ته‌نیا كه‌ریم: كچی كافرۆش ده‌ستنیشانكراوه‌، به‌ڵام ئاشكرای ناكه‌م

ته‌نیا كه‌ریم: كچی كافرۆش ده‌ستنیشانكراوه‌، به‌ڵام ئاشكرای ناكه‌م
بڕیار وایه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو ده‌ست بكرێت به‌ خۆ ئاماده‌كردن بۆ وێنه‌گرتنی فیلمی كچی كافرۆش كه‌ له‌ ده‌رهێنانی ته‌نیا كه‌ریمه و له‌ به‌رهه‌مه‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌.
له‌م باره‌یه‌وه‌ ته‌نیا كه‌ریمی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ به‌ گوڵانی راگه‌یاند دوای ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندیی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌ده‌ستهێنا، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئادار ده‌ست ده‌كات به‌ خۆ ئاماده‌ كردن بۆ وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌، ته‌نیا كه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ فیلمه‌كه‌ ته‌رخان كراوه‌ زۆر كه‌مه، به‌ڵام به‌ پشت به‌ستن به‌ چه‌ند سپۆنه‌سه‌رێك هه‌وڵ ده‌ده‌ات ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات، چونكه‌ فیلمه‌كه‌ له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌ و پێویستی به‌ بودجه‌یه‌كی زۆرتره‌ له‌وه‌ی بۆی ته‌رخان كراوه‌.
سه‌باره‌ت به‌و كه‌سه‌ی ڕۆڵی كچی كافرۆش ده‌بینێت كه‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ پێشتر له‌ راگه‌یاندنێكدا داوای له‌و كچانه‌ كرد بوو كه‌ ده‌توانن ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینن و له‌رووی رووخساره‌ گونجاون له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی كوردستان با ناوه‌كانی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن ئینجا یه‌كیان هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ له‌ ئێستادا كه‌سێك ده‌ستنیشان كراوه‌ بۆ بینینی ڕۆڵه‌كه‌، به‌ڵام پێی باشتر بوو كه‌ ئێستا ناوی ئاشكرا نه‌كرێت نه‌وه‌ك گۆڕانكارییه‌ك رووبدات، هه‌روه‌ها چه‌ند ئه‌كته‌رێكی هه‌رچوار پارچه‌كانی كوردستان و به‌ریتانیاش به‌شدار ده‌بن له‌م فیلمه و سه‌ره‌تای وێنه‌گرتنیش له‌ وڵاتی به‌ریتانیا ده‌ست پێده‌كات ئینجا لۆكه‌یشنه‌كانی كوردستان وێنه‌ ده‌گیرێن له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و كۆیه‌‌.
‌‌‌فلیمی كچی كافرۆش باسی رووداوێكی راسته‌قینه‌ ده‌كات و تێكهه‌ڵكێشكراوه‌‌ به‌ تابلۆی به‌ناوبانگی كچی كافرۆش و ته‌نیا كه‌ریم پشتی به‌ چه‌ند كه‌سێكی شاره‌زا به‌ستووه‌ له‌ سیناریۆكه‌یدا،ماوه‌ی 2 ساڵه‌ ته‌نیاكه‌ریم ئاماده‌كاری بۆ ده‌كات و ژماره‌یه‌ك كچ له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی كوردستان به‌شداربوون له‌ پێشبڕكێیه‌كی داخراودا .
پێش ماوه‌یه‌ك ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ خانمه‌ گۆرانیبێژ هانی ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌بینێت، به‌ڵام دواتر ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌لایه‌ن خودی (هانی) ره‌ت كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها شانۆكار و گۆرانیبێژ زاگرۆس جه‌بار ئه‌ویش هیوای خواست كه‌ ڕۆڵی كچی كافرۆشی پێ بسپێردرێت، چونكه هه‌م به‌ كارێكی هه‌تا بڵێی زۆر ڕه‌سه‌نی كوردی ده‌زانێت و هەمیش ‌ رووخساری له‌ رووخساری كچی كافرۆش نزیكه‌‌.
Top