نازداری هونەرمەند: بۆپاراستنی مافەكانمان هیوادارم یاسایەك دژی كۆپی كردنی سیدی دەربچێت

نازداری هونەرمەند: بۆپاراستنی مافەكانمان هیوادارم یاسایەك دژی كۆپی كردنی سیدی دەربچێت
دوای ئه‌وه‌ی ساڵی رابردووی به‌رهه‌مێكی نوێ و چه‌ند كلیپێكی پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ركرد، ئێستا خانمه‌ هونه‌رمه‌ند نازدار خه‌ریكی خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی نوێ كه‌ هه‌موو له‌ گۆرانی فۆلكلۆری پێكدێت به‌شێوه‌زاره‌ جیاجیاكانییه‌وه‌، نازدار یه‌كێك بوو له‌ هونه‌رمه‌نده‌ به‌شداربووه‌كان حه‌وته‌مین فیستیڤاڵی هه‌ولێر فیستیڤاڵی ئازادی و نه‌ورۆز و چه‌پكێك له‌ گۆرانییه‌ كۆن و نوێیه‌كانی خۆی پێشكه‌ش له‌ جه‌ماوه‌ر كرد، سه‌باره‌ت به‌ دوایین كار وبه‌رهه‌می خۆی ئه‌مه‌ دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵیدا ساز كرد.




•سه‌ره‌تا حه‌ز ده‌كه‌ین بزانین هۆكاری هاتنه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ت چی بوو؟
-هۆكاری سه‌ره‌كی هاتنه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌م بۆ ته‌واو كردنی كاره‌كانی دوایین ئه‌لبوومم بووه‌، وه‌ك هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن من به‌ گۆرانی فۆلكلۆری ده‌ستم به‌ كاری هونه‌ری كرد و هاتمه‌ نێو بواری هونه‌رییه‌وه‌ و بناغه‌ی هونه‌ری من بریتییه‌ له‌ گۆرانی فۆلكلۆری، بۆیه‌ حه‌زم كرد ئه‌م جاره‌ كارێكی تایبه‌ت بكه‌مه‌ كه‌ پێشتر هیچ كاری له‌م جۆره‌م پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ویستم شتێكی تایبه‌ت و بێ وێنه‌ پێشكه‌ش بكه‌م، له‌م به‌رهه‌مه‌ كه‌ له‌ 6 كۆكتێل پێكهاتووه‌، ‌نزیكه‌ی 64 گۆرانی فۆلكلۆری تایبه‌ت به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ و زه‌ماوه‌ندم تۆمار كردووه‌ له‌ (تلانێ و ملانێ و بابله‌كان) و یه‌كێك له‌ كۆكتێله‌كان تایبه‌ته‌ به‌ گۆرانی به‌ زاراوه‌ی سۆرانی واته‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ زۆر به‌رفراوانه‌.
*بیرۆكه‌ی ئه‌م كۆكتێله‌ چۆن درووست بوو؟
-ساڵی پار من هاتم بۆ كوردستان و گه‌شتێكمان ئه‌نجامدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سه‌یرانگه‌كه‌ تیپی موزیكی لێ نه‌بوو، ناچاربووین به‌ سیدی و كاسێت گوێ له‌ گۆرانی بگرێن و هه‌ڵپه‌ڕكێ بكه‌ینن به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی هه‌ڵپه‌ڕكێ هیچی له‌ 5 خوله‌ك زیاتر نه‌ده‌بوو ناچاربووین به‌ به‌رده‌وام سیدییه‌كه‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ و شاییه‌كه‌ تێك بدرێ، بۆیه‌ بیرم له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ بۆچی من كارێكی له‌و جۆره‌ ئه‌نجام بده‌م كه‌ به‌رفراوانتر بێت بیرۆكه‌ی ئه‌م سیدییه‌ له‌و سه‌یرانه‌وه‌ درووست بووه‌، یه‌كێك له‌ كۆكتێله‌كانی ئه‌م سیدییه‌ ماوه‌كه‌ی 15 خوله‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك تێر گوێی لێبگرێت و نه‌بێته‌ هۆی بێزار بوون و دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ به‌ سیدییه‌كه‌ و شاییه‌كه‌ش تێك نه‌چێت، هه‌رچه‌نده‌ من هه‌میشه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی پێشووم گۆرانی فۆلكلۆری هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌مووی فۆلكلۆرییه‌، ئه‌گه‌ر گۆرانی هونه‌رمه‌ندی دیكه‌یشی تێدا بێت ئه‌وا گۆرانییه‌كه‌ تامی فۆلۆكلۆریان هه‌یه‌، به‌رهه‌مه‌كه‌ش له‌ به‌رهه‌مهێنانی ڤیم پرۆدیشكنه‌.
* ساڵی پار به‌رهه‌مێكت پێشكه‌ش كرد تۆ خۆت چه‌ند لێی رازی بووی و پێشوازی جه‌ماوه‌ر له‌و به‌رهه‌مه‌ چۆن بوو؟
-له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌ ئه‌وروپا ده‌ژیم به‌رده‌وام ئاگاداری چۆنیه‌تی فرۆشتنی نیم، به‌ڵام كه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لێره‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ڤین پرۆدیشكن گوێبیست ده‌بم، ئه‌لبوومه‌كه‌ تا ئێستاش زۆر به‌ باشی ده‌فرۆشرێ، به‌ڵام دیسان و دیسان گله‌ییمان له‌ كۆپی كردن هه‌یه‌، چۆنكه‌ چۆن سیدی ئۆرجیناڵ ده‌فرۆشرێ ئاواش سیدی كۆپی له‌ بازاڕه‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌فرۆشرێ، ئه‌مه‌چ جۆرێك له‌ نائومێدی لای هونه‌رمه‌ند درووست ده‌كات، چونكه‌ وه‌ك دیاره‌ به‌به‌رچاومانه‌وه‌ مافمان ده‌خورێت و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ پاره‌ی له‌ تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كه‌ خه‌رج ده‌كرێت بۆ هونه‌رمه‌ند ناگه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێوه‌ی ماندوو ده‌بین خه‌ڵكانێك تر به‌به‌رچاومانه‌وه‌ ده‌یفرۆشن و قازانجی لێده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی بتوانین هیچ ئیجرائاتێكیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، لێره‌وه‌ داواكارم له‌ جه‌ماوه‌ر كه‌ ئه‌و ماندووبوونه‌ی هونه‌رمه‌ندی له‌به‌رچاو بێت و له‌ كڕێنی سیدی كۆپی دووركه‌ونه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ په‌رله‌مان ده‌خوازم یاسایه‌كی تایبه‌ت له‌و بواره‌وه‌ ده‌ربكات و رێگا له‌ كۆپی كردنی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان بگرێت.
* له‌ كوردستان و له‌ هه‌موو شوێنێك زۆر جار پروپاگه‌نده‌ و قسه‌ی نادرووست به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌گوترێت جا به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ئایا ئه‌مه‌ نیشانه‌ی پێشكه‌وتنی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه‌ یاخود كه‌سانێكی تایبه‌ت هه‌ن حه‌ز له‌ شكاندنی هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌ن؟
- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند شوێن یان كه‌سێكی تایبه‌تمان نییه‌ كه‌ به‌ناوی ئێمه‌وه‌ قسه‌ بكات و هه‌واڵ و كارو چالاكییه‌كانمان بڵاو بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین زۆر كه‌س هه‌ن له‌لای خۆیانه‌وه‌ شت به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌نووسن و بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه‌ كارێكی ناشیرینه‌ كاتێك كه‌سێك له‌ پێناو هه‌ندێك ده‌سكه‌وتی ماددی وه‌ك فرۆشتنی بڵاوكراوه‌یه‌ك یان بۆ ناوبانگ ده‌ركردن و ناسین ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندان بنووسن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌ كارێكی نۆرماڵی ده‌بینم، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌ .له‌ كوردستانیش كاتێك هونه‌رمه‌ندێك كاری خۆی ده‌كات كه‌سانێك هه‌ن حه‌ز له‌ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌دات ورده‌كاریه‌كانی ژیانی بزانێت، بۆیه‌ من ئه‌م كاره‌ به‌ نۆرماڵ ده‌بینم، له‌ به‌رامبه‌ر زۆر رۆژنامه‌ و گۆڤار و ماڵپه‌ڕ هه‌ن كه‌ هونه‌رمه‌ند بتوانێت تێیدا راستییه‌كان بۆ جه‌ماوه‌ر روون بكاته‌وه‌ و و شته‌ هه‌ڵه‌ و ناردووسته‌كان راست بكاته‌وه‌.
* هه‌ڵوێستت چی بووه‌ كه‌ شتێكی نادرووست به‌رامبه‌رت وترابێت یان به‌ناوی هه‌واڵێك یان لێدوانێك بڵاوبووبێته‌وه‌؟
- یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ پروپاگه‌نده‌ی زۆریان به‌رامبه‌ر نه‌كرابێت منم، بۆیه‌ هه‌ست ده‌كه‌م له‌و بواره‌دا به‌ختم هه‌بووه‌ و تا ئێستا شتێكی ئه‌وتۆ به‌رامبه‌ر به‌ من نه‌گوتراوه‌ كه‌ پێی دڵته‌نگ بووبم و ئه‌گه‌ر شتێكیش گوترابێت ئه‌وا كه‌سانێك هه‌ن له‌ راسته‌ی هه‌واڵه‌كه‌یان پرسیاریان لێكردووم و زۆر له‌ رۆژنامه‌نووسان له‌و بواره‌وه‌ هاوكارم بوون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شتێك راست بێت پێویست به‌ شاردنه‌وه‌ ناكات و هه‌موو خه‌ڵك پێی ده‌زانێت.
*پێتوایه‌ تۆ شوێنێكت له‌ نێو خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌كانی كورد گرتووه‌ وه‌ك عایشه‌شان و مریه‌م خان و نه‌سرین شێروان و چه‌ندانی دیكه‌؟
- بێگومان ئه‌و كارانه‌ی ئه‌نجاممداوه‌ به‌رهه‌میان هه‌بووه‌ و ئێستاش توانایه‌كی زۆرم هه‌یه‌ بۆ پێشكه‌ش كردنی كاری زیاتر بۆ ئه‌وه‌ی دوای چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ نه‌وه‌یه‌ك بێت و بڵێت كاتی خۆی هونه‌رمه‌ندێك هه‌بوو به‌ ناوی (نازدار) كه‌خاوه‌نی ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و بۆ ئێمه‌ی جێهشتووه‌ و خزمه‌تی هونه‌ری كوردی كردووه‌، چونكه‌ خۆم به‌ گه‌نجێك ده‌بینم كه‌ ده‌رفه‌تی زۆرم له‌ پێش ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر پێشكه‌ش بكه‌م، هیوادارم تا ئێستا توانیبێتم تا ئستا خزمه‌تێك به‌ جه‌ماوه‌ری خۆم بكه‌م و له‌ رێگای ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌وه‌ خزمه‌تێكم به‌ هونه‌ری كوردی كردبێت و بتوانم له‌ داهاتووشدا به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر ئه‌و خزمه‌ت كردنه‌، هیوادارم كوردانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان گۆرانییه‌كان من به‌ هی خۆیان بزانن، چونكه‌ من هونه‌رمه‌ندی هه‌موو كوردستان و له‌لای من هیچ جیاوازییه‌كی له‌نێوانیان و گۆرانییه‌كانی من پێشكه‌شن به‌ هه‌موو كوردێك له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌ بێت.





Top