هۆزان ئالین: ده‌نگی خۆش و میتۆدی گوتن و هه‌سـتی هونه‌ری مەرجی سەركەوتنی هونەرمەندن
* پێتوانییه ده‌ركه‌وتنت له گۆڕه‌پانی هونه‌ریدا دره‌نگ بوو؟
- ئه‌م پرسیاره بۆ منیش زۆر سه‌رنجڕاكێشه، وه‌ك من پێشتریش له چه‌ند دیمانه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و رادیۆیی و رۆژنامه‌وانیشدا باسم كردووه، له ته‌مه‌نی 8 ساڵیدا ده‌ستم به كاری هونه‌ری كردووه و له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌شداریم له ئاهه‌نگه گه‌وره‌كاندا كردووه وه‌ك جه‌ژنه‌كانی نه‌ورۆز، راسته من له دوای ساڵی 2007 به‌ته‌واوی ده‌ستم پێكرد و كلیپه‌كانی خۆم له كه‌ناڵه كوردییه‌كان بڵاو ده‌كه‌مه‌وه و به‌رده‌وامیش ده‌بم.
*چ ته‌مه‌نێك زۆر باشه بۆ ده‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند؟
- ناتوانم ئه‌مه دیار بكه‌م، چونكه هونه‌ر و به‌رهه‌می هونه‌ری به ته‌مه‌نه‌وه سنووردار ناكرێت، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند به‌شێوه‌یه‌كی جوان و درووست ده‌ست به كاری هونه‌ری بكات.
* به‌رهه‌مه نوێیه‌كه‌ت ئێستا له چ قۆناغێكه؟
- ئێستا دوو كلیپی جوانم به زمانی كوردی و ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی ئاماده كردووه و له به‌هاری ئه‌م ساڵدا له كوردستان وێنه‌یان ده‌گرم، هه‌روه‌ها بڕیارە سێیه‌م سیدی خۆم له ساڵی 2012دا بڵاوبكه‌مه‌وه، به‌ڵام مخابن له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی تایبه‌تی و خێزانی و گرفتی ته‌كنیكی بڵاوكردنه‌وه‌ی سیدییه‌كه‌م دواكه‌وت، په‌نا به خوا له كۆتایی ساڵی 2013دا كاره‌كانی ته‌واو ده‌بێت و به چه‌ند سوپرایزێكی تایبه‌ته‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه.
* وه‌ك ئافره‌تێك چ مه‌رجێك داده‌نێیت بۆ سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند به‌تایبه‌تی ئافره‌تان؟
-وه‌ك رای تایبه‌تی خۆم ده‌ڵێم، مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند بریتین له: ده‌نگی خۆش، میتۆدی گۆرانی گوتن،هه‌ستی هونه‌ری،هه‌ست كردنی هونه‌رمه‌ند به رووداوه‌كان، چۆنیيه‌تی گوتنی گۆرانی به‌تایبه‌تی به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ، تێكستی ره‌سه‌ن، بوونی بناغه‌یه‌كی ئه‌كادیمی، ئیمكانیاتی ماددی و میدیاكان .
* ئایا لایەنی ماددی كاریگەریی نییە؟
- نه‌خێر، چونكه به‌ر له هه‌موو شتێك بارودۆخی ماددیم زۆر باشه و تا ئێستا لایه‌نی ماددی بۆ من نه‌بۆته گرفت، هه‌روه‌ها من خۆم سپۆنسه‌ری كاره‌كانم ده‌كه‌م، جگه له‌مه تائێستا هاوكاری چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكیشم كردووه.
* تا ئێستا گۆرانی چه‌ند هونه‌رمه‌ندت نوێ كردۆته‌وه؟
- تا ئێستا ئه‌و گۆرانییه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاكێشابم، گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر محه‌مه‌د شێخۆیه، هه‌روه‌ها چه‌ند گۆرانییه‌كی دیكه‌شم نوێ كردۆته‌وه و له سیدی داهاتووشمدا سێ گۆرانی تێدایه و ده‌یكه‌م به سوپرایز.
* دایكت بۆ تۆ چه‌ند گرنگ بوو؟
- بۆ من له‌دوای وڵات ،دایك ژین و ژیانه، دایكم نه‌ك ته‌نیا دایك بوو، به‌ڵكو یاوه‌ر و هاوبه‌شی خه‌مه‌كانم بوو، جگه له‌وه زۆر هاوكاری من بوو و زۆر هانی ده‌دام و حه‌زی ده‌كرد له بواری هونه‌ریدا به‌رده‌وام بم و كار كردن بۆ ئازادی گه‌لی كورد و رزگار بوونی ئافره‌تی كورد، سه‌د مخابن من زوو ئه‌وم له ده‌ستدا ئه‌مه‌ش منی له ناخه‌وه هه‌ژاند و به ته‌نیا جێیهێشتم، بۆیه خه‌می ئه‌و هه‌میشه له دڵمدایه.
* هیچ گۆرانییه‌كت به زاراوه‌ی سۆرانی گوتووه؟
له سیدی داهاتوومدا سێ گۆرانیم به شێوه‌زاری سۆرانی گوتووه.
*كلیپه‌كانت له ئاستێكی به‌رزدان، ئه‌مه بۆ خۆت یان بۆ ده‌رهێنه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
- پێموایه سه‌ركه‌وتنی هه‌ر كلیپێك بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وانیش:
-كه‌سایه‌تيی خودی هونه‌رمه‌ند.
-بێگومان ڕۆڵی ده‌رهێنه‌ر به رێكوپێكی ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه و ده‌رهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ند له كلیپ تەواوكەری یەكدین.
* پێتوایه میدیای كوردی توانیویه‌تی خزمه‌ت به هونه‌ری كوردی بكات؟
- راگه‌یاندنی كوردی هه‌رچۆنێك بێت تا ئێستا خزمه‌تێكی زۆری هونه‌ری كوردی كردووه، به‌ڵام هیوادارم كه راگه‌یاندنی كورد ئه‌رك و ماندووبوون وپیشه‌یی كاری هونه‌رمه‌ند له بیر نه‌كه‌ن و واسته و پێوه‌ندی كه‌سی و مه‌حسوبیه‌ت سنوورێكی بۆ دابنرێن بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوویی و ئه‌كادیمی خزمه‌تی هونه‌ری ره‌سه‌ن و دۆزی كوردی بكه‌ن.
*بیرت له‌وه نه‌كردۆته‌وه شیعری كلاسیك بكه‌یت به گۆرانی؟
- بێگۆمان چه‌ند تێكستێكی كلاسیكم كردۆته گۆرانی و له سیدی داهاتوومدا چاوه‌ڕێی سوپرایزێك بكه‌ن له‌م باره‌یه‌وه.
*پاشه‌ڕۆژی هونه‌ری كوردی چۆن ده‌بینیت؟
- پێموایه پاشه‌ڕۆژی هونه‌ری كوردی به‌مشێوه‌یه ده‌بێت:هونه‌ر زیاتر گوزارشت له ده‌رد و مه‌ینه‌تییه‌كانی میلله‌ت بكات به هه‌ستێكی هونه‌ری، واته پێویسته هونه‌رمه‌ند سه‌د لە سه‌د به زمانی كوردی قسه بكات و به موزیك و كه‌لتوور و په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری و كه‌سایه‌تییه‌كی كوردی په‌روه‌رده كرابێت، هونه‌ر پێویسته له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی ئه‌كادیمی بونیات بنرێت، هونه‌ر ده‌بێت ده‌نگ و فه‌لسه‌فه‌ی ئاوات و شۆڕشی بێت، هه‌روه‌ها به نۆته‌ی ئینسترۆمینتی هونه‌ری كاری خۆی بكات، هه‌روه‌ها گرنگه هونه‌ر به چه‌ند زمانێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك ئه‌ڵمانی، ئینگلیزی، رووسی، فه‌ره‌نسی به دیدێكی كوردییه‌وه خزمه‌تی هونه‌ری كوردی و كاری هونه‌ری خۆی بكات، له كۆتاییشدا پێویسته سوود له هونه‌ری بیانی وه‌ربگرێت.
*كوردانی رۆژئاوا ئێستا له بارودۆخێكی ناله‌باردان، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك چیت كردووه بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی مه‌ینه‌تییه‌كانیان به‌گوێره‌ی توانای خۆت؟
-من وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی كوردی نیشته‌جێی ئه‌ڵمانیا تا ئێستا به دوو شێوه هاوكاری كوردانی رۆژئاوام كردووه، یه‌كه‌میان : هاوكاری ماددی بووه، تا ئێستا من هاوكاری چه‌ند خێزانێكی ئاواره‌ی رۆژئاوام كردووه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئێستاش له رێگای ئه‌نیستیتۆی ده‌زگای ده‌رمانخانه‌كانی ئه‌ڵمانیا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی دا‌و ده‌رمانم بۆ ئاواره‌كان له باشووری كوردستان و له‌كاتێكی نزیكدا ده‌یگه‌یه‌نمه كه‌مپی ئاواره‌كانی رۆژئاوا له شاری دهۆك، دووه‌میشیان: من وه‌ك به‌رپرسی پێوه‌ندییه هونه‌رییه‌كانی ئه‌نیستیتۆی هه‌رمان به چاودێری ئه‌نیستیتۆيەكە ده‌ستم به جووڵه‌یه‌كی دیبلۆماسی كردووه وه‌ك بانگه‌وازێك له ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها یاداشتێكم پێشكه‌ش به نووسینگه‌ی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا ئه‌نگێلا مێركل و نووسینگه‌ی به‌ڕێز جیدۆ ویسترڤیله و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا كردووە، له‌و یاداشته‌دا بارودۆخی كورده‌كان به گشتی و كوردانی سوریا بۆ رای گشتی ئه‌ڵمانی و ئه‌وروپی روونكردۆته‌وه و داوای هاوكاريی ماددی و مه‌عنه‌وی به په‌له‌م لێكردوون.