سه‌ردار ئۆرتاچ: له‌ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د كایا هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تاندم

سه‌ردار ئۆرتاچ: له‌ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د كایا هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تاندم
سه‌ردار ئۆرتاچ-ی گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی توركی له‌ كاتی به‌شداریكردنی وه‌كو ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی ستاری توركی به‌ ناوی (پۆپ ستار) كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی باشترین گۆرانیبێژ، روونكردنه‌وه‌یه‌كی راگه‌یاند كه‌ سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵوێسته‌ ره‌گه‌زپه‌رستییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌حمه‌د كایا نواندیان، كه‌ سه‌ردار ئۆرتاچ خۆشی یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی له‌ كاتی دابه‌شكردنی خه‌ڵات له‌ ساڵی 1999 دا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی ماگازین رێكخرابوو، وتی: ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ نكوڵیمان له‌ بوونی كورد كردووه‌، ئه‌و ساڵه‌ منیان هه‌ڵخه‌ڵتاندو هانیاندام بۆ ئه‌وه‌ی ره‌فتاری ناخۆش به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌حمه‌د كایا بنوێنم، هه‌روه‌ها وتیشی: زۆر حه‌زده‌كه‌م كه‌ گۆرانی یه‌كێك له‌ برا كورده‌كانمان لێره‌ گوێ لێبێت و هه‌موومان له‌ سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ من له‌و ره‌فتاره‌ی كردوومانه‌ په‌شیمان ببینه‌وه‌، چونكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ گه‌لی كوردمان به‌ نه‌بوو داناوه‌، هه‌میشه‌ ده‌وترا نابێت به‌ كوردی گۆرانی بڵێین، ده‌بێت ته‌نها به‌ توركی گۆرانی بڵێین، ئێمه‌ش بڕوامان پێكردن و هیچ حسابێكمان بۆ كورده‌كان نه‌ده‌كرد.

ئه‌حمه‌د كایا-ی گۆرانیبێژی خوالێخۆشبووی كوردستانی باكوور له‌ رۆژی 12 ی شوباتی ساڵی 1999 دا به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی ماگازین-دا كردبوو بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی موزیك، له‌و بۆنه‌یه‌دا ئه‌حمه‌د كایا وتبووی: من ئه‌م خه‌ڵاته‌ ته‌نها به‌ ناوی خۆمه‌وه‌ وه‌رناگرم، به‌ڵكو به‌ ناوی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ و به‌ ناوی دایكانی رۆژانی شه‌ممه‌و به‌ ناوی ئه‌وانه‌ی كه‌ ره‌نجیان له‌ ماگازینه‌كه‌ داوه‌و به‌ ناوی هه‌موو توركیاوه‌ وه‌رده‌گرم.

وتیشی: له‌ كاسێتی ئایینده‌مدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی من به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك كوردم، گۆرانی كوردی تێدا ده‌بێت، هه‌روه‌ها كلیپێكی كوردیش ئاماده‌ ده‌كه‌م.

له‌دوای ئه‌و وتانه‌ی ئه‌حمه‌د كایا كۆمه‌ڵێك كه‌ له‌وانه‌ یه‌كێكیان سه‌ردار ئۆرتاچ بوو، ناڕه‌زایی توندیان به‌رامبه‌ر به‌و قسانه‌ی ئه‌حمه‌د كایا ده‌ربڕی و له‌ شوێنه‌كانی خۆیانه‌وه‌ چه‌قۆ و چه‌تاڵیان تێگرت، له‌ كاتێكدا كه‌ له‌سه‌ر شانۆ قسه‌ی ده‌كرد، دواتر به‌هۆی گه‌وره‌بوونی رووداوه‌كه‌وه‌ ئه‌حمه‌د كایا له‌ هۆڵی ئاهه‌نگه‌كه‌ كرایه‌ ده‌ره‌وه‌.
Top