سینەمای كوردی لـە ساڵی رابردوودا :گەڕانەوە بۆ ناوەو پاشــەكشێی پــڕ لە مەترسی

سینەمای كوردی لـە ساڵی رابردوودا :گەڕانەوە بۆ ناوەو پاشــەكشێی پــڕ لە مەترسی
هونەری سینەما لە كوردستان رووداوێكی كولتووری سەرسوڕهێنەرە، زۆر درەنگ پەیدا بوو، بەڵام بە خێرایی لە فیستیڤاڵە جیهانیەكاندا بڵاوبۆوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆر كەس بڕوا نەكەن وەكو راستییەك، زۆرن ئەوانەی بڕوا بە ئاستی سینەمای كوردی ناكەن، بە هەڵدانەوەی لاپەڕەكان، چەندین كەسایەتیی هونەری و خاوەن بڕیار و نزیك لە بڕیار و راوێژكار بۆ بڕیار، دەبینین دانیان بەم داهێنانە نوێیەدا نەناوە، بێگومان هەر یەك لەو كەسایەتییانەش جۆرە پاساوێكیان هەیە. بەدیدی من هەر ئەو تێڕوانینانە بوون، لەم دوو سێ ساڵەی رابردوودا جۆرە فشارێكیان خستە سەر سینەمای كوردی. ئەوەی پێشبینی دەكرا بۆ ساڵی رابردوو بەسەر ئەم هونەرە نوێیەدا بێت، رێك وا دەرچوو كە دەخوازرا .
سینەمای كوردی وەكو كۆرپەیەك، بەبێ رابردوو لە قۆناغێكی زۆر گرنگ لە دایك بوو، ئەم كۆرپەیە توانی خۆی بگەیەنێتە فیستیڤاڵە جیهانییەكان و هونەری كوردی و ئازارەكانی گەلەكەی بە بینەرانی ئەو وڵاتانە ئاشنا بكات، نەك ئازاری قاچاغچیەكانی سەر سنوور، وەكو هەندێك سینەمای كوردی بەم شێوازە ناوزەد دەكەن . بێگومان سینەما لە كوردستان، چەشنی بوارە كولتووریەكانی دیكە بە پاڵپشتی حكومەت بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە هەر لە سەرەتاوە تاوەكو ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، بێ پلان و بەرنامەی ستراتیژی كارەكە بەڕێوە دەچێت. سینەما جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هونەرەكانی دیكە، بەڵكو دەتوانین بڵێین: سەخترین هونەرە كە لەسەر سێ كۆڵەگە، هونەرـ پیشەسازی ـ بازرگانی دادەمەزرێ. ئەوی تێبینی دەكرێ وەزارەتی پەیوەندار لەگەڵ ئەو بڵاوبوونەوە خێرایە، بایەخێكی ئەوهای بەم سێ كۆڵەگە بنەڕەتییەی هونەری سینەما نەدا. بەداخەوە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تاوەكو راپەڕین حكومەتەكان بە هیچ شێویەك بایەخیان بە بەرهەم هێنانی هونەری سینەما نەدەدا لە كوردستان . لە رووی بازرگانییەوە، بواریان بە كەرتی تایبەت دەدا هۆڵی سینەما دروست بكەن، بێگومان ئەمەشیان بۆ ئامانجی تایبەتی خۆیان بوو، یەكەمیان بۆ بەگەڕخستنی بازاڕی سینەمای عەرەبی بوو، دووەمیشیان بۆ ئاراستەكردنی جەماوەر بوو، لەگەڵ ئەم دوو ئامانجەشدا كەلێنێك بۆنمایشی فیلمی جیهانی كرابۆوە. لەم كێشە كلتووریەدا، بینەری كورد لە سینەما دابڕاو نەبووە، بەڵام هونەرمەندی كورد بێ بەش بوو لە بەرهەم هێنانی فیلم. ئەم سیاسەتە كلتووریەش لەگەڵ جەنگی عێراق - ئێران و داگیركردنی دەوڵەتی كوێت بەتەواوی رووی لە كزی كرد، بەهۆی ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر عێراق و دوو جاریش لەسەر كوردستان، دەرگای سینەماكان بەتەواوی داخران و زۆربەی هۆڵەكان بەتەواوی رووخێنران. لە دوای راپەڕین، بەرهەمهێنانی فیلم بە سیستەمی ڤیدیۆ و نمایشی ناسراو بە سكرین لە كوردستان پەیدا بوو چەندین فیلم دروستكران لەوانە : مەرگی ئەرخەوانی، خولە پیزە، گردی پیرۆز و چەندین فیلمی بازرگانی. هەرچەندە كوالێتی ئەو فیلمە سكرینیانە زۆر نزم بوون، بەڵام ئومێدێكی مەزنی بەخشییە هونەرمەندان و بینەران. بێگومان دامەزراندنی فەرمانگەكانی سینەما وەكو قەوارەیەكی هونەری و كارگێڕی سەربەخۆ دەستكەوتێكی مەزنی هونەری بوو بۆ هەمووان، بەڵام بەداخەوە وەكو ئەوەی چاوەڕوان دەكرا ئاوها نەبوو، كێشەكانی لە بری ئەوەی كەم بكرێنەوە و پێداویستیەكان زیاد بكرێن، چەندین كۆسپ و تەگەری نوێ هاتەبەردەم بەرهەم هێنانی سینەمایی. وەكو راستییەكی مێژوویی هونەرمەندی كورد توانی زۆر بەخێرایی پێشی سینەمای عەرەبی عێراقی بكەوێت و قەرەبووی ئەو زوڵمە بكاتەوە كە لەنەوەی پێشی خۆی كرابوو. فیلمەكانی: پەڕینەوە لە غوبار، شوێنێك بۆ یاری، هەرمان، ماندوو، سرتە لەگەڵ با، كیلۆمەتر زیڕۆ، گەڕەكی داهۆڵەكان گەشتیان بە زۆربەی فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا كرد، زۆربەیان چەندین خەڵاتی گرنگیان بەدەست هێنا.
بەدیدی من فیلمی كوردی ئەمڕۆ تەنیا لە فیستیڤاڵە جیهانییەكان بچێتە بەشی پێشبڕكێی سەرەكییەوە، سەركەوتنێكی مەزنە بۆ كولتووری كوردی، بۆیە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری زۆر بایەخ بەم لایەنە بدات. بەداخەوە لەو سێ ساڵەی رابردوودا هونەری سینەما لە بری ئەوەی پاداشت بكرێت، كەوتە ژێر فشار و پەراوێزخستن لەوانە: سنوورداركردن و كەمكردنەوەی بودجەی فیلمەكان، بایەخ نەدان بە بەشدارانی فیستیڤاڵەكان، بایەخ نەدان بە تەكنیكی نوێ، بابەخ نەدان بە نۆژەنكردنەوە یان بنیاتنانی هۆڵی سینەمای نوێ، هەموو ئەو هۆكارنە بوونە هۆی ئەوەی سینەمای كوردی لە ساڵی رابردوو بگەڕێتەوە ناوەوە و دووچاری پاشەكشێیەكی پڕ لە مەترسی ببێت. لە ساڵی 2012، بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر سێ فیلمی تەواو كرد: فیلمی (كاوار) سیناریۆی، بیلال شاكر و پەرویز مستەفا و وشیار زێڕۆ، دەرهێنانی وشیار زێڕۆ، فیلمی (سێگۆشەی مەرگ) سیناریۆ و دەرهێنانی عەدنان عوسمان هەر یەكەیان لە سێ فیستیڤاڵ بەشداریان كرد و هەرهەموویان بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە. حەسەن عەلیش بە فیلمی (شیرین) گەڕایەوە ناوەوەی كوردستان، دەیان هەزار بینەری لە سلێمانی و هەولێر و كەلار راكێشایەوە ناو هۆڵی سینەما. بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای سلێمانی فیلمی (دە چركە) سیناریۆی ئاكۆ عەزیز و ئازاد باستان و دەرهێنانی ئاكۆ عەزیزی بەرهەم هێناو نمایش كرد. بێگومان فیستیڤاڵەكانی ناوخۆ لەبەر ئەوەی پێوەری جیهانیان نییە، ناكرێ فیلمەكانی ناوەوە بە پێوەری خەڵاتەكانی تەماشا بكەین. ئەوەی گرنگە، سینەمای كوردی پێویستە لە دوو ئاستدا بوونی خۆی بسەلمێنێت:
ئاستی یەكەم: پێوەری جەماوەرییە، ئاستی دووەمیش: پێوەری بەشداریكردن و بەدەست هێنانی خەڵاتە لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا، ساڵی 2012 بەداخەوە هەر هەموویان بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە. بەدەست هێنانی خەڵاتی كورتە فیلم هەرگیز نابێتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی سینەمای نەتەوەیەك یان ئاستی هونەرمەندێك، بەڵام ئەمەش دڵخۆشكەرە ئەگەر هونەرمەندێك بتوانێت بگاتە ئەو فیستیڤاڵانە، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەری جیهانییان هەیە، وەكو كان و ڤینیسیا و قاهیرە . لەسەر ئاستی جەماوەریش، خۆشبەختانە ئەم ساڵ دەرهێنەر حەسەن عەلی توانی یەكێك لەم دوو ئاستە بپێكێت . لەسەر ئاستی بەشداری لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا سینەمای كوردی وەكو پێویست نەبوو، گەڕانەوەی هونەرمەندان بە دەستی بەتاڵ جەختكردنەوەیەكی دیكەیە لەسەر ئەم پاشەكشێ پڕ لە مەترسییەی سینەما. گومانی ناوێت، ئەگەر كاری سینەما لە كوردستان بەم شێوەیە بڕوات رەنگە كۆرپەكەمان گەشە نەكات. لەبەر ئەم هۆكارە پڕ لە مەترسییە پێویستە بەرپرسانی ئەم هونەرە بزانن ساڵی دوو هەزار و سێزدە، بە هۆكاری پاشەكشێی ساڵی رابردوو، بەوەی كە لەسەرەتای ئەم وەرزە هەستی پێ دەكەین، رەنگە ببێتە بەدترین ساڵی بەرهەم هێنانی سینەمای كوردی.
Top