رى كوردی ئاشنا كرد و به‌ دانپێدانانی خودی لیژنه‌كه‌: "خۆشحاڵن كه‌ له‌ كوردستانه‌وه‌ هاتووى" و "به‌ ئاماده‌بوونت له‌ به‌رنامه‌ى ئه‌ره‌ب ئایدل به‌شداریت كرد له‌ گرێدانی نه‌خشه‌ى هونه‌ریی كوردستان به‌ نه‌خشه‌ى هونه‌ری عه‌ره‌بی".
شێنآ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ (په‌رواز) له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ته‌نها گوزارشت له‌ خۆى ناكات، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی هونه‌رى كوردییه‌ به‌رِووى جیهانی عه‌ره‌بدا كه‌ هێشتا وه‌كو پێویست ئاشنا نین به‌ هونه‌ر و كلتوری كورد و ده‌ڵێت "بۆیه‌ پاڵپشتیكردنی په‌رواز ئه‌ركێكی نیشتمانی هه‌موو كوردێكه‌و هیوادارم لاوانی كورد به‌ كورِو كچه‌وه‌ له‌م ئه‌ركه‌دا كه‌مته‌رخه‌م نه‌بن".
له‌كۆتاییشدا به‌ (په‌رواز) ده‌ڵێت "په‌رواز، كچه‌ كورده‌ جوان و ده‌نگه‌ پرِ سۆزه‌كه‌، به‌به‌شداریكردنت سه‌ر به‌رزین، به‌رده‌وامبه‌، چونكه‌ هه‌موومان پاڵپشتیت ده‌كه‌ین".
Top