ڤیڤیان موراد: ئەستێرە بوونی ڕاستەقینە بۆ هونەرمەند لە خۆشەویستی جەماوەرەوەیە

ڤیڤیان موراد: ئەستێرە بوونی ڕاستەقینە بۆ هونەرمەند لە خۆشەویستی جەماوەرەوەیە
بەیروت/فابیان عۆن

یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە جەماوەر هەمیشە چاوەڕێی بەرهەمی نوێی لێدەكات، چونكە خاوەن جەماوەرێكی زۆرە بە بەراورد لەگەڵ تەمەنی هونەریی خۆی ، بۆیە لە بەیروت ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا ئەنجامدا.
* به‌ده‌گمه‌ن گۆرانیبیێژ هه‌ن مافی گۆرانییه‌ك بده‌ن كه‌ به‌ شێوه‌زارێكی دیكه‌ بیڵێن، چۆن بوو له‌ گۆرانیی (ایام) ئه‌و هه‌نگاوه‌ت نا و داوات نه‌كرد ده‌نگت له‌سه‌ر به‌شێكی گۆرانییه‌كه‌ش بمێنێت؟
- گۆرانیی (ایام) سه‌ركه‌وتنێكی زۆر باشی له‌ لوبنان و توركیا به‌ده‌ستهێنا بۆیه‌ هونه‌رمه‌ندی توركی سینان ئاكسیل داوای ئاوازی ئه‌م گۆرانییه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زمانی توركی بیڵێت، منیش ئه‌و ئاره‌زووه‌م هێنایه‌ دی بێ ئه‌وه‌ی هیچ مه‌رجێكی تایبه‌تی بۆ دانێم وه‌ك دانانی ده‌نگی خۆم له‌سه‌ر به‌شێكی گۆرانییه‌كه‌ یان شتێكی دیكه‌ی له‌م جۆره‌، له‌ دڵه‌وه‌ هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازم له‌ هه‌موو كاره‌كانیدا و هیوادارم گۆرانییه‌كه‌ ئه‌و‌ سه‌ركه‌وتنه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ توركیا به‌ده‌ست بهێنێت.
* پێت وایه‌ كام له‌ گۆرانییه‌كانت هۆكاری سه‌ركه‌وتن و ناسینی تۆ بوون له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌؟
- هه‌ر گۆرانییه‌كم گوتبێت شوێن و پێگه‌ی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌ له‌ دڵی مندا، به‌ڵام لێتان ناشارمه‌وه‌ گۆرانیی (ایام) كه‌ چواره‌م گۆرانی ئه‌لبوومی (فوق الكلام)ه‌ بۆم بووە مایه‌ی خێر و بووه‌ هۆی سه‌ركه‌وتن و ناسینی زیاترم.
* به‌شێك له‌ كچه‌ گۆرانیبێژه‌كان پێشبڕكێ ده‌كه‌ن به‌ خۆ رووت كردنه‌وه‌ و راكێشانی سه‌رنج بۆ له‌ش و لاری خۆیان له‌سه‌ر حیسابی ناوه‌ڕۆكی گۆرانییه‌كان، تۆ چۆن خۆت گونجاندووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆله‌ی ئێستا له‌ گۆڕه‌پانی هونه‌ریدا هه‌یه؟
- لەم رۆژگاره‌ی ئێستاماندا وێنه‌ زۆر گرنگه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئافره‌تی هونەرمه‌ند ده‌نگی خۆش بێت له‌ هه‌مان كاتدا رووخشاریشی گونجاو و سه‌رسەرنجڕاكێش بێت، به‌ڵام به‌بێ به‌زاندنی هێڵه‌ سووره‌كان و خزان به‌ره‌و ئه‌و ره‌فتارانه‌ی دوورن له‌ ره‌وشت.
* به‌ ڕای تۆ بۆچی ركابه‌رێتی نێوان هونه‌رمه‌ندان له‌ جیاتی په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتن ئیره‌یی پێ بردن و دووبه‌ره‌كی درووستكردووه‌؟
- ئیره‌یی پێ بردن كارێكی سروشتییه‌ و له‌ هه‌موو پیشه‌یه‌كدا هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ بواری هونه‌ری و له‌نێو هونه‌رمه‌نداندا، بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌مه‌ كارێكی سروشتییه‌ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن كچه‌ گۆرانیبێژه‌كاندا هه‌بێت، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌م هه‌سته‌ بۆ ركابه‌رێتی شه‌ریف و پێشخستنی هونه‌ر و هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ و رازی كردنی جه‌ماوه‌ر بێت.
* ئه‌گه‌ر ڤیڤیان گۆرانیبێژ نه‌بوایه‌ چی ده‌بوو؟
- به‌بێ دوو دڵی پیشه‌ی پسپۆری خۆراكم هه‌ڵده‌بژارد.
* گرنگترین ئه‌و شتانه‌ی له‌ ژیانتدا بوونیان هه‌یه‌ ؟
- ئومیدێكی ئیجابی، سه‌قامگیری، ئارام گرتن و حیكمه‌ت له‌ بڕیاردان.
* راشكاوانه‌ پێمان بڵێ دوای ئه‌وه‌ی هاتوویته‌ نێو بواری هونه‌ری چۆنت بینیوه‌؟
- راسته‌ من له‌ نێو بواری هونه‌ریدا ده‌ژیم، به‌ڵام رێگام نه‌داوه‌ شه‌پۆله‌كانی په‌لكێشم بكه‌ن، ئێستاش قاچم له‌سه‌ر زه‌وی به‌ پته‌وی ماونه‌ته‌وه‌، هونه‌ر ئاره‌زوویه‌كه‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ عه‌شقی بووم و به‌ تێپه‌ڕبوونی كات ئه‌و ئاره‌زووه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌، بارودۆخی هونه‌ری به‌ گشتی ئێستا مایه‌ی داخه، چونكه‌ له‌ به‌ها به‌رزه‌كانی داماڵراوه‌، له‌ جیاتی ئه‌و شتی پروپوچ و بێ مانا به‌ ناوی هونه‌ره‌وه‌ پێشكه‌شی خه‌ڵك ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی مایه‌ی گریان و پێكه‌نینه‌ له‌ یه‌ك كاتدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك گۆرانی بڵێت خۆی به‌ هونه‌رمه‌ند ده‌ناسێنێت.
* ترست له‌ پێكهێنانی هاوڕێیه‌تی نییه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان؟
- خۆم له‌ هاوڕێیه‌تی هونه‌رمه‌ندان دوور ناگرم، به‌ڵام به‌دوای ئه‌و هاوڕێیه‌تیه‌شدا ناگه‌ڕێم، چونكه‌ بۆ من گرنگ نییه‌.
* ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ چی بووه‌ كه‌ ئاراسته‌ت كراوه‌ و كاریگه‌ریی به‌سه‌رته‌وه‌ هه‌بووه‌؟
- زۆر قسه‌ی ره‌ق و توندم ئاراسته‌ كراوه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی مندا بووه‌، له‌وانه‌ش پێویسته‌ كه‌ چه‌ند كیلۆیه‌كی كێشم دابه‌زێنم، منیش ئه‌م ئامۆژگاریه‌م به‌ جددی وه‌رگرت و نزیكه‌ی 9 كیلۆگرام كێشی خۆم دابه‌زاند و پێموایه‌ ئێستا زۆر باشترم له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.
* هونه‌رمه‌ند چۆن ده‌بێت به‌ ئه‌ستێره‌ و چۆنیش ئاستی خۆی راده‌گرێت؟
- ئه‌ستێره‌ بوونی راسته‌قینه‌ له‌ خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ری راستگۆ و دڵسۆزه‌وه‌ درووست ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ش ساخته‌ نییه‌ و به‌ پاره‌ ناكڕدرێت، پێموایه‌ سندووقی پلیت فرۆشتن باشترین پێوه‌ره‌ بۆ ئه‌مه‌،به‌رده‌وامیی كاره‌ جوان و ره‌سه‌نه‌كانیش، مانه‌وه‌ له‌ ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات.
* خه‌ون به‌ به‌جیهانی بوونه‌وه‌ نابینیت؟
- به‌ جیهانی بوونی هونه‌رمه‌نده‌ وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش وایه‌، هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك هه‌وڵ ده‌دات بیگاتێ، به‌ڵام له‌نێوان خۆم و خودی خۆمدا پێم باشتره‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوبانگم زیاتر بێت.
* خۆشه‌ویستی و هونه‌ر كامیان زیاتر رۆحی ڤیڤیان تێر ده‌كات؟
- له‌م رۆژگاره‌دا هونه‌ر بووه‌ته‌ درۆ و خۆپه‌رستی، زۆر ده‌گمه‌نه‌ كه‌ خۆشه‌ویستییه‌كی راسته‌قینه‌ی دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی بدۆزینه‌وه‌.
* ئێستا دڵی ڤیڤیان خۆشه‌ویستییه‌كی دیاریكراوی هه‌یه‌؟
-خۆم و جه‌ماوه‌ره‌كه‌م و هه‌ر كه‌سێك منی خۆش بوێت منیش خۆشمده‌وێت.
* ئاهه‌نگه‌كانت له‌ هه‌ولێر چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
- جوانترین و خۆشترین ئاهه‌نگ بوون كه‌ تا ئێستا سازم كردوون، چونكه‌ راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی جه‌ماوه‌ری كورد بوومەتەوە‌ كه‌ تامه‌زرۆی هونه‌ری لوبنانی و هونه‌ر و وشه‌ی ره‌سه‌نه.
* له‌ كوردستان چ شتێك زیاتر سه‌رنجی راكێشایت؟
- سروشته‌ جوانه‌كه‌ی،كه‌ تا رادده‌یه‌ك زۆر له‌ سروشتی لوبنان ده‌چێت، میلله‌ته‌كه‌ی كه‌ مرۆڤدۆسته‌ و تا ئێستاش زۆر په‌یوه‌ستن به‌ دابونه‌ریته‌ جوانه‌كان،له‌ ناخی دڵه‌وه‌ له‌ یه‌زدان داواكارم كه‌ هه‌رێمی كوردستان و گه‌له‌كه‌ی بپارێزێت له‌و پیلانانه‌ی كه‌ دژی ده‌كرێن‌‌
* هیچ هونه‌رمه‌ندی كوردت ناسی؟
- به‌ڵێ ئیبراهیم تاتلیساسم ناسی و زۆر سه‌ربه‌رز و خۆشحاڵیش ده‌بم ئه‌گه‌ر كارێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵدا بكه‌م.



Top