شاجوانی كوردستان: نەشتەرگەری جوانكاریم نەكردووە

شاجوانی كوردستان: نەشتەرگەری جوانكاریم نەكردووە
شێنێ عەزیز ئاكۆ لە (6-2-1994) لە قەزای رانیە لە دایكبووە و لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەكەیدا رووی لە وڵاتی نەرویج كردووە و ئێستاش لەوێ ژیان بەسەر دەبات، هەر لەوێ هەتا قۆناغی شەشی ئامادەیی خوێندووە، وەكو ئەكتەر بەشداری لە چەند كارێكی هونەریدا كردووە، هەروەها نمایشكاری جلوبەرگ و مامۆستای دانسی هندیش بووە لەوڵاتی نەرویج، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی وەكو شاجوانی كوردستان گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان.
پار لە چوارچێوەی چالاكییەكانی فیستیڤاڵی (هەلا ئەربیل) بۆ یەكەم جار لە كوردستان پێشبڕكێیەك بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان لە هەولێری پایتەختی كوردستان ساز كرا، لەم پێشبڕكێیەدا 12 كچ بەشدارییان كرد بۆ ئەوەی یەكەم تاجی شاجوانی كوردستان لەسەر بنێن، لە ئەنجامدا شێنێ عەزیز كە كچێكی شاری رانیە و لە ئەوروپا نیشتەجێیە، بووە هەڵگری نازناوی یەكەم شاجوانی كوردستان، شێنێ كە پێشتر كاری مۆدێل و نواندنیشی ئەنجامداوە، ئێستا دەستی بە چەند كار و چالاكییەكی خێرخوازی كردووە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز بكەین.



* پێشبینیت دەكرد ببیت بەیەكەم شاجوانی كوردستان؟
- دەمزانی كە چانسی گەورەم هەیە هەربۆیەش چوومە ئەو پێشبڕكێیەوە، ئەو جۆرە تاقیكردنەوانە هیچ گرەنتییەكی تێدا نییە، بەڵام گرنگە مرۆڤ حیساباتی خۆی بكات و بەرنامەیەك بۆ سەركەوتن داڕێژێت، زۆرجاریش شانازی بەشداربوون لە بردنەوە كەمتر نییە، لەبەرئەوەی پێشتریش زۆرم لە مەسەلەی مۆدیل و یاساكانی شاجوانی كۆڵیبۆوە، متمانەی زۆرم بەخۆم هەبوو.
*لە هەموو جیهاندا هەڵبژاردنی شاجوان چەند پێوەرێكی هەیە، لە كوردستان ئەم پێوەرانەت بەدی دەكرد لە كاتی دەستنیشانكردنی شاجواندا؟
- ئەوە یەكەم ئەزموونی كوردستان بوو لیژنەیەكی پسپۆریش خەریكی ئەو مەسەلەیە بوون، ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە ئەم پرۆسەیە لەڕێگای كۆمپانیایەكی لوبنانییەوە ئەو وڵاتەش ئەزموونی زۆری لەو جۆرە پێشبڕكێیانەدا هەیە، بێگومان هەموو بڕگەكانی ئەو پێشبركێیە پێوەری تایبەتییان هەبوو، وەكو بینیشتان كە هەموو تاقیكردنەوەكان ئاشكراو لە شاشەكانی تیڤییەوە پەخش دەكران.
*لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت تا چەند پابەندبوون بەهاوكاریكردن وەك شاجوان؟
- لەبەرئەوەی كارەكەی من زۆرتر كارێكی مرۆڤ دۆستانەیە، لە زۆربەی شوێنەكاندا یەكە ئیدارییەكان بەگەرمی پێشوازییان كردووم و هاوكاری تەواویان كردووم، دەبێ ئەو راستییە بڵێم كە تەواوی ئەو یەكە ئیدارییانەی كارم لایان هەبووە كار ئاسانی زۆریان كردووە، سروشتی مرۆڤی كورد وایە كە بۆ هەموو كارێكی ئینسانیانە هاوكار و پاڵپشتە كە منیش لە میانی كاركردنمدا بەروونی ئەم هەڵوێستەم بەدی كرد.
*هەمیشە وا باو بووە كە شاجوان یان روو لە مۆدێل یاخود لە بواری ئەكتەری دەكات، ئایا تۆش پلانێكی لەو جۆرەت هەیە؟
- پێشتر ئەزموونم لەم دوو بوارەدا هەبووە، بەڵام ئەزموونی ئەم ماوەیەی رابردوو شتێكی نوێتری پێناساندم ئەویش بواری كاری مرۆیی بوو، لەو جۆرە كارەدا هەست بە ئاسوودەیی زۆرتر دەكەم، خۆشحاڵم كە بتوانم هاوكارو پاڵپشتی منداڵێك یا ئافرەتێك یا كەسێكی لێقەوماوی ئەم وڵاتە بم، بۆیە لەبری ئەوە زۆرتر بیر لەوە دەكەمەوە كە لە بواری رێكخراوەییدا كاربكەم و ئەگەر دەرفەت بێت لە چوارچێوەی رێكخراوێكی خێرخوازیدا درێژە بەو كارە بدەم كە دەستم پێكردووە.
*بەشداریت لە چەند كارێكی نواندندا كردوە، ئایا بەنیازی لە داهاتووشدا بەردەوام بیت؟
- وەكو پێشتریش وتم ئێستا بیر لە كاری خێرخوازی دەكەمەوە، مەسەلەی هونەری خەمێكی دیكەیەو نازانم لە ئایندەدا چۆن دەبێ، هەركاتێك و قسەی خۆی دەبێ.
*جگە لە نواندن، لە فاشیۆنیشدا كارت كردووە، لە كامیاندا زیاتر خۆت دەبینیتەوە؟
-هەر بوارەو تایبەتمەندیی خۆی هەیە، كاركردنم لە بواری فاشیۆن یارمەتیدەرێكی گەورە بوو بۆ وەدەستهێنانی نازناوی یەكەم شاجوانی كوردستان، لەتەك ئەویشدا نواندن دنیایەكی دیكەیەو و لە رێگەیەوە دەتوانی زۆر لەو پەیامانە بە بینەر بگەێنی كە مەبەستە، لە هەردوو بواردا تاڕادەیەك ئەزموونم هەیە.
*هیچ بەرنامەیەكت هەیە وەك نوێنەری كوردستان بەشداری لە پێشبڕكێی شاجوانی جیهاندا بكەیت؟
- ئەگەر ئەو دەرفەتە بڕەخسێت زۆرم پێخۆشە، هەڵگرتنی ناوی كوردستان لە هەر بوارێكدا شانازییەكی گەورەیە.
*لە هونەردا رەخنە دەگیرێت و ئەمەش شتێكی ئاساییە، بەڵام تۆ چۆن وەڵامی ئەو كەسانە دەدەیتەوە كە لە بارەی جوانییەوە رەخنەیان لێگرتوویت؟
-بۆ دەبێ ئەویان ئاسایی نەبێت، رەخنە هەر رەخنەیە، رەخنەی (ئەدەبی، هونەری) با ئەم جۆرە رەخنەیەشمان هەبێ، رەخنەگرتن حاڵەتێكی ئاساییە، نەگرتنی رەخنە نائاساییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە رەخنەگرتن تەنها بۆ تێكشكاندن نەبێت، بەڵكو رەخنەی بنیاتنەر لە هەر بوارێكدا دەبێتە مایەی بەرەو پێشچوونی ئەو بوارە، ئەگەر رەخنەیەكی لۆژیكی بێت، ئەگەر پێچەوانەش بوو، واتە نالۆژیكی و نا زانستی بوو ئەوا بەهای خۆی لەدەست دەدات و لەرەخنە دەردەچێت، بۆیە مەرجی وەڵامدانەوەشی نامێنێ، هیوادارم فێری ئەوە بین كە بەدڵێكی فراوانەوە رەخنە قبوڵ بكەین .
* ئەمساڵ كە بەشداری لە پێشبڕكێی شاجوانی كوردستاندا دەكەیت، چ پەیامێكت بۆ كچان هەیە؟
- جارێ زووە بۆ ئەو بڕیارە، پەیامی من بۆ هەموو ئافرەتانی كوردستان پەیامی درێژەدانە بەو ئەركە قورسەی كە دەستیان داوەتێ، ئەركی بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان و دادپەروەر، كۆمەڵگایەك تەژی لە خۆشەویستی كە تێیدا ئافرەتان بەتەواوی مافەكانی خۆیان شاد بن.
*كەسانێك هەن بە هەر هۆیەك بێت دەڵێن (شێنێ) نەشتەرگەری جوانكاری ئەنجامداوە، چۆن وەڵامی ئەو كەسانە دەدەیتەوە؟
- كەسانێك هەن وایان پێخۆشە كە پەیكەرەكەی ڤینۆس بە دەست و پل شكاوی ببینن، ئەوان دنیابینیان بەو شێوەیەیە، هەندێك جار ئەو دنیابینییە دەبێتە مایەی ژانەسەر بۆ خۆیان و دەوروبەریشیان، بەڵام ئەمە سروشتی مرۆڤە و ئاسان نییە بیگۆڕین، دەبێ كەسەكانمان وەكو خۆیان قبوڵ بێت، من خۆشەویستیم بۆ ئەو كەسانە هەیە كە ئاوها دەڵێن، بەڵام بەداخەوەم كە ناتوانم قسەكانیان بسەلمێنم و دەبێ ئەو راستییە بڵێم كە من هیچ نەشتەرگەرییەكی لەو جۆرەم نەكردووە.







Top