كاوه‌ قادر: هه‌ر ئه‌کته‌رێک به‌شداری کاری دۆبلاژ بکات خزمه‌ت به‌ کاری بیانی ناكات

كاوه‌ قادر: هه‌ر ئه‌کته‌رێک به‌شداری کاری دۆبلاژ بکات خزمه‌ت به‌ کاری بیانی ناكات
هونەرمەند كاوە قادر تا ئێستا بەشداری لە چەندین كاری دراما و فیلمی سینەماییدا كردووە و ڕۆڵی جیاجیای بینیوە وەك ئەكتەر، وەك دەرهێنەریش بەشداریی چەند كاری كردووە، لە دەرفەتێكدا گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد.

* ئه‌و توانا مرۆیی و ماددییه‌ی له‌ دۆبلاژكردنی زنجیره‌ كۆرییه‌كاندا‌ خه‌رج ده‌كرێت باشتر نییه‌ له‌كارێكی كوردیدا خه‌رج بكرێت؟
- ئێمه‌ تاوه‌کو ئێستا له‌ ئه‌زموونی به‌رهه‌مهێنانی درامای کوردیداین، ئه‌م باسه‌ قسه‌ زۆرهه‌ڵ ده‌گرێت ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم جیاوازییه‌کان زۆرن
• بۆچی به‌شێك له‌ ئه‌كته‌ره‌كان به‌ ده‌نگیان به‌شدارن له‌ دۆبلاژكردنی زنجیره‌ بیانییه‌كان، له‌ كاتێكدا زیاتر خزمه‌ت به‌ كلتووری ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ ده‌كه‌ن؟
- منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام . ده‌بێت ئه‌و داهاته‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی درامای کوردی بێت..به‌ڵام کام به‌رهه‌مه‌؟
* كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان چ ڕۆڵێكیان هه‌یه‌ له‌ نمایشكردنی زنجیره‌ دۆبلاژكراوه‌كان؟
- پێم وانییه‌ هه‌ر ئه‌کته‌رێک به‌شداریی کاری دۆبلاژ بکات ئه‌وه‌ خزمه‌تی به‌ کاری بیانی کردووه‌ . کاری دۆبلاژ کاری سووک وسانا نییه‌ .هه‌موو که‌سێکیش ناتوانێت ئه‌و کاره‌ بکات گرنگ به‌شداربوون نییه‌ گرنگ گه‌یاندنی ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌، دۆبلاژ له ‌هه‌موو دنیای ئێستا باوه‌ گه‌ر بڕوانیته‌ که‌ناڵه‌کانی نایل سات تاوه‌کو کارێکی خۆیان دایده‌به‌زێنن به‌ده‌یان کاری دۆبلاژ په‌خش ده‌که‌ن. خۆ ئه‌مه‌ش وابێت ئه‌وانیش خزمه‌ت به‌ بێگانه‌کانی خۆیان ده‌گه‌یەنن. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ناساندنی که‌لتوورێکی جیاواز به‌که‌لتووری خۆیان ده‌ناسێنن به‌ بینه‌ر، من ده‌زانم بینه‌ری کوردیش به‌شداره‌ له‌ بینینی ئه‌و کارانه‌ له‌و که‌ناڵانه‌وه‌،به‌ڵام منیش له‌گه‌ڵ هه‌موو کارێکدا نیم پێشکه‌ش بکرێت.
* تێبینی ده‌كرێت ركابه‌رێتییه‌كی توند هه‌یه‌ له‌ نێوان كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان به‌ ئاسمانی و لۆكاڵییه‌كان له‌سه‌ر په‌خش كردنی زنجیره‌ دۆبلاژكراوه‌كان، ئه‌مه‌یان هۆكاره‌كه‌ی چییه‌؟
- که‌ناڵه‌کان ئازادن چی بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌،دیاره‌ بوونی بۆشاییه‌کی گه‌وره‌یه‌و بۆ پڕکردنه‌وه‌یان پێویستیان به‌و کارانه‌یه‌، له‌ لایه‌کی دیكەشه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌رزانن و ئه‌وه‌نده‌ی تێناچێت.
* باشتر نییه‌ ئه‌و ركابه‌رێتییه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی درامای كوردی بێت؟
- پێشتر ئاماژه‌م به‌ شتێک دا، ره‌نگه‌ لاسایی کردنه‌وه‌ش بێت.
• له‌ كاتێكدا ئێمه‌ خاوه‌ن توانای مرۆیی زۆرین له‌ بواری درامادا چ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر یان ئه‌كته‌ر، وه‌ك ئه‌كته‌رێك هه‌ست به‌چی ده‌كه‌یت كه‌ هه‌ندێك ساڵ هیچ به‌رهه‌مێكی درامی بوونی نییه‌؟
- ده‌رهێنه‌رێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێی وتم: له‌شکرێکی بێشومار له ‌ئه‌کته‌ر هه‌یه‌ لێره‌ هه‌مووشیان به‌ تواناو پر ئه‌زموونن، به‌ڵام له‌ پشتی کامێراوه‌ پێویستیان به‌ تواناکان هه‌یه‌ . سیناریۆنووس که‌من سیناریۆ له‌به‌رده‌ست نین ..پاشان ده‌رهێنه‌ره‌کان به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر سستی چالاکیه‌کان، ده‌مه‌وێ بڵێم من چی دیكە له‌کاری کرچ و کاڵدا به‌شدار نابم.
• راشكاوانه‌ پێمان بڵێ هه‌ست ده‌كه‌یت وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌ یه‌كسانی هاوكاریی سینه‌ما و شانۆ و دراما ده‌كات یان جیاوازی ده‌كات ؟
- پرسیارێکی سه‌یره‌ ده‌بێت پێش وه‌خت جیاکارییه‌ک بکه‌ین،من بۆ خۆم له‌بواری دراماو سینه‌مادا کار ده‌که‌م،بێگومان تێچوونی کاری شانۆیی جیاوازه‌ له‌ تێچوونی کاری سینه‌مایی،بۆ نموونه‌ دروست کردنی کورته‌ فیلمێک وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ تێیده‌ڕوانین به‌و ئاسانیه‌ نییه‌، خۆئاماده‌ کردنی پێش وه‌ختی ده‌وێت ئاماده‌کردنی لۆکه‌یشن و ..کاستین بۆ نواندن و ستافی پشتی کامێراو مۆنتاژ و جۆری کامێراو ده‌نگ هه‌ڵگر و تا دوایی ده‌وێت چۆن بودجه‌ی ئه‌و دووانه‌ وه‌کو یه‌ک و به‌ یه‌کسان به‌راورد ده‌کرێن؟
* دوایین كار و كاری داهاتووت چییه‌؟
- له‌ ساڵی 2012 به‌شداریم کرد له‌ 3 کاری سینه‌مایی 1- کورته‌ فیلمی سپی و ره‌ش له‌ ده‌رهێنانی دانا که‌ریم 2- فیلمێ درێژی سه‌مای ئه‌سپه‌کان وه‌ک نواندن و یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر له‌ ده‌رهێنانی سه‌ردار خه‌لیل 3-فیلمی درێژی گه‌ڕان به‌دوای شوناسدا له‌ ده‌رهێنانی ئاوات عوسمان.
هونه‌رمه‌ند كاوه‌ قادر تا ئێستا به‌شداری له‌ چه‌ندین كاری دراما و فیلمی سینه‌ماییدا كردووه‌ و ڕۆڵی جیاجیای بینیوه‌ وه‌ك ئه‌كته‌ر، وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ریش به‌شداریی چه‌ند كاری كردووه‌، له‌ ده‌رفه‌تێكدا گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكرد.
Top