هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ره‌ئوف: كۆمیدیا بەهرەیەو تەنیا بۆ پێكەنین نییە.. بەڵكو دەبێت ئامانجێك بپێكێت

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ره‌ئوف: كۆمیدیا بەهرەیەو تەنیا بۆ پێكەنین نییە..  بەڵكو دەبێت ئامانجێك بپێكێت
ئه‌حمه‌د ره‌ئوف یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی شاری سلێمانی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ ڕۆڵه‌ كۆمیديیه‌كانی زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر لێوی بینه‌ران، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌یه‌وێت به‌ كۆمێدیا په‌یامێك بگه‌یه‌نێت، ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ له‌ بواری نواندندا كار ده‌كات و ڕۆڵێكی باشی هه‌بووه‌ له‌ بواری كۆمیدیا، به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایه‌وه‌.



• له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ندین درامای كوردی پێشكه‌شكراوه‌، به‌ڕای تۆ به‌هێزترین و لاوازترین خاڵه‌كانی ئه‌م درامایانه‌ چی بوون؟
- خۆزگە رەخنەكانی ئێمەی هونەرمەندان لە خزمەت بەرەو پێشچوونی رەوشی هونەر بێت نەك روخاندن یاخود روشاندنی بەرامبەرەكەمان ..خۆزگە ئەوەی رەخنە لە كارێك دەگرێت خۆی لەو بوارەدا پسپۆر بیت ..بە راستی من حەز ناكەم ناوی هیچ درامایەك بهێنم ،بەڵام ئەوەی سەرنجی منی راكێشا لەم چەند ئیشەی پێشوودا و ئەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەكرد وا نەبوو ..دەكرا زیاتر ئەو بابەتانەی كە هەڵدەبژێردرێن بۆ دراما سەرنجی بینەر رابكێشێت چونكە گرنگ ئەوەیە ئیش بۆ بینەر دەكەیت ..ئەگەر لە رووی تەكنیكیشەوە سەرنج بدەیت كەموكورتی زۆری تێدا بەدی دەكرا هەر لە دیكۆر ..لە روناكی ..لە وێنە گرتن ..لە نواندن ..بە تایبەتی لە دەرهێنان ..بە گشتی من شەخسی خۆم تێبینیم زۆر هەبوو لە سەری ..بەڵام بە رای من هێشتا بوونی ئەو درامایانەی بە پێویستی دەزانم هەر هیچ نەبێت با ناوی بنێین ( هەوڵ )، بەڵام هیوادارم لە كاری داهاتوودا وردتر كاری دراما بكرێت چونكە خەڵك وشیارە و ئیشی خراپی قبووڵ نییە.
• ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت بینه‌ری درامای كوردی رووی له‌ كه‌م بوونه‌، هۆكاری ئه‌م كه‌م بوونه‌یه‌‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
- من وای نابینم بەڵام ئەگەر هەشبێت هۆكارەكەی بوونی ئەو دراما دۆبلاجكراوانەیە بە رادەیەكی زۆر كە لە كەناڵەكاندا پەخش دەكرێت.
• به‌شێك له‌ هونه‌رمه‌ندان و كۆمپانیاكان روویان له‌ دۆبلاژ كردووه‌، كاری دۆبلاژ كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ دیارده‌ له‌ كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان زیانی بۆ هونه‌ری كوردی زیاتره‌ یان سوود؟
-ئەم پرسیارە دوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت ..لە رووە زانستییەكەیەوە من بە باشی دەزانم بۆ ئەوەی ئاستی بەرزی دراما بیانییەكان بزانین كە بە چ شێوازێك كاری دراما دەكەن ..هەندێ كەسیش لە رووە كۆمەڵایەتییەكەوە بە باشی نازانن لەبەر ئەوەی دەڵێن كاریگەریی سلبی لە دوای خۆی جێ دێڵێت.
• ڕۆڵه‌كانت جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی پێوه‌ دیاره‌ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی كۆمیدیاوه‌، ئایا سه‌رپشك ده‌كرێیت له‌ بینینی ئه‌م ڕۆڵانه‌ یان ده‌رهێنه‌ر‌ بۆتی دیاری ده‌كات؟
- بینەرەكانم ئیشی كۆمیدیام لێ داوا دەكەن ..خۆم هەست دەكەم زیاتر لە بواری كۆمیدیا خۆم دەبینمەوە .
• هیچ ڕۆڵێك هه‌بووه‌ پێت سپێردرابێت و ره‌تت كردبێته‌وه‌ و بۆچی؟
- بەڵێ زۆر جار رۆڵم دراوەتێ و رەتم كردۆتەوە ..هۆكارەكەشی یان دەقەكە یان رۆڵەكەم بە دڵ نەبووە ..یان بوارم بۆ نەڕەخساوە چونكە ئەم ماوەیە بە تایبەتی سەرقاڵی بوارەكەی خۆمم كە دەرهێنانە.
• ته‌نز و كۆمیدیا چه‌ند له‌ بواری نواندن له‌ یه‌كتر نزیكن ؟
-پەیوەندییەكی زۆر بەهێزیان پێكەوە هەیە ....چونكە ئامانجی كۆمیدیا تەنیا پێكەنین نییە ..پێویستە كۆمیدیا ئامانجێك بپێكێت ..لە رێی كۆمیدیاوە هەرچی تانەو تەنزێكت هەیە بە حكومەت ..بە حزب، بە هەر دیاردەیەكی ناشیاو بێت.. لە رێی كۆمیدیاوە دەریدەبڕین.
•باشترین ئه‌كته‌ری كۆمیدی ئێستا به‌ڕای تۆ كێیه‌؟
-هەركەس رای خۆی جیاوازە بەڵام بە رای من ئەكتەری كۆمیدی لە كوردستان زۆر كەمن چونكە كۆمیدیا كارێكی زۆر قورسە بە هەموو هونەرمەندیك ناكرێت ..بەڵام ئەكتەری زۆر باشمان هەیە حاجی مەكی ..عیرفانی وەستا محمد ..ماهیر حەسەن ..قادر جەلال، رێزان فەرەج..شەمۆ. ئەحمەد جۆڵا
•له‌و ڕۆڵه‌ كۆمیدیانه‌ی كه‌ خۆت تا ئێستا بینیوته‌ كامیان زیاتر كاریگه‌ریی به‌سه‌ر تۆوه‌ هه‌بووه‌؟
-دوو رۆڵم تا ئێستا بینەرەكەم حیوارەكانی دەڵێنەوە ..رۆڵی مەحمی لە شانۆگەریی بەرەو كەلاوە ..كە خەڵاتی باشترین ئەكتەری كۆمیدیم وەرگرت لە لایەن بنكەی ئەدەبی گەلاوێژەوە ..حیواری دیمەنێكی رەمەزان بوو كە دەمووت ( ئەمە عەیب نییەەەەەەەەە) ؟
• له‌ هه‌موو دنیا هونه‌رمه‌نده‌ كۆمیدییه‌كان له‌ نێو جه‌ماوه‌ر رێزی و ستایشی زۆر ده‌كرێن، له‌ كوردستان جه‌ماوه‌ر چۆن سه‌یری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕۆڵی كۆمیدی ده‌بینن؟
-بەراستی بینەرەكانمان زۆر بەڕێزن ..من تا لە دنیا مابم خۆم بە قەرزاری هەموو خەڵكی كوردستان دەزانم ..ئەو رێزەی ئەو خەڵكە لێمان دەگرن ..ئەو رێزەی ئەو خەڵكە بۆمان دادەنێن وەسف ناكرێت ..زۆر زۆر سوپاسیان دەكەم و پێیان دەڵێم من لە خزمەتیاندام.
• سه‌ره‌كیترین مه‌رجی بینینی ڕۆڵی كۆمیدیا‌ به‌ ڕای تۆ چییه‌؟
-وەك پێشتر ئاماژەم پێدا ..كاری كۆمیدیا قورسە ..مەرجێكی زۆر گرنگ كە ببیتە ئەكتەری كۆمیدیا ئەوەیە كە خۆت ئەو توانایەت تێدا بێت ..لە خۆت راببینێت كە كۆمیدیات بۆ دەكرێت ...دواتریش دەبێت بینەر قبوڵت بكات ..كە قبوڵ نەكرایت تا ماویت ناچێتە دڵی بینەرەوە و باشتر وایە خۆی هیلاك نەكات.
• كۆمیدی بوونی ئه‌كته‌ر به‌هره‌یه‌كی تایبه‌ته‌ یان هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك ده‌توانێت به‌ مه‌شق و راهێنان سه‌ركه‌وتووانه‌ ڕۆڵی كۆمیدی ببینێت؟
- كۆمیدیا بەهرەیە بە دڵنیاییەوە ..بەڵام لەوەش پێویستیتر خوێندنەوە یەكێكە لە فاكتەرە بەهێزەكان بۆ خۆرۆشنبیركردن لەو بوارە
• كێن ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی حه‌ز ده‌كه‌یت به‌رده‌وام كاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت؟
- حەز دەكەم بەرامبەر ئەو ئەكتەرانە نواندن بكەم كە لای خەڵك خۆشەویستن و توانایان بەرزە.
• شانۆی بازرگانی تا چه‌ند پێویسته‌ بۆ بووژانه‌وه‌ی بزاڤی شانۆیی له‌ كوردستان؟
- شانۆ ...دراما ...هەرچی كارێكی هونەری هەیە پێویستە پشتیوانییەكی ماددی باش بكرێت بۆ ئەوەی كاری جوان بكرێت ..بەڵام ناوی بازرگانیی لێ نەنرێت.
• زۆر كه‌س ده‌ڵێن ئه‌حمه‌د ره‌ئوف و ماهیر حه‌سه‌ن و گرووپی «ره‌نگاڵه‌« به‌ گشتی شانۆی بازرگانییان له‌ كوردستان هێنایه‌ بوون، تا چه‌ند له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوون؟
- پێشتر لە گۆڤار و رۆژنامەكاندا زۆر جار وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە ...هونەر نەبێت بە پیشە و نەبێتە حیرفە سەركەوتوو نابێت .. كەس بە خۆڕایی ئیش ناكات ..بەڵام كۆمەڵێك هونەرمەندی بە توانا 2 مانگ سەرقاڵی پرۆڤە دەبن ..خۆیان تەرخان دەكەن بۆ كارێكی هونەری جوان كە وا لە رەوتی شانۆ و لە بینەری شانۆ بكات جارێكی دیكە روو بكەنەوە هۆڵەكانی شانۆ و بینەر بە شانۆ ئاشنا بكەنەوەو لە مافی خۆیانی ماددی و مەعنەوەی موستەفید بن .
• دوایین كار و پڕۆژه‌ی هونه‌ریتان چییه‌؟
-لە ئێستادا سەرقاڵی 30 ئەڵقەی كۆمیدی كۆمەڵایەتیم بۆ مانگی رەمەزان، بەم نزیكانە دەست بە كاری وێنەگرتن دەكەین ...دوای ئەوەش بە نیازی سەفەرێكی ئەڵمانیاین بۆ نمایش كردنی شانۆگەرییەك لە شاری نۆرنبیرك ..





Top