رۆژدا: نوێكردنه‌وه‌ی گۆرانییه كۆنه‌كان كارێكی ئاسان نییه
عه‌شقی فۆلكلۆر
جگه له گۆرانی (ئای دل) كه یه‌كێكه له گۆرانییه خۆش و دیاره‌كانی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر (شاكرۆ) و رۆژدا به تێكه‌ڵ كردنی و شێوازێكی نوێوه زۆر به جوانی پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ری كرد، رۆژدا چه‌ندین گۆرانی دیكه‌ی فۆلكۆری به ستایلێكی نوێ پێشكه‌ش كردووه له‌گه‌ڵ پاراستنی رۆحی هونه‌ری كوردی،یه‌كێكی دیكه له‌و گۆرانیانه‌ی كه رۆژدا پێی ناسراوه گۆرانیی (لێ بووكێ) بووه،كه گۆرانییه‌كی فۆلكلۆری باكووری كوردستانه، ئه‌گه‌ر به وردی گوێ له گۆرانییه‌كه بگرین ده‌بینین زوو چووه ناو جه‌ماوه‌رەوە، هۆكاری سه‌ره‌كیی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م گۆرانییه بۆ هۆنراوە و مۆسیقا بەهێزهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه زۆر كاریگەر بوون له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر، هەروەها رۆژدا له چۆنییه‌تی ئه‌دا كردنی و شێوەی ئەداكەی سەركەوتوو بووه.
گۆرانیی (لێ بووكێ) كه گۆرانییه‌كی فۆلكلۆری كوردییه و تایبه‌ت به ئاهه‌نگه‌كانی بووك گواستنه‌وه‌یە به‌تایبه‌تی له باكووری كوردستان، به‌ڵام ئه‌و ریتمه خێرایه‌ی كه رۆژدا پێشكه‌شی كرد تاموچێژێكی زیاتری به گۆرانییه‌كه به‌خشی، هەروەها كلیپەكەش هۆكارێكی دیكەی سەركەوتنی گۆرانییەكە بوو و وێنەیەكی راستەقینەی ئاهەنگی بووك گواستنەوەی كوردی نیشانی جەماوەردا كە خۆی و كەلەپوورەكەی تێدا بدۆزێتەوە بەتایبەتی كلتووری ناوچەی سەرحەد كە بەم شێوەیە بوو لە دێر زەمانەوە، ئه‌مه‌ش وایكرد كه خه‌ڵكی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش ئه‌م گۆرانییه له‌سه‌ر زاریان بێت ئه‌گه‌رچی له بنه‌ڕه‌تدا گۆرانییه‌كه فۆلكلۆره، به‌ڵام ماندووبوونێكی زۆری هونه‌رمه‌ندی پێوه دیاره بۆیه به‌و شێوه‌یه كه‌وته سه‌ر زاری خه‌ڵك.
رۆژدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سه‌ر له نوێ وتنه‌وه و دابه‌شكردنی كارێكی ئاسان نییه، چونكه گۆرانیی فۆلكلۆر موڵكی میلله‌ته و هه‌ر كه‌موكوڕییه‌كی تێدا بێت یان ناشیرین بكرێت و مافی خۆی پێ نه‌درێت ئه‌وا جه‌ماوه‌ر دێته گۆ و قسه‌ی خۆی ده‌كات و ره‌خنه له گۆرانیبێژه‌كه ده‌گرێت، له‌م باره‌یه‌وه رۆژدا ده‌ڵێت: گۆرانیی (ئای دل) یه‌كێك بوو له‌و گۆرانییانه‌ی كه كاتێكی زۆری خۆم بۆ ته‌رخان كرد و زۆریش ماندووی كردم، چونكە كارێكی زۆر گەورە بوو و پێموابوو دەبێ بەشێوەیەكی وا دەربچێت كە مافی هونەرمەند و گۆرانییەكە وەك خۆی بدەم و گۆرانییەك پێشكەش بكەم كە پێی سەربەرز بم و خزمەتێك بە گۆرانییەكە و هونەری نەتەوەكەم بكەم، ئەمەش پێویستی بە ماندوبوونێكی زۆر هەبوو، له كۆتاییدا دوای ئه‌و ئه‌ركه زۆره‌ی كێشام گۆرانییه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو و جه‌ماوه‌ر پێشوازییان لێی كرد.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م گۆرانییه رۆژدا باس له‌وه ده‌كات كه یه‌كێك بووه له گۆرانییه خۆشه‌كان و زۆریش حه‌زی كردووه پێشكه‌شی بكات، رۆژدا به‌مشێوه‌یه وه‌سفی گۆرانییه‌كه ده‌كات: بە عەشقەوە گۆرانییەكانی شاكرۆم وتەوە، ئەمەش بۆ یەكەم جار بوو كە ئافرەتێكی كورد گۆرانییەكانی شاكرۆ بەو شێوەی من بڵێتەوە، بەڵكو هەر نەیانگوتووە. دیارە گۆرانییەكانی شاكرۆ لە ئاستێكی زۆر بەرزدان و بناغە و شێوەی بەرهەمهێنانی و وتنیشیان بۆ ئەوكاتیش جیاواز بوو، ئاواتی من ئەوە بوو یەكەم جار گۆرانییەكی زەحمەتی یەكێك لە هونەرمەندە رەسەنەكانی كورد بڵێمەوە و كارێكی وا بكەم كە لاوەكانمان حەز و خۆشەویستییان بۆ هونەرمەندە نەمرەكان هەبێت و ئاشنای هونەرەكەیان بن، چونكە ئەمانە دانەری بناغەی هونەری رەسەنی كوردین، بۆیە كاتێك گۆرانیەكەشم بڵاوكردەوە هەستم كرد كە پیر و لاوەكان وەك یەك حەز لە بیستنی ئەم گۆرانییە دەكەن، جگه له‌مانه رۆژدا چه‌ندین گۆرانیی دیكه‌ی فۆلكلۆری گوتووه و به‌رده‌وام ئاهه‌نگ و كۆنسێرتهكانیش به‌م گۆرانییه ره‌سه‌نانه دەڕازێنێتهوه وه‌ك ( غه‌زال، ئای لێ گدێی، ئه‌سمه‌ر ئه‌مان، ئای دلبه‌ر) و چه‌ندانی دیكه.
رۆژدا پێیوایه كه به ئاوڕدانەوەی زیاتر لە هونەر و هونەرمەندان جا لە هەر بوارێك بێت، مۆسیقا، شانۆ، سینەما، شێوەكار واتە بەشێوەیەكی گشتی پێشده‌كه‌وێت، و ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستای كورد به‌قۆناغێكی تایبەت داده‌نێت كه جیاوازە لە قۆناغەكانی ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوو، و رایوایه كه لەم سی ساڵەی رابردوودا هونەری كوردی پێشڤەچوونێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانی ساڵانی پێشووتریش به ئه‌نجامده‌ر و خولقێنه‌ری داهێنان و پێشكه‌وتن وه‌سف ده‌كات به‌گوێره‌ی ئه‌و قۆناغه زه‌مه‌نییه‌ی كه تێیدا ژیاون و دڵنیایه كه له دواڕۆژیشدا هونه‌رمه‌ندانی دیكه دێن و ئه‌وانیش به جۆرێك له جۆره‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ پێشخستنی هونه‌ری كوردی به گوێره‌ی توانای خۆیان، به‌ڵام هه‌ر گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنێك له هونه‌ردا پێویستی به هاوكاری و یارمه‌تی هه‌یه و له پێش ئه‌مه‌ش پێویستی به ماندوو بوون و ئه‌ركی زیاتری هونه‌رمه‌ندان هه‌یه، له هه‌مان كاتدا نابێ ئه‌وه‌ش له بیر خۆیان ببه‌نه‌وه كه هه‌ر پێشكه‌وتنێك رووبدات نابێ له‌سه‌ر حیسابی ره‌سه‌نایه‌تی هونه‌ری كوردی بێت، به‌ڵكو ده‌بی هونه‌ری كوردی به ره‌سه‌نایه‌تی خۆیه‌وه پێشكه‌وێت.
رۆژدای ئه‌كته‌ر
جگه له گۆرانیی گوتن، رۆژدا وه‌ك ئه‌كته‌ری شانۆش له‌بواری هونه‌ردا خزمه‌ت ده‌كات، له‌م باره‌یه‌وه به‌ر له ماوه‌یه‌ك به‌شداریی له شانۆگه‌ریی (هاملێت) كرد كه به زمانی كوردی له ئه‌ڵمانیا و له‌توركیا پێشكه‌ش كرا، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی لێهاتوویی رۆژدا و دڵسۆزیی بۆ هونه‌ر و میلله‌ته‌كه‌ی نیشان ده‌دات.