مه‌ریه‌م پیربه‌ندی: ئه‌گه‌ر یه‌كسانی نه‌بێت كاری سینه‌ماش بۆ ئافره‌ت ئاسان نییه‌

مه‌ریه‌م پیربه‌ندی: ئه‌گه‌ر یه‌كسانی نه‌بێت كاری سینه‌ماش بۆ ئافره‌ت ئاسان نییه‌
یه‌كێكه‌ له‌ ئافره‌ته‌ سینه‌ماكاره‌ ئێرانییه‌كان كه‌ له‌ فیلمه‌كانیدا هه‌میشه‌ كێشه‌كانی ئافره‌تان بابه‌تی سه‌ره‌كی بووه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ و توانیویه‌تی زۆر به‌باشی گوزارشت له‌ كێشه‌ و مافه‌كانی ئافره‌تی رۆژهه‌ڵاتی بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خوێندنی له‌ بواری سینه‌مایە هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسه‌ له‌ زانسته‌ ئابوورییه‌كان، به‌ڵام به‌هۆیی حه‌ز و عه‌شقی بۆسینه‌ما مه‌ریه‌م پیربه‌ند به‌شداری كرد له‌ خولێكی سێ ساڵه‌ی یه‌كێتی ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌نجه‌كانی ئێران و توانی به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕوانامه‌ی سینه‌ما به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سینه‌ماكاره گه‌نجه‌كانی ئێرانه‌، له‌ ساڵی 2012 به‌شداری له‌ یه‌كه‌م فیستیڤاڵی سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی دهۆك و سێیه‌م فیستیڤاڵی نه‌هێشتنی توندوتیژی هه‌ولێردا كرد، له‌ سه‌روبه‌ندی سێیه‌م فیستیڤاڵی توندوتیژی دژ به‌ مێینه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵیدا ساز كرد.



• له‌ ماوه‌ی كاركردنتدا له‌ بواری سینه‌ما، چ زانیاری و ئاشنایه‌تییه‌كت ده‌رباره‌ی سینه‌مای كوردی هه‌یه‌؟
ـــ ئاشنایه‌تی من له‌گه‌ڵ سینه‌مای كوردی بۆ ئه‌و‌ فیستیڤاڵانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌شداریم تێیدا كردووه‌، هه‌ر له‌ رێگای ئه‌و فیستیڤاڵانه‌وه‌ چه‌ند سینه‌ماكارێكی كوردی به‌ توانام ناسیوه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی تا راده‌یه‌ك شاره‌زاییم هه‌بێت له‌سه‌ر فیلم و سینه‌مای كوردی و فیستیڤاڵی دهۆكیش ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی منی له‌گه‌ڵ سینه‌ماكارانی كورد وای كرد زیاتر ئاشنا بم و زانیاری زیاتریشم ده‌ستكه‌وێت، چونكه‌ هه‌ر له‌و فیستیڤاڵه‌دا بوو ژماره‌یه‌كی زۆر فیلمی كوردیم بینی.
• له بواری سینه‌ما له‌گه‌ڵ كێ له‌ سینه‌ماكاره‌ كورده‌كان كارت كردووه‌ و كاری كامیانت زیاتر به‌ دڵه‌؟
ـــ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو كار له‌گه‌ڵ هیچ سینه‌ماكارێكی كورد راسته‌وخۆ كارم نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ناتوانم بڵێم كامیان ئاستی له‌ئه‌وانی دیكه‌ به‌رزتره‌، یان كاری یه‌كیان خراپه‌، به‌ڵام ده‌توانم له‌ به‌شه‌كان ده‌ستنیشانی باش و خراپه‌كان بكه‌م. بۆ نموونه‌ ده‌توانم بڵێم یه‌كیان له‌ به‌شی سیناریۆ زۆر باشه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ نه‌ره‌خساوه‌ له‌گه‌ڵ سینه‌ماكارانی كورد كار بكه‌م و هیوادارم له‌ دواڕۆژدا بتوانین هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین.
• ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ سینه‌ماكاره‌ جیهانی و ئێرانییه‌كان به‌ كامیان سه‌رسامی و كاریگه‌ری زیاتری به‌سه‌ر كاره‌كانته‌وه‌ هه‌بووه‌ ؟
ـــ پێموایه‌ ئه‌مه‌ پرسیارێكی زۆر سه‌خته‌ به‌تایبه‌تی بۆ من و ناتوانم بڵێم كامیان باشه‌ یان خراپه‌، چونكه‌ نیگا و دیده‌كان جیاوازن ئه‌گه‌ر كاره‌كانیان به‌ گشتی به‌راورد بكه‌ین ره‌نگه‌ له‌ كۆتاییدا بگه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ كاره‌ باش و خراپه‌كان جیا بكه‌ینه‌وه‌، من ده‌ڵێم له‌ به‌شی سیناریۆدا كاره‌كانی كامپۆزیای په‌رزه‌وی زۆر جوانن، چونكه‌ له‌ به‌شه‌دا دیدێكی جوان و جیاوازی هه‌یه‌ و له‌ كاره‌كانیدا ئه‌مه‌ به‌ روونی هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی كه‌ سینه‌ماكارێكی ئێرانییه‌ ئه‌ویش دیدێكی جوانی هه‌یه‌ بۆ رووداوه‌كانی فیلمه‌كان و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتوو به‌ بینه‌ری ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها كاره‌كانی عه‌باسی كیارۆسته‌می له‌لای منه‌وه‌ زۆر جوان و سه‌ركه‌وتوون، هه‌رچه‌نده‌ سینه‌ماش زمانێكی جیهانییه‌ و زۆر شتی هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌ سینه‌مای هه‌موو نه‌ته‌وه‌كاندا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌باسی كیارۆسته‌می له‌ نه‌ته‌وه‌ی من نییه‌ بۆیه‌ ناتوانم وه‌ك ده‌رهێنه‌ره‌ ئێرانییه‌كانی تر زیاتر رووبچمه‌ نێو كاره‌كانییه‌وه‌ وه‌ك سینه‌ماكاره‌ ئێرانییه‌كان.
• ئایا سینه‌ما ده‌توانێت په‌یامێك بێت بۆ گه‌یاندنی واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌كان وه‌كو كێشه‌كانی بێكاری و یه‌كسانی و توندوتیژی؟
ـــ وه‌ك ئافره‌ت من به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمی ده‌زانم كێشه‌ و گرفته‌كانی خۆم نیشانی خه‌ڵك بده‌م، بۆیه‌ هه‌وڵمداوه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ناخی مندایه‌ و كێشه‌ی به‌رده‌وامی ئافره‌تانی رۆژهه‌ڵاته‌ به‌ زمانی سینه‌ما روونی بكه‌مه‌وه‌ و هێڵه‌ گشتییه‌كانی چاره‌سه‌ر كردنیشی بۆ دابنێم، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت له‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ هێشتا ئافره‌ت به‌ كێشه‌ داده‌نرێت و له‌ زۆر لایه‌نه‌كانی ژیانی ته‌نانه‌ت به‌چاوێكی یه‌كسانیش سه‌یری ناكرێت، ئه‌م هه‌وڵ و كارانه‌ی من و چه‌ندانی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی من دیسان رووبه‌رووی ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كسانی هه‌بێت له‌نێوان من و پیاودا پێویست به‌وه‌ ناكات من له‌ كارێكی سینه‌ماییدا كێشه‌ی یه‌كسانی نێوان پیاو و ئافره‌ت باس بكه‌م، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ یه‌كسانی نه‌بێت بێگومان باس كردنی ئه‌و نایه‌كسانییه‌ش دیسان ده‌بێته‌ مایه‌ی گرفت و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌ممدا، ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌رێكی پیاو باس له‌ نه‌بوونی یه‌كسانی بكا ره‌نگه‌ تا رادده‌یه‌ك كاره‌كه‌ی ئاسانتر بێت، به‌ڵام ئه‌ویش له‌ دیدگای خۆیه‌وه‌ باس ده‌كات كه‌ بێگومان جیاوازه‌ له‌ دیدگای من یان هه‌ر ئافره‌تێكی دیكه‌.
• له‌و فیلمه‌ كوردیانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك و له‌ ئێرانیش بینیوته‌ چ شتێك زیاتر سه‌رنجی راكێشاوی ؟
ـــ كوردستان پڕاوپڕه‌ له‌ دراما و تراژیدیا له‌وانه‌ كێشه‌ی یه‌كسانی جه‌نده‌ری، ئه‌گه‌ربێتو ئه‌م كێشانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جوان له‌ سینه‌مادا ته‌وزیف بكرێت به‌تایبه‌تی له‌ به‌شی نووسینی سیناریۆوه‌، من دڵنیام كاری زۆر جوان و ئاست به‌رز به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر پێویسته‌ لێره‌دا له‌به‌ر چاو بگیرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ دیدگایه‌كی سینه‌مایی كراوه‌تر بروانرێته‌ ئه‌و كارانه‌ و سوودی باش له‌و تراژیدیانه‌ وه‌ربگیرێت و راوێژ به‌ سینه‌ماكارانی نه‌ته‌وه‌كانی تریش بكرێت به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌ له‌ كورده‌وه‌ نزیكن.
• ئه‌ی كه‌موكوڕیه‌كانی سینه‌مای كوردی چین كه‌ هه‌ستت پێكردووه‌؟
ـــ ئه‌وه‌ی كه‌ من هه‌ستم پێكردووه‌ كه‌سانی زۆر سه‌ركه‌وتوو له‌ سینه‌مای كوردیدا هه‌ن كه‌ توانا و حه‌زی كاركردنیان هه‌یه‌ و ده‌توانم به‌شی مۆنتاژی فیلمه‌ كوردییه‌كان وه‌كو به‌ڵگه‌ی سه‌ركه‌وتن و نموونه‌ بۆ قسه‌كانم بهێنمه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ سینه‌ماكاران له‌ كوردستان ئازادییه‌كی زۆریان هه‌یه‌ و ده‌توانن ده‌ست به‌رن بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ پێیانوابێت پێویستی به‌پێچه‌وانه‌ی ئێمه‌ كه‌ ده‌ستمان له‌ زۆر شتدا به‌ستراوه‌ و سنوورداره‌ ته‌نانه‌ت ناتوانین هه‌ر باسیشیان بكه‌ین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك هێزو و توانای زیاتر به‌كار بهێنن له‌و كار و كێشانه‌ی كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا هه‌ن ده‌توانن باشترین كار ئه‌نجام بده‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر له‌لایه‌نێكیش گرفت و كه‌موكوڕی هه‌بێت ئه‌وا به‌ خوێندن و خۆ په‌روه‌رده‌ كردن و فێربوون له‌ ئه‌زموونی سینه‌مای وڵاتان به‌سه‌ر ئه‌م كه‌موكوڕیانه‌شدا زاڵ بین.
• له‌و رووه‌وه‌ چۆن بتوانین سوود له‌ ئه‌زموونی ئێران وه‌ربگرین؟
ـــ ده‌توانن كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆر له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی سینه‌ما بهێننە كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ بڵێنه‌وه‌، به‌ڵام وا باشتره‌ وانه‌كان به‌شێوه‌ی وۆرك شۆپ بێتن بێگومان هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ سه‌ره‌تای بونیادنانی سینه‌مای خۆی بێت پێویستی به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی وڵاتانی دیكه‌ ده‌بێت كه‌ چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ پێشه‌وه‌ی بن.






Top