ئاوازدانەرێكی كورد، خەڵاتی باشترین موزیكوانی جیهانی وەردەگرێت

ئاوازدانەرێكی كورد، خەڵاتی باشترین موزیكوانی جیهانی وەردەگرێت
لەنێوان 50 موزیكوانی جیهانی، هەڵكەوت زاهیر، ئاوازدانەری كورد، خەڵاتی باشترین موزیكوان بۆ ساڵی 2012 وەردەگرێت.
خەڵاتەكە لە توركیا، لەلایەن IRU – ISTANBUL دابەشكرا، لەقۆناغی كۆتایی، ململانێكە لەنێوان 5 ئاوازدانەر بوو، پاشان كۆدەنگی بۆ هەڵكەوت زاهیر بوو كە وەك باشترین ئاوازدانەری ساڵی 2012 هەڵبژێردرا.
هەڵكەوت زاهیر، ئاوازدانەرێكی ناوداری كوردە، رەنگە لەمێژووی كوردا، زۆرترین گفتوگۆ و رای جیاواز لەسەر ئەو كرابێت، بەوەی هەندێك پێیان وایە قوتابخانەیەكی نوێی هونەری كوردە و قۆناغێكی تازەی هێناوەتە ناو بواری موزیك و گۆرانی و هەندێكیش لەسەر ئەوە سوورن كە ستایلی ئاوازەكانی بەلای عەرەبدا دەڕوانێت و بەزەحمەت بە قوتابخانەیەكی هونەری كوردی تەماشابكرێت.
جێی باسە دوایین كاری هونەری هەڵكەوت زاهیر، دانانی ئاوازێكە بۆ (میادە حەناوی) خانمە گۆرانیبێژی بەناوبانگی سووری، گۆرانیەكە بریتییە لە شیعری یەكێك لە شاكارەكانی (محەمەد جەواهیری) كە بەسەر كوردستاندا وتوویەتی. هەر ئەم گۆرانیەش لەلایەن فادی حەداد، دەرهێنەری لوبنانی كلیپی بۆ كراوە.
هەر لەپاشكۆی خەڵاتەكەی توركیا، بڕیاردرا 35 ئاوازی ناوبراو لەسەر ئەركی خۆیان بەچاب بگەیەنن، 10 لەو ئاوازانە بۆ گۆرانی ئایینی ئامادە كراون.
Top